کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێ راستە : مام جەلال بە سێ زمان قسە دەكات

Friday, 08/03/2013, 12:00



مرۆڤى گەورە بە دەستكەوت و قوربانیەكانیەوە گەورەیە بۆ دەوروبەرى بۆ میللەتى بۆ ئەوانەى خۆشیان ویستووە و خۆشى ویستوون ، ئەبێ ئەمڕۆ لەكۆمەڵگاى كوردستانى باشوورى ئێمەدا پێوەرى خۆشەویستى میللەت بۆ سەركردەیەك چیبێت ؟! ، ئەى ئەبێ ئاستى جەماوەرێتى پارتێك لەناو گەلەكەیدا چۆن هەڵبسەنگێنرێت ؟! ، بێ هیچ گومانێك پێوەرەكانى ئەمجۆرە پرسیارانە لە جیهاندا ستاندارن و زۆرێك جیاوازى نیە ، لەوانە ئاستى پیادەكردنى ئازادییە بنەڕەتیەكانە بەهەموو جۆر و شێوەكانیەوە .. دابینكردنى ساكارترین مافەكانى مرۆڤە .. دەستەبەركردنى شەفافیەتە لەهەموو جۆرە سیاسەتە ئابوورى و نائابووریەكاندا و ...هەتادوایى ، بەڵام هیچ كام لەپێوەرە ستاندارەكان بێ كەمترین گومان لە كۆمەڵگاكەى ئێمەدا بوونى نیە ، پێوەرى جەماوەرێتى پارت و سەركردە لەهەرێمى كوردستانى باشووردا بەترس و تۆقاندن یان بەكڕینى ئەستۆ نەخشەى بۆ ئەكێشرێ ، پرۆسەى دیموكراسى و دەنگدان تێكەڵ بە وەرەقەى بائعى و هەڕەشەى نانبڕاندن و دوورخستنەوە و تەنانەت كوشتن و زیندانیكردن و ئازاردانیش دەكرێت ، ئەوكاتیش پارتە سێبەر قورسەكان لەسەر سنگى میللەت شانازى بە بردنەوە دەكەن لە هەڵبژاردندا و بەزۆرینەى دەنگ بودجەى بەتاڵانبردنى سامانى میللەت لە پەرلەمانى حیزبیدا تێپەڕدەكەن .

لەدوا ژمارەى گۆڤارى لیڤیندا هاتووە كە : مووچە فەرمیەكەى سەرۆكى باندى مافیایى بەجەردەبردنى نەوتى كوردستان (ئاشتى هەورامى) بڕەكەى بە تەواوى دەرماڵەكانیشەوە (حەوت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارى عێراقیە) ، بەڵام ئەم زاتە پرۆفیشناڵە لەبوارى بەتاڵانبردنى سامانى نیشتیمانەكەماندا لە وڵاتى ئەڵمانیا ڤیلایەكى قەشەنگى كڕیووە كە نرخەكەى بەتەواوى دەكاتە بڕى مووچەى (85) ساڵى تەواوى بێ ئەوەى قروشێكى لێ سەرفبكات .... تۆ تەماشابكەن ئەگەر بڕى قازانجى گیرفانى چەپى شاگردێكى كۆیلە و كاسەلێسێكى بەرقاپى سەرە مەزنەكان بەمجۆرە زەبەلاح بێت .. ئەى ئەبێ خــــــودایە قازانجى گیرفانى راستى سەرە مەزنەكانى وێنەى مەسعود و نێچیرڤان و ئال تاڵەبانى و خەلفەكانیان چەندە بێت ؟؟!! .

ئیستا مام جەلال لە كــــــۆمایەكدایە، كەچى بەردەوام كۆیلەكانى سەرانى (یەكێتى تەكەتولاتى نیشتیمانى كوردستان) ، خۆیان و خەڵكى بەوە چەواشە دەكەن كە گــــوایا جەنابى مام جەلال رۆژ دواى رۆژ تەندروستى فەخامەتى بەرەو باش بوون دەڕوات و درۆزانێكى وێنەى (مەلا بەختیار) و (فوئاد مەعسوم) مانگێ لەمەوبەر ئەیانلووران گوایا مام جەلال بە (سێ) زمان تواناى قسەكردنى هەیە.
گـــــوایا ئەم سەرە گەندەڵانە خەڵكى بەدەبەنگ و نەفام دەزانن وابەمجۆرە خورافات بڵاودەكەنەوە و چاوەڕێشن ئەم حەشامە باوەڕیان پێبكات ، جارێ بەدڵنیاییەوە ئەوەى لاى خەڵكى گرنگ نەبێت ژیان یان مردنى جەلال تاڵەبانیە، چونكى لەدیدەى ئەو ستەمدیدانەوە جەلال تاڵەبانى زۆر لەمێژە مردووە، جەلال تاڵەبانى ئەو رۆژە گیانى سپارد كە بۆ بەرژەوەندى شەخسى خۆى و باندەكەى نەك بەتەنها یەكێتى فرۆشت بەڵكە تەواوى میللەتیشى فرۆشت، ئەو كاتێ دڵى لە لێدانكەوت كە پشتى كردە جەماوەر و روویكردە پەیمانى ستراتیژى بەرژەوەندى بنەماڵە لەتەك مەسعود، ئەو كاتێ بووە جەستەیەكى بێ رۆح و بێ گیان كاتێ بۆ پۆستێكى تەشریفاتى بێ دەسەڵاتى بەغدادى عروبە .. گۆڕەپانى كوردستانى بۆ بنەماڵەى بارزانى جێهێشت بێ ئەوەى سنوورێكى سوور بۆ بەهێزبوونى دەسەڵاتیان بكێشێت .
ئیستا هیرۆى برایم ئەحمەد وائەزانێ ئەم گەلە خێرنەدیووە هیچ كارێكى نیە لە بیستنى هەواڵى باشى و سەلامەتى مێردەكەى زیاتر، بۆیە هەرجارە و كەللە شەكرێكى تاڵ ئەشكێنێت، ئەوەى هیرۆ و سەرانى یەكێتى خەونى پێوەئەبینن وەهمە و بگرە سنوورى وەهمیشى تێپەڕاندووە ، یەكێتى ئیستا وەك جەلال تاڵەبانى لەكـــۆمادایە و مردووە ، ئەوەشى نوزە ترپەیەكى لەجەستەتیدا هێشتۆتەوە پارە رەشەكانى ئیدارى گشتى و دەسەڵاتى ناشەرعى ئەم حكومەتە گەندەڵەیە، ئەى ئەوەنیە وەك رۆژنامەكان بڵاویانكردووە هەر چەند رۆژێك لەمەوبەر مەلا بەختیار لە دەڤەرى خانەقین بەسەدان دەمانچە و بەهەزاران زەرفە دۆلارى بەسەر ئەم و ئەودا بەخشیەوە بۆ كڕینى ئەستۆ بێنرخەكان، ئەوەى نیشانەى راستەقینەى ئیفلاسبوونى جەماوەرێتى پارتە دەسەڵاتدارەكانى كوردستانى خۆمانە ، ئەوەتا نێچیرڤان بارزانیش بڕى (35) ملیۆن دۆلارى بۆ كەناڵى (رووداو) لە بودجەى نەوتى فرۆشراوى وڵاتەمان دزیووە ، وەك میدیاكان بڵاویانكردووە و پێشتریش كوردستانپۆست ئاشكرایكردبوو .

كاتێ هونەرمەندێكى وەك (بورهان مەجید) دەڵێ : (ئیستا لە كوردستان دوو دیكتاتۆر هەیە لەبرى یەك دیكتاتۆرى پێش راپەڕین ، ئیستا تەنها شۆڕشى چەكدارى چارەسەرى ئەم بارودۆخە لەنگە دەكات، لە كۆمەڵگایەكدا كە زۆرێك لەرۆشنبیرەكان تەنانەت دكتۆرەكانیش كاسەلێسى دەسەڵاتن و پینەپۆشى هەڵەكانى دەكەن)، ئەوكات نۆكەر و سوودمەند و بێئابرووەكانى سەر بەدەسەڵات ئەڵین ئەمە كوفرە و ئەمە خیانەتە لەراپەڕین ، نه‌خێر ئەوە كوفر و خیانەتە لە راپەڕین و خوێنى شەهیدانى راپەڕین كە نەفرەت لەم دەسەڵاتە گەنە نەكرێت و گەندەڵى و كەموكورتیەكانى فەزح نەكرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە