دۆخە دەرونیە سەیر و سەرسوڕهێنەکان!
Sunday, 24/08/2014, 12:00
مێشک ئەو ئەندامە یە کە سەرکردایەتی و چاودێریی ئیش و کاری هەمو ئەندامەکانی تری خوار خۆی دەکات. لێدانی دڵ، هەناسەدان، بزوتن و هەستکردن (بینین، بیستن...)، ئاخافتن ، قوتدانی خۆراک و شلەمەنی ، هەرسکردنی خۆراک و بەتاڵکردنەوەی میزدان و ڕیخۆڵە... هەموی لە مێشکەوە و بە مێشک دەڕواتبەڕێوە. مێشک لە هەمو ئەندامەکانی تری جەستە زۆرتر ئۆکسجین و خۆراک بەکاردێنێ بۆ بەڕێوەبردنی کارە جۆراجۆرەکانی.بەرامبەر هەمو ئەو ئەرک و فەرمانانەی سەرەوە ئەرکێکی هەرە گرنگی تری مێشك هەست و شعورکردن و بیرکردنەوە و زیرەکیە کە هەر ئەمانەشن مرۆڤیان کردوە بە سەروەر و پاشا بەسەر هەمو زیندەوەورەکانی ترەوە. مێشک نیشتمانی دەرون و ڕۆحیشە کە شاعیری نەمری گەلەکەمان لە شیعری (ناڵەی دەرون) پێی دەڵێت:
چیە ئەی ڕۆحی بێلێوار و بێپەی لە تۆ ناشارەزایی من هەتا کەی؟
ژنێکی ساغ و بێخەوش لە پڕ لەگۆدەکەوێت و ناتوانێت یەک وشە و دەنگ دەربڕێ، دوکتۆری قوڕگ و لوت وگوێ دوای تێڕوانینێکی ورد بە دەسگاکانی پێی دەڵێ : (زمان و زار و ئەوک) ت کە پێکەوە دەنگ دروستدەکەن تەندروست و ئاسایین، هیچت نیە. ژنێکی تری گەنج کوتوپڕ نابینا دەبێت و ناتوانێت بە چاوەکانی هیچ شتێك ببینێ، باشترین دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینێکی ورد بە دەسگاکانی پێی دەڵێ چاوەکانت بێخەوشن وهیچیان نیە. کوڕێکی گەنج لە پڕ و بێ هیچ هۆیەک دەست و پەلی چەپ یا ڕاستی لە بزوتن دەکەوێت و ناتوانێ کاری پێبکات، وێنەی تیشکیی مێشك (تەنوری) کە چین بە چینی مێشک لە سەرەوە تا خوارەوە بە ڕونی و جوانی نیشاندەدات هیچی نائاسایی وەک لو یا کیس یا هەوکردن یا خوێنبەربونی.. تێدا نیە، ئەمیش دوکتۆری مێشك و دەمار پێیدەڵێت هیچت نیە. لە شەوی پەمەیی بوک و زاوا یەک زاوا ی پێشتر پڕ لە حەز و جۆش و خرۆش بۆ دەسگیرانەکەی ئێستا لەم ساتە مێژوییەدا! دەڵێی خۆڵەمێشی ساردوسڕە وهیچی پێناکرێ، ئەمە لە کوردەواریدا پێی دەڵێن (بەستران)، دوکتۆری گورچیلە و میزەڕۆ دوای تێڕوانینی ورد بە دەسگاکانی، پێیدەڵێ هیچی ناسروشتی و نائاساییم نەبینی، هیچت نیە، زاوای داماو ئینجا دەبێتە نێچیر و تۆپی شەقشەقێن و بانکی پارە بۆ جادوگەر و فاڵچی و هەمو ئەوانەی لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلام و شتی تری سەیروسەمەرەی جۆراوجۆردا (زانستی پزیشکیی پێغەمبەران......) خۆیان کردوە بە دوکتۆری بلیمەت کە سەرەتانیش چارەسەردەکەن! لە شەوی بوک و زاوایەکی تردا ئەمجارەیان بوک دەبێتە کێشە و گرێکوێرە و بەهیچ جۆرێ ناهێڵێت زاوا بچێت بەلایدا و بیکاتەوە! دوکتۆری نەخۆشیەکانی ژنانە و منداڵبون دوای تێڕوانینی ورد پێیدەڵێت هیچت نیە. خوێنەری هێژا ئەمەی دەیخوێنیتەوە فلیم نیە و بەرهەمی فەنتازیای ڕۆماننوسێکی ناودارنیە، دەتوانم لەسەر هەمو ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ (پێست، گەدە و ڕیخۆڵە..) نمونەی سەدان نەخۆشتان بۆ بێنمەوە گیریانخواردوە بە دەست کێشە جەستەییەکانیانەوە کە لە ژێری ژێریانەوە و لە پشتی پشتیانەوە شەرم و ترسی جۆرا و جۆر و کێشە و گرێ و گرفتی دەرونی و کۆمەڵایەتیی ڕەنگاوڕەنگ خۆی مەڵاسداوە و خۆی شاردۆتەوە، دوکتۆرەکانی کوردوستان بە دەگمەن دەوێرن بەم جۆرە نەخۆشانە بڵێن بچۆ بۆ لای دوکتۆری دەرونی، چونکە بە سەرسوڕمان یا توڕەییەوە بە دوکتۆرەکە دەڵێن : خۆ شێت نیم! لە ناچاریدا پێیان دەڵێن : هیچت نیە، یا هەر قەلەقت هەیە و ئینشائەڵا چاکدەبیتەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست