تــــابڵۆى شار
Wednesday, 08/08/2012, 12:00
شارەكەم زۆر زرینگ و لەپڕ باڵاى كرد و لە رووى كەرش و قژرووتانەوە و دەروونیەوە ئێستا وەكو بەساڵاچوویەكى چاوەرێى مەرگ دێتە بەرچاوى نەوەكانى. ئەو كاتانەى لە فینجانى دڵیەوە فرێك لە تاڵاوى رابردووى خۆى دەدات و دێتە دەنگ و دەڵێت: هەر بە راست، خۆ من هیچم نەدى و عومریشم وا تەواو!
. من بە گوێى خۆم لێم بیستووە، لەبەرخۆی وورتەدەكات و جاروباریش گرژ دەبتەوە و قسە دەكات و هیلاكى بێ دەنگی دەشكێت و دەڵێت: ئەرێ راستە ئێرە زێدى منە؟ نەخێر دەلێى بێگانەمە !
ئاخر بووە شارێك سایە و سێبەرى نەبێت...رێبوارانى بە سنوور و سەربەرزى و شكۆمەندى نەزانن و كانیاوێكى لێ نەبینن ماندوێتی و تێنویەتى پڕحەسەرەتى بینینیان لێ نەشكێنن...
شاربووە حاكمى نەبێت، لەبەر عەدالەتیدا نەوەكانى پەروەردەبكات.
شاربووە بەرگى خۆى داكەنێت و چڵك و تۆزى بێگانەكانى لەبەربكات
بووە شارێك بانگى هەبێت و نوێژخوێنى نەبێت، دەكرێ خۆت بە خاوەن ماڵ بزانیت و زاتى میوانداریكردنت نەبێت؟
زۆر دەپرسێت... من وەڵامی هیچیانم نیە..
دەپرسێت كوا بەرهەمى ووڵات. كوا پیشەسازى و بازرگانى.
كوا دەستوورت..هەتا كو كەى سەرگەردانى
نەوت بۆ كێ بەرێكەوتووە لە رێوبانى
هەتاكو كەى ساوایەتى حوكمڕانى.
دەرگاتان خستۆتە سەرپشت
بێ ئاگایمان گوزەشت
نە رۆژێكە و نە دووان
زارى هەقیقەتتان نەدواند
عەرەب برا و كەستتان بوون
ئێستا بۆ بوونەتە مەلعوون
برایەتى و دژایەتى
بۆ پارە و پول و كورسى
دەكرێتە خەباتى كوردى
لە قسان یاسا سەروەرە
ئارامیمان هەتا سەرە
زمانى گفتوگۆشمان خەنجەرە
بۆ گەرم كردنەوەى رابردووى تاڵ هەردەڵێى سەماوەرە
ئەگەر كارتان وا بڕوا
ئەو قەوانە هەر سوا
ئیتر خۆتان و خودا
پێتان دەڵێین ماڵئاوا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست