ئایا بارزانی لە خولی یەكەم دەیباتەوە؟
Thursday, 23/07/2009, 12:00
سبەی هەڵبژاردنە و دەنگدان ڕەنگڕێژی سیاسەتی كورد نەك بۆ 4 ساڵی داهاتوو بگرە بۆ دوای ئەوەش دەكات.
لە پاڵ هەڵبژاردنی پارلەمان ,هەڵبژاردنێكی گرینگتر كە سەرۆكایەتییە ئەنجامە درێت,پارتی هەمیشە لە هەوڵی بە دەستهێنانی سەرۆكایەتی كوردستاندا بووە, بۆیە ئامادەگی پێشتری هەبوو بۆ ئەم بەشە لە هەڵبژاردنەكان بە پَچەوانەی هەموو لایەنەكان دی بۆیان ڕاچەڵكێنەر بوو و غافڵگیركران,مەسعود بارزانی كوڕی بارزانی یەكەمە پێیان وایە بە میرات ئەم پلە و پایەیان بۆ ماوەتەوە,بۆیە ئەو كورسییە بە موڵكی خۆیان دەزانن.
لای پارتی كورسییەكەی سەرۆك و مسۆگەركردنی و پاراستنی دەسەڵاتەكانی زۆر گرنگترە لە سەرتاپای كورسییەكانی ناو پارلەمان,ئەمەش لەم هەڵبژاردنە مسۆگەركرا.
ئامادە نەبوونی لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی بەهێز بۆ ئەو پۆستە سیادییە كە دەسەڵاتی لە هەموو پارلەمان زیاترە,وایكرد پارتی بە براوەیی لەم هەڵبژاردنە دەربچێتە دەرەوە.
دەبوایە هەموو تەوژمە سیاسییەكان و كەسایەتییە بەهێزەكان نوێنەر یان خۆیان كاندید بكردایە" نەوشیروان مستەفا,مەلا كرێكار,سەلاحەدین بهائەدین,عەلی باپیر, ,عەزیز محەمەد,ڕێبوار ئەحمەد,د.مەحمودعوسمان,ئەیوب بارزانی.....",تەنانەت وەرزشەوانی بە ناوبانگی وەك هاوار,گۆڕانی بێژی دەنگ خۆش,شاعیری وەك عەبدوڵا پەشێو,نووسەری خۆشەویستی وەك شێرزاد حەسەن,تەیمور زیندانییە بەناو بانگەكە,پێشمەرگەی ناسراو,بێژەری بە ناوبانگ,سەرۆكی خێڵی گەورە,دەوڵەمەندی مەزن...... زۆری دی.
لەم قۆناغەدا تەنها بەڕێزان كەماڵ میراودەلی و د.هەڵۆ كەسانێكی ناسراون و خۆیان كاندید كردووە لە پاڵ دوو بەڕێزی دی كە دراوسێكانیشیان نایان ناسن,د.هەڵۆ بە كولتری باوك و هێزی خێزانەكەی,د.كەماڵ نووسین و زمان زانی و خانەوادەكەی ,ئەمانیش هیچ كار و مونجەزاتێكی دیاریكراو و خەتێكی سیاسی ڕۆشن و ئەلتەرناتیفی ڕونیان نییە تا سەرنجی جەماوەری پێ ڕابكێشن,تەواوی جەماوەر و دەنگەكانیان دەنگی ئانتی بارزانییە و هیچی تر,ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن تەنها درووشمە,تەنانەت نەیانتوانی خانمەكانیشیان بهێننە ناو بانگەشەكەوە و وێنەیەكی جیا لە بارزانی نیشان بدەن.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئایا بارزانی لە بەرامبەر ئەم كاندیدە لاوازانە دەتوانێت خولی یەكەمی هەڵبژاردن بیباتەوە؟,ئەگەر نەیبردەوە ئایا دەچێتە خولی دووەمەوە؟.
بارزانی بە ڕێژەیەكی زۆر بیباتەوە لە خولی یەكەم ,ئەوسا بۆ بەرزتر كار دەكات ,ئەو خەون بەوە دەبینێ وەك ڕابەری نەتەوەیی بناسرێت,خەونەكانی تەنها لە سەرۆكایەتی ئەو3 پارێزگایە ڕاناوەستێت.
بە بڕوای من بارزانی بە ڕێژەی بەرز بیباتەوە وەك سەرۆكێكی بەهێز دەربكەوێت,چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت پاش یەك دوو ساڵی داهاتوو,دوای ئەوەی بە هەندێك ڕیفۆرم باری خۆیان چاك دەكەنەوە"پێم وایە د.بەرهەم دەكەنە سەرۆكی حكوومەت",دەرگا بە پارلەمان بگرن و هەڵیبوەشێننەوە,ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و نا دەستەمۆ لە پارلەماندا هەبێت و ڕێگری لە بڕیار و دەسەڵاتیان بكات.
هەرچەندە پێشبینی ئەوە دەكەم دزە بكەنەوە ناو دەنگی بەرامبەرەوە,ئێستا دەنگی هاووڵاتیان دەكڕن,ئەوسا حیزب و دەنگی پارلەمانتاران بە ئامادەیی وەك هێلكەی پاككراو بكڕن و بێدەنگیان بكەن,بە تایبەتیش دەنگدان بە نهێنی و دور لە چاوی حیزب بێت.
لەم هەڵبژاردنە چەندە بارزانی دەنگی زۆر بهێنێتەوە , ئەوەندە دەستكراوەتر دەبێت بۆ:
- خۆناساندن بە رابەری نەتەوەیی" هەرچەندە ئەوە خەونێكە بە دیهاتنی ئەستەمە بۆ بارزانی,تەنانەت بۆ هەر كوردێكی دی,قۆناغی ڕابەر بەسەر چوو".
- هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی نوێ.
- دەستگرتنی زیاتری بنەماڵە بەسەر دەسەڵاتدا,بەڵام ئەگەر دەنگی كەمبهێنێتەوە ئەوا بە سانایی ناتوانێت كوڕ و برازاكەی لە پۆستە سیادییەكان دابنێت,بە ناچاری دەسەڵاتیان دادەبزێت,ئێستا خەریكە قەناعەت بكەن تازە فەرمانڕەوایی بنەماڵە محاڵە لە كوردستان.
بارزانی بەو هەموو ڕیكلامەوە پارتی و ینك و شەخسی تاڵەبانی بۆی كرد "تاڵەبانی ئەو ڕیكلامانەی بۆ هەر كۆمپانیایەك بكردایە,زۆرترین قازانجی دەكرد"نەتوانێت بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز لە خولی یەكەم بیباتەوە,ئەوا سەربەرزانەترە نەچێتە خولی دووەمەوە و جاڕی ئەوە بدەن پارلەمانی داهاتوو دەستوور هەموار بكات و سستەمی پارلەمانی هەڵبژێرن,لە حالەتی وادا ئەوسا كەسێكی نمرەكانی خوارەوە لە ناو پارتی هەڵبژێرن بۆ ئەو پۆستە,چونكە بارزانی بەوهەموو تەكەبورەوە بەو كەمە دەسەڵاتە ڕازی نابێت,تەنانەت سەربەرزانەترە ئیستقالەش بدات و لە سیاسەت بكشێتەوە ,پارتی بۆ مەسرور و نێچیر بە جێ بهێلێت" لە یادمان نەچێت دۆڕانی ئەمجارە جەماوەرییە,بۆیە كاریگەرترە لە هەرەسی 1975 ئەگەر ڕو بدات",چەندە بەرامبەرەكان لاواز بن پێویستە دەنگی بەدەست هاتوو زیاتر بێت,بەرامبەر تاڵەبانی 43%ی هێنایەوە ئاسایی بوو ,ئەو ڕێژەیە بە 10%ی زیاتریشەوە بەرامبەر میراودەلی و هەڵۆ دۆڕانی گەورەیە.
تاڵەبانی و بارزانی زۆر جەنگان,بەڵام كەسیان سەرنەكەوتن,ئێستا لە ترسی تاڵبانەكەی نەوشیروان لە چەشنی ڕەبانی و شاه مەسعود و حكمەتیار مەجبوورن ڕێكەون,تازە چارەنوسیان پێكەوە گرێدراوە.
ئایا پارتەكان و لیستەكانی دیكە دەنگ بە كێ دەدەن؟
لە هەڵبژاردندا لە ڕێگای ڕێژەی دەنگدان بە بارزانی هاوپەیمانییەتی پدك و ینك لە ئاستی جەماوەر ئاشكرا دەبێت.ڕێژەی دەنگهێنانەوەی لیست و كاندیدەكان دەریدەخات كێ دەنگی بە كێ داوە:
- ئەگەر دەنگی بارزانی كەمتر بوو لە دەنگی لیستی 54 ,ئەوا ئاشكرایە ینك ەكان دەنگیان بە بارزانی نەداوە.
- ئەگەر ژمارەی كارتی سپی گۆڕان كەمتر بوو لە ژمارەی دەنگی پارلەمانیان ئەوە دەنگیان بە كاندیدێك لە ژێرەوە داوە,هەموو بانگەشەی سستەمی پارلەمانتاریان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
- دەنگی بارزانی زۆر زیاتر بوو لە 54,ئەوا لیستی چاكسازی لەگەڵ بارزانی ڕێكەوتوونە,ئازادكردنی ئەندامان بۆ دەنگدان بە یەكێك و پێشكەش نەكردنی ئەلتەرناتیف مانای باوەڕ بوونە بە سستەمی سەرۆكایەتی و دەرگا لەسەر پشت جێهێشتنە بۆ بارزانی"بارزانی كەسێكی پارێزگاری دیندارە,بۆ ئیسلامییەكان گونجاوترە لە كەسانی لیبراڵی هەڵگری بیری ڕۆژئاوایی",وەلێ ئەگەر كارتە سپیەكان زۆر زیاتر بوو لە دەنگەكانی لیستی گۆڕان,ئەوە مانای وایە زۆربەی لایەنەكان دەنگیان بە كەس و سستەمەكە نەداوە .
- چەندە دەنگی د.هەڵۆ لە چاو لیستەكەیەوە بچێتە سەر,ئەوا ینك لەو كارەدا دەستی هەبووە.
بارزانی و سەرۆكایەتی
ئایا ئەگەر بارزانی ببێتەوە بەسەرۆك ئەمجارەش هەڵەكانی ڕابردوو دوبارە دەكاتەوە, كە بەشێكیان بە بڕوای من بریتین لە :
- نەبوونی جێگەیەك بۆ سەرۆكایەتی "سەرۆكایەتی سەری ڕەش دەبێت كۆتایی پێبێت,سەرۆكایەتی لە تەلاری دیاریكراو وەك دەزگایەكی فەرمی كراوە بۆ هەموو هاووڵاتیان بێتە ناسین و بارەگاكەی لە پایتەخت بێت.
- كاركردن بە یاسای خێڵ و بوونی كوڕ و برا و برازا لە دەوری,ئەمە سەرۆك خێڵەكییە نەك سەرۆكی هەرێم,لە جیاتی پیاوانی خێڵ پێویستە سەرۆك دەورە درابێت بە ڕاوێژكاران و پسپۆران.
- كردنەوەی دەرگای سەرۆكایەتی بۆ هەموو هاووڵاتیان"ئەحمەدی نەژاد لە 4 ساڵی ڕابردوو وەڵامی 20 ملیۆن هاووڵاتی دایەوە",بارزانی وەڵام چەندی دایەوە؟,هیچچچچچچچچ .
- پێویستە بارزانی بەرگی خێڵ لە جەمەدانی سوور فڕێبدات,بەرگی مەدەنی,یان نەتەوەیی بپۆشێت"سەدام بە فاشییەتی خۆی دەهات بۆ كوردستان بەرگی كوردی دەپۆشی",كەچی بارزانی ئامادە نییە جارێك لە جاران ڕەنگی جەمانەكەی بگۆڕێت.
- پێویستە خۆ لە خەڵك بە گەورەتر و لە بانتر نەزانن,سەری ڕەش بەوجێگا پیرۆزە بزانرێت خەڵك زیارەتی بكات,سەرۆك پێویستە لە ناو خەڵك بێت.
- سەرۆك پێویستە سەروەت و سامانی خۆی و خانەوادەكەی بۆ جەماوەر ئاشكرا بكات.
- سەرۆك نابێت لە سەردەمی فەرمانڕەوایی وەك پارتی و خێڵ مامەڵە بكات,بەڵكە وەك سەرۆكی هەمووان.
- سەرۆك پێویستە دەسەڵاتی بنەماڵە كەمبكاتەوەو كەسوكاری لە دەسەڵات دور بخاتەوە.
- خانمی یەكەمی كوردستان پێویستە دەربكەوێت لە بۆنە و پێشوازی و سەردانەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست