کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕوبەڕو بونەوەی دەسڵاتی ناوەندسالاری مالکی بە ڕامیاری ئابوری و فشاری تینوکردن

Monday, 24/02/2014, 12:00






هەرێمی باشوری کوردستان وەکو هەرێمێکی دەوڵەمەندو تەژی بە دەرامەتی سروشتی و مرۆیی ئەگەر خاوەنی ڕامیارییەکی گونجاوو ستراتیژی بێت دەتوانێت ڕوبەڕوی هەمو تەحەدی و قەیرانێکی ئابوری و دارایی ببێتەوە جا ئەگەر ئەو قەیرانانە دروستکراوی ناوەند بن یان وڵاتانی دەوروپشت، بەڵام ئەمەش پێویستی بە ئیدارەیەکی سیستماتیکی نیشتیمانی هەیە کە داوا ڕەواکانی گەلی کوردو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان بخاتە پێش هەمو بەرژەوەندییەکی تەسکی تایبەتی و پارتایەتی .

هەر بۆیە لە ئەگەری درێژەکێشانی قەیرانی نەناردنی موچەدا ، حکومەتی داهاتوی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی چاوگێڕانەوە بە سیاسەتی دارایی و سیاسەتی بازرگانی و سیاسەتی باجەوە داهاتی پێویست بۆ تەمویلی خەرجی بەکارخستن و خەرجی وەبەرهێنانیش مسۆگەر بکات بەمجۆرە:

١/دەوڵەت دەتوانێت لە ڕێگەی ڕامیاری دارای و پەنا بردنە بەر ڕامیاری سک هەڵگوشینەوە (تقشف) بڕێکی زۆر خەرجی ناپێویست کەم بکاتەوەو دەسبگرێت بە داهاتی گشتییەوەو داهاتی بەردەستی سەرۆکایەتییەکان وبۆدجەی پارتە سیاسییەکان و دوکانی حزبی کەم بکاتەوەو هەندێکیشیان ببڕێت.

٢/ داهاتی بەردەستی وەزیرو بەڕێوە بەرە گشتییەکان بۆ ئەندازەیەکی پێویست کەم بکرێتەوە.

٣/ چاو بگێڕرێتەوە بە خەرجی چاککردنەوەو نۆژەنکردنەوەدا، لە ژێر چاودێری لیژنەیەکی ئابوریدا ئەو خەرجیانە ئەنجام بدرێن.

٤/ کەمکردنەوەی خەرجی پۆشتە (تجهیز) کردنەوەی فەرمانگە حکومییەکان و ئابوریانە ڕەفتار کردن لە کاتی کڕینی پێداویستییەکاندا.

٥/ کەمکردنەوەی موچەو دەرماڵەی پلە باڵاکان .

٦/ کەمکردنەوەی خەرجی سەفەرو ئیفادو شاندی دبلۆماسی و فەرمانگەی نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوە .

٧/ کەمکردنەوەی خەرجی دەزگا ئەولەهی و زانیارییەکان بۆ ئاستێکی گونجاو.

٨/ بڕین و کەمکردنەوەی بۆدجەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و وەرزشی و هونەری و کلتوری و خێڵکییەکان .

٩/ چاوگێڕانەوە بەو هەمو دراوانەدا کە وەکو موچە ی خانە نشینی (ئەفسەرو ڕائیدو موقەدەم و عەقیدو عەمیدو لیواو فەریق هتد....) دەدرێن بە هەندێك کەسی نا شایستە کە ڕۆژێك بۆ کورد ماندو نە بون و ناشبن.

١٠/ بڕینی دیوەخانانەو تەکێخانانەو خانەقا خانانە .

١١/ بڕینی بۆدجەی میدیا ی سێبەرو بێکاریگەرو تایبەتەکان.

١٢/ زیادکردنی تێکڕای باجی سەر داهات و سامان و سەپاندنی باجی پێگەو ، باجی پیسکردنی ژینگەو ، باجی قازانجانەو، باجی زەویانەو، باجی میراتانەو ،باجی کڕین و ، باجی بەرهەمانەو، باجی فرۆشتن و تا دوایی......

١٣/ زیاد کردنی تێکڕای سەرپێچیانەو دو هێندە کردنی.

١٤/ لابردنی خەرجی حزبەکان و موچەی کادرو هەڵسوڕاوی حزبی لە بۆدجەی گشتیدا.

١٥/ زیاد کردنی تاریفەی گومرگی .

١٦/ کۆتایی هێنان بە کرداری مەقاسەو گێڕانەوەی هەمو داهاتەکانی ناوخۆ بۆ گەنجینەی ناوەندی و دواتر لە وێوە داهات بە گوێرەی پێویستی و گرنگی و شایستە بون بە سەر چین و توێژو هەرێم و دەستەو وەزارەتەکاندا دابەش بکرێت.

١٧/ بڕینی هەندێك جۆری دەرماڵەی فەرمانبەران وەکو: دەرماڵەی پیشەیی و مەترسی و تا دوایی.

١٨/ کەمکردنەوەی ڕێژەی دامەزراندن و دامەزراندن بە گوێرەی پێویست و بە بەرنامە.

١٩/ڕێگری کردن لە خوێنبەر بونی ئابوری و ڕێگە نەدان بە ڕۆشتنە دەرەوەی دراوی گران (العملە الێعبە) بۆ دەرەوە ، لە ڕێگەی پێگیر بون بە ڕامیاری پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانییەوە.

٢٠/ فرۆشتنی نەوتی خاوو پێکهاتەکانی نەوت بە دەرەوە ، ئەگەر بە بۆریش نەبێت دەتوانرێت لە بازاڕی ڕەشدا ساغ بکرێنەوە.

٢١/ دانانی نرخی ڕاستەقینە لە سەر ئەو زەوی و زارو خانوو دوکان و بازاڕو باڵە خانانەی حکومەت کە هاوڵاتیان بە نرخی ڕەمزی تێیدان.

ئەمانەو دەیان ئیجرائی دیکەش هەن ، حکومەت دەتوانێت بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ڕامیاری ناوەندیخوازی مالکی بیانگرێتە بەرو خەرجی گشتییان پێ تەمویل بکات و نەهێڵێت ژیانی خەڵک و فەرمانبەران بگاتە ئاستی کولە مەرگی ئەگەر بەغداد درێژەیدا بە سیاسەتی برسیکردنی هاوڵاتیان.

وێڕای ئەمە هەولێر دەتوانێت بە دەر لە ڕامیاری دارایی و بازرگانی بۆ ڕوبەڕو بونەوەی بەغداد سیاسەتی تینوکردن و وشک کردنی کشتوکاڵی ناوەڕاست بکات بە کارتی فشار بۆ هاندانی سونەی عێراق لە مالکی لە ڕێگەی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە .



ئابوریناس/ بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە