کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پاشەکشێ نا، ڕێبواریێەتی لە پێناو چارەسەری دا!

Sunday, 12/05/2013, 12:00





ئەگەر مرۆڤ ئاشنای دیالکتیکی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" نەبێ، زۆر زەحمەتە مانا بە ڕێبوارییەتی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە پێناو چارەسەری دا بدات. هەتا ئێستا شیرۆڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆ بڕیاری كشانەوەی هێزەکانی گەریلا بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کراوە. هەندێ وەکوو کۆتایی هاتنی یەکێک لە درێژماوەترین شەڕەکانی گەریلایی لە ئاستی جیهان و هەندێکی دیکە وەکوو چەکدانان و وازهێنان لە تێکۆشان شیرۆڤەیان کرد.هەندێ لەو شیرۆڤانە لە لایەن میدیای شەڕی تایبەتی تورکیاوە ئەنجام دران، و هەندێکی دیکەش سەرچاوەیان لە ئاشنا نەبوون بە دیالەکتیکی پەکەکەوە سەرچاوە دەگرێ. لە ڕاستی دا هەتا مرۆڤ لە دیالکتیکی تەڤگەری پارتی کرێکارانی کوردستان کە هەموو کاتێک لە نێو خۆیدا گۆرانکاری و وەرچەرخان پێکدێنی تێنەگات، زەحمەتە واتا بە ڕێبواریەتی گەریلاکانی کوردستان لە پێناو چارەسەری پرسی کورد دا بدات.
لە درێژایی مێژوودا سەرجەم تەڤگەرە مەزنەکانی مرۆڤایەتی، لە میتۆلۆژی و تەوتەمەوە هەتا نەریتی پێغەمبەری، فیلسووفە مەزنەکانی جیهان، لە تەڤگەری موعتەزلەوە بگرە هەتا سۆفیەکان و عارفەکان سەرجەم لە نێو ڕێبواریەتیەک دا ، سەرئەنجامی هەبوونی خۆیان دەبینەوە. بە تایبەتی عارفەکان بۆ خۆیان بە تەنیا لە مانای سەیروسلووک دەزانن. ئەوانن کە بە دوای عەشق دا "فنافی الە" دەبن! لە سەرجەم ئەم تەڤگەرە مەزنانەی مرۆڤایەتی دا جۆش و خرۆشی ڕێبوارییەتی گەڕان بە دوای حەقیقەت دا بەشێکی دەست لێبەرنەدراوی ژیانە. بەو مانایە هیچ شتێک لە شوێنی خۆی دا و بە ڕاوەستان ناگات بە پلەی بەرزی دۆزینەوەی حەقیقەت. هەر بۆیە دەبینین پێغەمبەره مەزنەکان، هیجرەتیان کردووە. زۆربەی هەرە زۆری فیلسووفەکانی یونان لە تالسەوە هەتا، ئیفلاتوون بە میزۆپۆتامیا و میسر دا گەشتیان کردووە و لە ئاکامی ئەو گەشتانەدا، بناغە‌ی بیری فەلسەفی خۆیان داناوە. ئەوە خۆ هیچ چیرۆکێکی میتۆلۆژیکی میزۆپتامیایی نییە، کە رێبوارییەتی تێدا نەبێ. بە تایبەتی عارفەکان رێگای گەیشتن بە حەقیقەتیان لە بڕینی حەوت قۆناغ دا ، واتا پێداوە. بە گشتی کاتێ مرۆڤ لە سەرجەم تەڤگەرە مێژووییەکانی مرۆڤایەتی و تەنانەت سەرجەم رۆحی جیهان ورددەبێتەوە، دەبینێ، تێکرا لە نێو گەڕان و ڕێبوارییەتی دا بە دوای پێگەیشتن دا ئەگەرێن.
تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان ، هەر لە کاتی دامەزراندنیەوە لە نیو ڕێبواریەتییەکەی بەردەوام دایە. ڕێبواریەتییەک کە ئامانجی سەرەکی چارەسەری پرسی گەلی کوردە. پرسی گەلێک کە لە درێژایی مێژوو دا رۆڵیكی گرینگی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا گێراوە، بەڵام لە بەر پەرەسەندنی مۆدێرنیتەی کاپیتالیسم لە رۆژهەڵاتی ناوین، رووبەڕووی لەناوچوون بوویەوە و گەیشتە ئاستێک کە نەک لایەقی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکوو بە هەڵپەسێردراوی هێشتنەوەی پرسی گەلی کورد وەکوو شەرمێکی مرۆڤایەتییە. هەر بۆیە دەبینن تەڤگە‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان یەکەمین هەنگاوەکانی بە ڕێبوارییەتی و گەڕانەوە بۆ وڵات لە ئانکاراوە دەست پێدەکات. ئەو ڕێبواریەتییە لە کاتێک دا دەست پێدەکات، کە زۆربەی تەڤگەره‌کانی گەلی کورد و تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ژێر ئەو گووشارانەی کە سیستمەتی داگیرکاری خستوویەتە سەریان لە ناسنامە و جەوهەری ڕاستی خۆیان هەڵدێن. لەو کاتەش دا بێجگە لە گرووپێک جەوانانی ئاپۆچی کە بە بڕیارەوە لە پێبناو ڕوون کردنەوەی حەقیقەتی گەلەکەیان دا بڕیاری تێکۆشانیان داوە، ڕێبواریەتییان لە لایەن کەسانی دیکە وە مانای پێنادرێ. تەنانەت ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
ئەم ڕێبوارییەتیه کاتێک دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە کە بەڕێز ئۆجالان، پێشبینی شەپۆلی کۆدەتای سەربازی لە تورکیا دەکات و لە سەر ئەو ئەساسە بەرەو باشوور و بە تایبەتی سووریا و لوبنان رێبوارییەتی ئاپۆچیەکان دەست پێدەکات. ڕێبواریەتییەک کە ئامانجی خۆ پاراستن لە شەپۆلی دژواری کۆده‌تای سەربازیی ١٢ی ئەیلوول لە تورکیایە و لە هەمانکاتدا خۆ کۆکردنەوە و گەڕانەوەیەکی بەهێز و دەسپێکردنی تێکۆشانێکی نوێ لە بەرامبەر سیستەمی داگیرکاری دوای کودەتای ١٢ی ئەیلوولە. لەو کاتەش دا سەرەڕای بانگەوازی و وشیاری کردنەوەی تەڤگەرە چەپ و دیموکراتەکانی تورکیا و کوردستان لە لایەن ڕێبەری گەلی کوردەوە بۆ ئەنجام دانی ڕێبوارییەتی و خۆپاراستن لە شەپۆلی نگریسی کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ ،بەڵام ئەو وشیاریانەی بە جیدی وەرناگیرێ و لە ئەنجام دا دەبینین ئەو تەڤگەرانەی زەربەی هێندە مەزنیان بەرکەوت کە ئیدی لە دوای کودەتاکه‌وه‌ قە‌ت نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە. خاڵی سەرنج ڕاکێش لێرەدایە، کاتێک کادیران و گەریلاکانی تەڤگەری ئازادی لە دوای ماوەیەک خۆ پەروەردکردن و ئامادەکاری دەیانەوێ لە لوبنانەوە بۆ کوردستان بگەرێنەوە، پاشماوەی ئەو تەڤگەرانە جارێکی دیکە لە دژی ئەو ڕێبواریەتییە ڕادەوەستن و تەنانەت هەندێ کەسی بێ باوەڕی نێو تەڤگەریش بانگەشه‌ی ئەوە دەکەن، کە ئەوە گەڕانەوە بۆ وڵات نییە ، بەڵکوو رۆیشتن بەرەو پێشوازی مردنە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانە ، دەبینین لە ئەنجامی ڕێبوارییەتی گەڕانەوەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە سەرەتای ٨٠کانی سەدەی ڕابردوودا، قەلەمبازێکی مێژوویی هێندە مەزن پێکدێ کە ڕەوتی مێژوو لە کوردستاندا دەگۆرێ و ئیدی لەگەڵ تەقاندنی یەکەم فیشەکی ١٥ی تەباخ ،کە ئاکامی ڕێبوارییەتی گەرانەوە بەرەو وڵاتە، سیستەمی داگیرکاری لەکوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە.
لە بەردەوامی ڕێبوارییەتی گەریلاکانی کوردستان دایە کە نەک تەنیا سیستەمی داگیرکاری لە کوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵکوو دابڕانی مێژووی گەلی کورد و پارچەبوون و دابەشبوونیان بە سەر چوار دەوڵەت نەتەوەی جیاواز دا کۆتایی پێدێ و ئیدی ئەگەر ئەمرٶ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان سەرچاوە و هێزی دیموکراتیزە کردنی سووریایە و هیوایەکە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بناغەکەی لەو کاتەدا دادەنرێ کە جەوانانی ڕۆژئاوایی لە ٨٠کان و بە تایبەتی ٩٠کانی سەدەی ڕابردوودا روویان لە "جودی مورادان" و بۆتانی واری عەگیدان بوو. سیستەمی داگیرکار لە باکووری کوردستان وەختێ هەڵدەوشێتەوە کە لە ئاکامی ڕێبوارییەتی محەمەد قەرەسونگوور لە چەولیکەوە بۆ حیلوان و سیڤەرەک، کۆتایی بە چینی دەرەبەگی و بەکرێگیراوی داگیرکەران لە کوردستان دێنێ. جەستەی دابڕوای ئامەد، سەرحەد، مێردین، بۆتان و دێرسیم کاتێکی پێکەوە ئەلکێتەوە کە گابار دەبێتە مەنزڵی عەگیدی باتمانی، زیلان لە مەلاتیەوە دەڕوات بۆ دێرسیم، بێریتان لە دێرسمەوە ڕێبواری خواکورکە، ئەرداڵی فەرماندە لە "سەیرانی تەپەی" مەڕەشەوە دێ و لە بەستا، گابار، جوودی و هەموو چیاکانی هەرێمی بۆتان ڕێبواریەتی دەکات. ڕێبواریەتی ئەوان و هەزاران وەکوو ئەو عەگیدانەی کە لە کوردستان سیستەمی داگیرکاری لە بەر یەک هەڵوەشایەوە. ئەگەر ئەمرۆ دەوڵەتی تورک ملی بۆ پێڤاژۆی چارەسەری داوە، بێگوومان ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێبواریەتیانەیە. ئاشکرایە ئەگەر ئەو ڕیێبواریەتیانە نەبایە قە‌ت ئەمرۆ نە ئاسەوارێک لە گەلی کورد مابووە و نە دەوڵەتی تورک و حکوومەتی ئاکەپە ملیان بۆ چارەسەری پرسی کورد شل دەکرد.
ڕێبوارییەتی گەریلاکانی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩ دا خاڵێکی وەرچەرخانی هێنایە ئاراوە. لە کاتێک دا ئەو هێزانەی کە پێلانگیری نێودەوڵەتیان ئەنجام دا، چاوەڕێ بوون ، شەرێکی هێندە قورس لە نێوان گەلی کورد و تورک دا بێتە ئاراوە کە بە سەدان ساڵ نەتوانرێ ئاسەوارەکانی پاک بکرێتەوە، ڕێبوارییەتی گەریلاکانی کوردستان لە سەر بانگەوازی ڕێبەریان ڕێگای لەو شەڕە ماڵوایرانکەرە گرت. ئەگەرچی ئەو هەنگاوە بە نرخ و فیداکارییەکی مەزنەوە پێکهات و سەدان گەریلای قارەمانی کوردستان لە سەر ڕێگای ئەو رێبوارەتییەدا گیانیان بەختکرد، بەڵام ئەگەر ئەمرٶ گەلی کورد گەیشتووتە ئەم ئاستە بێگومان ئەو ڕێبوارەتییە لە پاراستن و بەهێز کردنی تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد دا ڕۆلێکی یەکلاکەرەوە دەبینێ. ئەگەر ئەو ڕێبوارەتیە نەبایە، کێ دەیتوانی ڕێگا لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بگرێ؟ ئەگەر ئەو ڕێبوارەتییە نەبایە گەریلاکانی کوردستان چۆن گۆرانکاری و وەرچەرخانی ستراتیژیک و تاکتیکیان لە خۆیان دا پێکدەهێنا و بە هێز و وزەیەکی نوێوە تێکۆشانیان بەهێزتر دەکرد؟ ئەو کاتەش زۆر کەس و لایەن بانگەشەیان دەکرد، ئەوە کارێکی هەڵەیە و نابێ ڕێبواریەتیەکی بەو شێوەیە دەستپێبکات، بەڵام ئێستا ئەنجامەکانی بە باشی ڕوون و ئاشکرایە.
ئەڵقەی ڕێبوارییەتی گەریلاکانی کوردستان لە پێناو چارەسەر کردنی پرسی کورد دا، کاتێ گەیشتە لووتکە و سەرجەم هێزە پیلانگێرەکان و دەوڵەتی تورکی حەپەساند، کە لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٤ دا لە دوای ڕێبوارییەتی ساڵی ٩٩ گەریلاکانی کوردستان قەڵمبازی ١٥ی تەباخی ٨٤یان دووبارە کردەوە و ئەم جارە هەڵمەتی یەکی حوزەیرانیان وەکوو وڵامێکی کارا بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و خەیانەتی نێوخۆیی دەست پێکرد. لە کاتێک دا کە گەریلاکانی کوردستان لە پێناو هەڵگرتنی هەنگاوی چارەسەری لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ماوەی ٥ ساڵ بوو لە پێگەی ئاگربەست دا بوون و لە هەمانکات دا خەیانەتی نێوخۆیی کە باوەڕیان بە ڕێبواریەتی نەمابوو، دەستی پێکردبوو، هەڵمەتی یەکی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٤ کەوتە واری کردارەوە، کە ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ڕێبوارەتی گەریلاکانی کوردستان بەرەو باکوور بوو. ئەوڕێبواریەتییە و ئەو هەڵمەتەی لە ئەنجامی ئەو ڕێبواریەتیەدا پێکهات، وڵامێکی بەهێزی پیلانگێران، دەوڵەتی تورک و بە تایبەتی خەیانەتی نێوخۆیی دایەوە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ ڕێبوارییەتی لە پێناو چارەسەری و یەکگرتنەوە‌ی دووبارەی گەلی کورد لە کوردستان کەوتە قۆناغێکی دیکەوە. کاتێ کاروان مەهاباد لە ئەنجامی رێبواریەتی دا لە نێوان چەولیک و ئامەد شەهید دەبێ، کاتێ ئارامی مەریوان لە ئەنجامی ڕێبواریەتی دا لە گابار شەهید دەبێ، کاتێ دڵخوازی چەولیکی لە ئەنجامی ڕێبوارەتی دا لە هەورامان شەهید دەبێ، کاتێ کاروانی گەرمیان لە ئەنجامی ڕێبواریەتی دا لە جۆلەمیرگ شەهید دەبێ، ئەوە بەو مانایه‌یە ئیدی گەلی دابەشکراوی کورد نەک تەنیا لە جەستەدا بەڵکوو لە مێشکیشیان دا یەکیان گرتوو‌ه‌تەوە و ئاوێتە‌ی یەکدی بوون و داگیرکاری و دابڕان، پاڕچەبوون و تەسلیمیەتیان تێکشکاندووە. ئەگەر ئەمرٶ ڕۆحی یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کورد لە ئاستی هەرە بەرزی خۆی دایە و سەرجەم کۆسپ و تەگەرەکانی پارچەبوون و دابڕانی کوردانی لەناوبردووە، بێگومان لە ئەنجامی ڕێبواریەتی ئەو پاکرەوانانه‌ی کوردستان و هەزارانی وەکوو ئەوان دا لە نێو ریزەکانی گەریلا دا هاتووتە ئاراوە.
ئێستاش جارێکی دیکە گەریلاکانی کوردستان لە سەر ڕێگای ڕێبواریەتین. لە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستاوە، گەریلاکانی کوردستان وەکوو وڵامدانەوەی بانگەوازی ڕێبەرایەتیان دەستیان بە ڕێبوارییه‌تی لە پێناو چارەسەری پرسی کورد دا کردووە. ڕێبواریەتییەک کە ئەوان بۆ خۆیان دەستیان پێکردووە و بۆ خۆشیان ئەنجامی دەدەن. ڕێبوارەتیەک لە لە ئەنجامی قۆناغێک دا هاتووه‌تە ئاراوە کە خۆیان ئەکتەری یەکەم و سەره‌کی پێکهێنەری ئەو قۆناغەن. بێگومان ئەگەر تێکۆشان و ڕێبواریەتی ئەوان بە درێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی ساڵی ٢٠١٢ نەبایە، قەد دەوڵەتی تورک ئامادە نەدەبوو لەگەڵ بەرێز ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدات و قۆناغی چارەرسەری پرسی کورد دەسپێبکات. دەوڵەتی تورک و حکوومەتی ئاکەپە کە بناغەکەیان لە سەر ئەساسی نکوولی کردن لە گەلی کورد دامەزرێندراوە، چۆن هەر لە خۆوە دەست بە پێڤاژۆیەکی بەو شێوەیە دەکەن؟ لە کاتێک دا سەرجەم حکوومەتەکانی پێش لە ئاکەپە لەبەر بێچارەبوونیان لە بەرامبەر تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لەبەریەک هەڵوەشانەوە و ئاکەپە بە گووتنی ؛ لەهەموو کەسێک باشتر، من دەیانچەوسێنمەوە و لەناویان دەبەم ، دەستی بە سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیا گرت، چۆن بوو لە خۆوە قۆناغی چارەسەری پرسی کوردی دەست پێکرد؟ ئەرێ ئاکەپە لە کەنگێەوە عاشقی چاوی ڕەشی کوردان بووە؟ لە کاتێک دا ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆک وەزیر لە هەر سەرۆک وەزیرێکی دیکەی تورک زیاتر درووشمی نەژادپەرەستانی وەکوو" یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک نەتەوە " و " یان خۆشت بوێ ، یان بەجێی بهێلە"ی دووبارە دەکردەوە، چۆن بوو، ئێستا ملی بۆ چارەسەری پرسی کورد داوە؟ بێگومان گۆمڕاییە ئەگەر ئەم پێڤاژۆیە بە حەسابی لوتف و بەخششی دەوڵەت و حکوومەتی تورک بنووسرێ. نەک تەنیا گومڕایی بەڵکوو چەواشەکارییەکی مەزنە، لە بەر ئەوەی ئەوان هێچ ڕێبازێکی دیکەی نامرۆڤانە نەما کە لە دژی گەلی کورد بەکاری نەبەن. هەرچی لە دەستیان هات کردیان بەڵام لە بەرامبەر ڕێبوارییه‌تی گەریلاکانی کوردستان دا تێکشکان. هەر ڕێبوارییەتی و تێکۆشانی گەریلاکانی کوردستانە وای لەوان کردووە مل بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی کورد شل بکەن. بێگومان لە ئێستا بەداوشەوە ڕێبوارییه‌تی و تێکۆشانی گەریلاکانی کوردستان و گەلی کورده کە گارانتی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە کوردستان دەکات.
رێبوارییه‌تی گەریلاکانی کوردستان دەستی پێکردوە، هەر کەس بە پێی خۆی شیرۆڤەی بۆ دەکات، بەڵام دەبێ بزانرێ هەتا بە باشێ دیالکتیکی ڕێبوارییه‌تی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد مایەی تێگەیشتن نەبێ، بە باشی مانا نادرێ بەم قۆناغە. چوونکە ئەگەر لە ئەنجامی ئەم ڕێبوارەیەتیەش دا پرسی کورد چارەسەر نەبێ، بێگومان رێبوارییه‌تی گەریلاکانی کوردستان لە پێناو چارەسەری ئەم پرسەدا هەر بەردەوام دەبێ و هەر بەردەوام دەبێ ....
م . س شوان 12/05/2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە