کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەرەف و ئیرادەى سیاسی كورد لە بەغداد

Monday, 07/06/2010, 12:00


هەڵاوسانى كێشە سیاسی و ئابوری و عەسكەرییەكانى نێوان كورد و عەرەب لە پێكهاتەى عێراقی فیدراڵدا، یەكێكە لە سەرەكی ترین تەنگەژە و ڕێگرەكان لەبەردەم وەدەست خستنی ژیانێكی نوێ بۆ گەلانی عێراق بە گشتى و كورد بە تایبەتى، چونكە بە هەڵپەساردنى كێشەی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانى ناو پێكهاتەى دامەزراوەى عێراقی ئێستا، بارگرژی و مەترسی بەردەوامی نائارامیی و تیرۆر و هەلاوسانی دیاردەى گەندەڵی و ڕۆتینات و كات بەڕێ كردن و گەورە بوونى كێشەى نەداری و هەژاری لە ووڵاتدا دەگاتە ئاستە پێوانەییەكانى دونیا و ژیان لە سەردەمێكی پڕ نەهاتدا ڕادەگرێت و دەرفەت بە چوونە پێشەوەى سیاسەت و ئابووری ووڵات نادات.
هەڵبەتە ئاستی كێشە نەتەوەیی و نەژادی و ئاینی و ئابووریەكانى نێوان سەرجەم گەلانى عێراق بە گشتی و كورد و عەرەب بەتایبەتی دەسنیشانى ئاستی كێشە سیاسیەكان دەكات و لێرەشەوە بڕی بەڕێكراوى ژیان بۆ ئاستێكى باشتر ئاڕاستە دەكرێت، هەڵبەتە ئەمە ئەگەر كێشەكان بە هەڵپەساوى نەمابوونەوە، بەڵام دیارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق لە ڕووی چێژی ژیانكردنەوە ووڵاتێكی چەق بەستووە و ئەگەر بە شێوەیەكى كار بۆ كراو ڕووە و خراپتر نەچووبێت ئەوا بێ گومان بە شێوەیەكی كار بۆكراو ووڵاتێكی چەق بەستووە. لەم ڕووەوە هەرێمی كوردستانى عێراق وەك هەرێمێكى بەهەشتى لەسەر ڕووپاڵی دۆزەخی عێراق زۆرترینی مەترسی بەركەوتووە و دواى نزیكەى شەش ساڵ لە گفتوگۆ و بەشداری جدی بەڕێوەبردن و سیاسەت كردن لەگەڵ سیاسەتمەدارانی عێراق و و دەوڵەتى پێكهاتەكانى عێراق، هێشتا نەیتوانیوە هیچ وەپێشخستنێكى دیار و بەرچاوى لە ئاستە كاریگەرە نەتەوەییەكاندا ئەنجام بدات.
دواى ئەوەى لە بەهاری ساڵی 2003 دا حكومەتى فاشیزمى بەغداد كۆتایی بە دەستەڵاتى عەسكەر تالیەتى هات و بەرژەوەندى دەووڵەتە زلهێزەكان و هاوپەیمانان و هاوكێشەی سیاسی ئەو وەختە وەهاى خواست كە عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە و سەرجەم ڕەنگ و قەوارە و نەتەوەكانى عێراق ڕاسپێردران بۆ دامەزراندنەوەى عێراقێكی فیدڕاڵی یەكگرتوو كە بریتیبێت لە یاسا و دەستور و حكومەت و پەرلەمانێكی هاوبەشی نێوان گەلانى عێراق و تێیدا هەریەكە لە نەتەوە جیاكانى ناو عێراق بەژداربێت و داكۆكی لە مافە دەستوری و كەلتوری و فەرهەنگی و سیاسیەكانیان بكەن. بێگومان گەلی كوردیش بەشێكی گەورە بوو لە بەشدارانى ناوەوەى ناو دامەزراوەى عێراق و بێجگە لەوەى كە بە شێوەیەكی ئاشكرا هاوپەیمانێكی سەرسەختی ئەمەریكیەكان بوو هەر لە سەرەتای لێدانى عێراقەوە تا هەنوكەش كە لە بەغداد نوێنەری هەبووە و سەرقاڵی سیاسەتى تەوافوقی و پاراستنى بەرژەوەندیە نەتەوەیی یەكانی بووە؟؟!! بەڵام ئایا كام بەرژەوەندیی نەتەوەییمان لە بەغداد زامن كرد لە سایەی ئەو نوێنەرانەمانەوە؟ ئەى لێهاتووى سیاسەتمەدارانى كورد لە بەغداد كامانەبوون و بەرهەمەكانیان كامانە؟ ئایا سیاسەتى سەعاتى سفری كورد لە بەغداد چی بوو؟؟ ئەگەر شتێكى لەو جۆرە شك نابەین بۆ باس كردن ئەى هاوپەیمانى كردنى ئەمەریكایەكی خاوەن سیاسەت و سەرمایە چ بەرهەمێكى بۆ وەدەستخستنى بەرژەوەندیە نەتەوەییەكانمان هەبوو؟ چ سامناكیەكە بێ بەرژەوەندى دۆستایەتى زلێزێكى وەك ئەمەریكا؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تر كە پێویست ناكات لەسەریان بدوێین و وەڵامیان وەڵامى كار و ڕۆڵی نوێنەرەكانى شەش ساڵەمان دەدەنەوە لە بەغداد كە وادەزانن بە رەسمى ناساندنى زمانى كوردى ئیتر هەموو شتێكە. ئایا كاتى ئەوە نی یە ئیتر نەهێڵین شەرەفی نەتەوەییمان لەمە زیاتر بكەوێتە بەر پرمە و پلاری نەیاران و لە دواى ئەوەى كە لە سایەی نوێنەرەكانمانەوە لە بەغداد كەسایەتى نوێنەری كورد لە سكێچی مرۆڤێكى سیاسەتمەداری كاسب و پارە خڕكەرەوە و نا واعی و خەمسارد و نا پێشمەرگە دا ناسرا ، با ئیتر لەوە زیاتر ڕێگە نەدەین بە دەستى كەسانێكى پەك كەوتە لە فەلسەفەى سیاسى هاوچەرخ و لە سایەى كەسانێكی نا ئەكادیمى و خەمساردەوە كەرامەتى نەتەوەییمان بكەوێتە ناومەترسییەوە.
بێگومان كاتێك دەبینین دەسكەوتەكانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا زۆر لە موچەى نوێنەرەكانمان بچوكترن و زۆر لە بەرژەوەندییە شەخسیەكانیشیان بچوكترن كە من وەك خۆم پێموایە كە نوێنەرانى كورد لە عێراقی فیدڕاڵدا بۆ ئەوە نوێنەرایەتى كوردیان قبوڵ بووە و كردوویانە تا لە ناو میللەتان و گەلاندا و بۆ ساتێكیش بووبێت دەربكەون كە لە پلەو پایەدان و نازو نیعمەتى موچەى خەیاڵی و سەفەری زۆریان هاتۆتە بەردەست نەك بۆ پاراستنى كەرامەت و شەرەفی كوردى فەیلیی و كەركوك و خانەقی و مەندەلی و پێشموایە كە دروشمەكانى (لە زاخۆ تا خانەقی) ئەمانە هەمووى دروشمى باق و بریقی كۆمەڵێك كۆلكە سیاسەتچی و كۆلكە خوێنەواری كۆتایی سەدەكانى رابردووى ناو میللەتى ئێمەبوون كە لە ناواخنى خۆیاندا تووشی كێشەی گەورە و نەخۆشی ترسناكى دەروونى هاتبوون و هەموو ئامانجێكیان ئەوە بووە كە لە ڕابردوودا لە ناو خزم و برادەراندا بڵێن كابرا پێشمەرگەیە و مەسئولە كە تەنانەت ئەركی بریتی بووە لە خەوتن و سەدان ڕۆڵەى بەغیرەتی كورد پارێزگارییان لێكردوون و ئەوان هەر لەناو لێفەكانیاندا بوون، لە ئێستاشدا بڵێن لە فڵانە پۆستی سیادی ووڵاتدایە! بۆیە ئەوەى كە تا ئیستاش لە بەغداد ئامادەیی هەبووە و تەمسیلی ئیرادە و توانا و شەرەفی نەتەوەیی كوردی كردووە بریتی یە لە هێزێكی ئیفلیج و بێ توانا و هێزێكی نەخۆش لە ڕووى مەبدەئی نەتەوەیی و نا هاوچەرخ لە ڕووى زانستى سیاسی و پیر لە ڕووى تەمەنى سیاسەت كردنەوە و هێزێكی نا ئەكادیمى و كەم و كورت لە ئاست ئەرك و فەرمانە سەرەكیەكانى و گێل و عەوام لە تێگەیشتنى بەرمەجەى سیاسەتى لایەنە هاوبەشەكانى تری ناو عێراق و بۆ سەلماندنى ئەمانەش ئەوەندە بەسە بڵێم كە نوێنەری كورد لە بەغداد هێندە گێل و كاڵفام و پیر بوو نەیتوانى تێبگات كە ڕێژەى كورسیەكانى هەرێمى كوردستان كەمى هێناوە و یاسای هەڵبژاردنەكانى ئیمزاكرد و لافی ئەوەى لێ دەدا كە بەم ئیمزایە تەنانەت حەقی خوێنى ڕژاوى شەهیدانى پارچەكانى دی كوردستانى لە عەرەب كردۆتەوە!!بۆیە پێموایە نەفسیەت و شەرەفی سیاسی كورد لە بەغداد و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەسەر دەستی نوێنەرەكانى خودى كورد، كورتى هێناوە و ئەگەر نوێنەرەكانمان لە بەغداد نەگۆڕین و كەسانى پێشمەرگە ئاسا نەنێرین بۆ پارێزگاری بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان ئەوا لە بەردەم مەترسی گەورەترداین چونكە عێراق لە خولی نوێنەرایەتى كردنى ئایندەدا لەبەردەم چارەسەركردنى كێشە ناوخۆیی و دەرەكیەكانیدایە.
بەم پێیەى تا ئیستا كێشەى كورد و لایەنەكانى تری ناو عێراق لەسەر تەواوى مەسەلەكان و لەسەر ئاستەكانى ئابووری و سیاسی و نەتەوەیی دا و لەسەر ڕووبەری دەسەڵات و تواناى بەڕێوەبردن و جوگرافیا و سنور و ئاو و سەرجەم سامانە سروشتیەكان لە كێشەدایە، كەواتە ئاسایشی نەتەوەیی كورد لە عێراقدا لەبەردەم خەتەری گەورەدایە و كەواتە نوێنەرەكانمان لە بەغداد خەمسارد بوون و نەیانتوانیوە جگە لە هێشتنەوەى كێشەكان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ هیچ دەرەنجامێكی تر وەدەست بخەن و سەرجەم ئەو داوا ڕەوایانەى كورد كە چەندین ساڵە هەیەتى هەر داوان و هیچ پلانێكی سیاسی وردیان بۆ دانەنراوە كە بەرهەمێكی پۆزەتیفانەى بۆ كورد هەبێت. بۆیە گەلی كورد دەبێت لەمە زیاتر بوار نەڕەخسێنێت نمونەیەكی وەك كەركوك كە جارێك دەڵێن دڵی كوردە و جارێك دەڵێن قودسی كوردە، هەر ئاوها بە هەڵپەسێراوى بمێنێتەوە چونكە كەركوك بەڕاستی و بە مەنتقی نە دڵە و نە قودسە بەڵكو بەشێكى گەورەى شەرەف و كەرامەتى كوردە و پێویستی بە خەباتێكی شەفافانەى دڵسۆزانەى ئەكادیمى و پلان بۆ دانراو هەیە كە نوێنەرەكانی كورد لە بەغداد لە هەوڵ و تەقەلا و كاردا بن بۆی.
ئەمانە جگە لەو خەتەرە گەورانەى كە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتى و هەرێمى لەسەر شەرەف و ئیرادەى سیاسی كورد دروست بوون و هەمووى پێویستى بە كار كردنى جدى هەیە تا بتوانرێت لە ئایندەدا باجی هەموو ئەو كوتی و كەمیانە بدەین كە لەسەر دەستى نوێنەر و سەركردەكانمان تووشی هاتووین.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە