مام جه‌لال له تاران پێغه‌مبه‌ری بینی و کا‌ک مه‌سعودیش له ئه‌وروپا خوای بینی
Friday, 13/03/2009, 12:00
جارێک دوو که‌س هه‌موو رۆژێ تاوڵه یان (ته‌خته) یان ده‌کرد، پیاوێکی وه‌ک منیش هه‌ر قسه‌ی تێدا ده‌کرد، ئه‌وانیش به پیاوه‌که‌یان ووت: کاکه تۆ نازانی ئێمه له‌سه‌ر چی ئه‌و تاوڵه‌یه ده‌که‌ین، خۆ هه‌ر کامێکمان براوه بین یان دۆراو تۆ هیچت ده‌ست ناکه‌وێ، پیاوه‌که‌ش ووتی ئه‌وانه راست ده‌که‌ن، ته‌ڵاقی خوارد که جارێکی تر قسه‌ی تێدا نه‌کات، رۆژێکی تر خۆی بۆ نه‌گیراو رۆیشته‌وه لایان، هه‌ڵه‌یه‌کی له یه‌کێکیان بینی و وتی ئه‌و داشه به‌ره بۆ ئێره‌و ئه‌وه‌ش به‌ره بۆ ئه‌وێ، ئه‌وا منیش ده‌رۆم ته‌ڵاقه‌کانم چاک ده‌که‌مه‌وه.
زۆرینه‌ی کورد وه‌ک ئه‌و پیاوه‌یان لێهاتوه، بڕیار ده‌ده‌ن قسه له کردار‌و هه‌ڵوێستی مام جه‌لال و کا‌ک مه‌سعود دا نه‌که‌ن، به‌ڵام که هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بینن و شک ده‌که‌ن که ئه‌و هه‌ڵه‌یه زه‌ره‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌دات، خۆیان بۆ راناگیری و ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقیشیان تێدا که‌وتبێ قسه‌ی خۆیانی تێدا ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی که هه‌موو لایه‌کمان بینیمان که له‌و دوو حه‌فته‌دا مام جه‌لال دوو جار سه‌ردانی ئێرانی کرد‌و کا‌ک مه‌سعودیش سه‌ردانی هه‌ندێ له وڵاته ئه‌وروپاییه‌کانی کرد، میدیاکانی کوردستانیش ئه‌وه‌نده به‌سه‌روگوێلاکی ئه‌و سه‌فه‌رانه‌یان دا گووت، هه‌ر ئه‌ونده مابوو که بڵێن خوا‌و پێغه‌مبه‌ریشیان دیوه، به‌ڵام با هه‌ندێ پرسیار له میدیاکان بکه‌ین و بڵێین وا له 1992 وه که جه‌ماوه‌ری کورد به‌خه‌واڵووی ده‌نگی بۆ کا‌ک مه‌سعودو مام جه‌لال دا‌و کردیانن به قسه‌که‌رو پێشڕه‌ی کورد، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ به سه‌دان ملوێن دۆلاری کوردیان له‌و سه‌فه‌رانه‌دا خه‌رج کردوه، چ ده‌سکه‌وتێکی سیاسیان به‌ده‌ست هێناوه بێجگه له وێنه گرتن و تازه کردنه‌وه‌ی په‌یمانی لۆزان له‌ژێر په‌رده‌ی عێراقچیه‌تی و عێراقچیه‌کی باش ؟.
له کاتێکدا که رژێمی جمهوری ئیسلامی رۆژانه ده‌یان رۆڵه‌ی کورد ئه‌شکه‌نجه ده‌کات و له داریه‌ن ده‌دات و وڵاخه‌کانیان ده‌کوژێت، یان رۆژانه تۆپبارانی بناری قه‌ندیل ده‌کات به‌تایبه‌تی له‌و رۆژه‌دا که جه‌لال تاڵه‌بانی له تارانه‌و شیعر به‌سه‌ر جمهوری ئیسلامی و پیاو کوژه‌کانی هه‌ڵا ده‌ڵێت، له‌ولاشه‌وه خۆی به عێراقیه‌کی عه‌یار 24 داده‌نێ و هه‌وڵی پاک کردنه‌وه‌ی رووی عێراق ده‌دات، که عه‌ره‌به عێراقیه‌کان هیچ بایه‌خێکی بۆ دانانێن و به ئاشکرا ده‌ڵێن ئیمزا‌و قسه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی فێ بایه‌خه‌و کاری پێناکرێ، ئه‌وه‌تا له سایتی چاو‌دێر دا ده‌ڵێ:
سه‌رۆك تاڵه‌بانی: عێراق كه به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت به‌ره‌و ته‌واو كردنی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی مۆدێرن
له كۆتاییش دا پێویسته سوپاسی ده‌وڵه‌تی میواندار بكه‌م ، هاوسێی ئازیز ، كۆماری ئیسلامی ئێران و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی كه به په‌رۆشین بۆ دامه‌زراندنی پته‌وترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ك سوپاسمان بۆ برای ئازیز دكتۆر مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ی به‌رێز ، هه‌روه‌ك سوپاسی هه‌موتان ده‌كه‌م بۆ گوێگرتنتان و سه‌لامو عه‌له‌یكوم وه ره‌حمه‌توڵا.
http://www.cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=11459
بێجگه له خزمه‌ت به‌ئێران و عێراقیش، لابه‌لا جار جاره حه‌یرانێکیش به‌سه‌ر تورکیادا هه‌ڵ ده‌ڵێ و له‌گه‌ڵ کا‌ک مه‌سعود بڕیاری به‌ره‌ڵا کردنی تورکمانه کورد کوژه‌کانی که‌رکوک ده‌ده‌ن و سنور بۆ جولانه‌وه‌ی کورده‌کانی سه‌روی کوردستان داده‌نێن.
کا‌ک مه‌سعود بارزانیش باس له چاوپێکه‌وتنی ته‌واوی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپا ده‌کات، به‌ڵام ده‌کرێ بپرسین ئه‌و چاو پێکه‌وتنانه بۆچی بوون ؟، بۆ تازه کردنه‌وه‌ی په‌یمانی لۆزان بوو یان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه بوو ؟.
Kurdistan TV, 13:01:56 12 Mar. 2009
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زیرى به‌رگرى و په‌رله‌مانتارانى به‌ریتانیا و باڵیۆزانى عه‌ره‌بى پێشوازى لێكرا .
PNA- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له چوارچێوه‌ی گه‌شته دیبلۆماسیه‌كه‌ی بۆ ئه‌وروپا سه‌ردانی ته‌لاری په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی له به‌ریتانیا كرد.
هه‌ر له كۆڕه‌كه‌دا سه‌رۆكی كوردستان پابه‌ندبوونی هه‌رێمی كوردستان به پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقی نوێ و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چاره‌سه‌ر و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی عێراق دووپاتكرده‌وه.
http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=114354
کا‌ک مه‌سعودیش وه‌ک مام جه‌لال به‌دوا وێنه گرتن دا ده‌گه‌ڕێ، هه‌موومان دڵنیاین له‌وه‌ی که سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپا ئاگاداری بارودۆخی کوردستانن و زۆر باش ده‌زانن که جه‌ماوه‌ری کورد ناڵه ناڵیه‌تی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو به‌رێزه‌دا، مه‌گه‌ر نازانن رۆژانه دوو ئافره‌ت له کوردستان ده‌کوژرێت و سه‌دان که‌س کوردستان به‌جێ ده‌هێڵێت و هه‌ندێ که‌س له‌ناو ده‌سه‌ڵاتد باخه‌ڵی بێویژدانیان کردۆته‌وه بۆ دزینی سامانی کوردستان و وایان له خه‌ڵک کردوه که حاشا له کورد بوونی خۆیان بکه‌ن، دڵنیام له‌وه‌ی که ئه‌وروپاییه‌کان ئه‌م جاره ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له زۆر رووه‌وه نیشانی کا‌ک مه‌سعود داوه، به‌ڵام میدیاکان ئه‌و له کورد ده‌شارنه‌وه.
سه‌ردار پشده‌ری 13 3 2009
http://www.kurd-oil.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست