خەونی دەستكەوتنی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە
Saturday, 02/11/2013, 12:00
1170 بینراوە
ئەگەر لە هەر تاكێكی خەڵكی دەربەندیخان بپرسیت خەونت چیە لە ژیان دا؟
یەكسەر دەڵێت: ڕۆژێك بێت ئەو ئاوە پیسە پاك بكرێتەوە و ئاوی پاك بخۆینەوە!
سەرەتا ترین ماف كە مافی دابین كردنی ئاوی پاكە بۆ خواردنەوە لای هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە بووە بە خەونی ژیانیان، لەبەر ئەوەی دەناڵێنن بە هۆی پیسی ئاوەكە و نەبوونی سەرچاوەیەكی پاكی ئاوی خواردنەوە! بەهۆی ئەمەشەوە چەندەها نەخۆشی جۆراوجۆر و مەترسی دار كە لە وانە نەخۆشی شێرپەنجە بە ڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە لە نێوان دانیشتوانی شارەكەدا!
گەلانی جیهان ئەگەر پرسیاری خەونەكانیان لێ بكەیت لەوانەیە خەونیان ئەوە بێت سەردانێكی سەر مانگ بكەن یاخود وڵاتەكەیان ببێتە یەكەم لە ڕووی زانست و تەكنەلۆجیاوە یاخود خەونی تاكەكانی هەر وڵاتێك ئەوەبێت كە ببێتە كەسێكی سەركەوتوو و ناودار لە بوارەكەی خۆیدا!
بەڵام بە پێچەوانەی گەلانی جیهانەوە مرۆڤ لای ئێمە خەونی ئەوەیە سەرەتا ترین مافی ژیانی دەست بكەوێت بۆ ئەوەی لە ژیان دا بمێنێتەوە بە سەلامەتی و تووشی بەڵاو نەخۆشی مەترسیدار نەبێت.
دەسەڵاتێك نەتوانێت ئاوی پاك بۆ شارۆچكەیەك دابین بكات كە خۆی خاوەنی دەریاچەیەكە ئیتر دەتوانێت چی بكات؟!
دەسەڵات ئەركی خزمەت كردنی خەڵكی لەسەر شانە و پێویستە هەموو هاونیشتیمانیان بپارێزێت، و لە كاتێك دا زانی ناتوانێت ئەو ئەركە ڕاپەڕێنێت و لە جێگەی ئەو بەرپرسیارانە نەبوو كە لەسەریەتی دەبێت بەرپرسانی ئەو بوارە دەست لەكاربكێشنەوە و بۆ كەسی شیاوی بەجێ بهێڵن نەك هەر بمێننەوە و باكیان نەبێت بە سەلامەتی ژیانی خەڵكی.
زۆر جار دەبیستین لەسەر ڕووداوێك یاخود لەناوچوونی كەسێك لە وڵاتانی دونیا حكومەتێك دەست لە كاردەكێشێتەوە كە دەزانێت بەرپرسە لەو ڕووداوە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە نەك هەر دەست لەكارناكێشنەوە بەڵكو چارەسەری كێشەكانیش ناكەن و هیچ بایەخێك بۆ ژیانی هاوڵاتیان دانانرێت.
كەی بێت ئەو ڕۆژەی تاكی كوردیش هەست بەوە بكات مافەكانی هەمووی دابین كراون و تەنها ئەوەی لەسەرە خەون بە دواڕۆژێكی پڕشنگ دار بۆ خۆی و نەوەكەی ببینێت نەك خەون بە سەرەتا ترین مافەكانیەوە ببینێت؟