کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌و دوان بۆ دواوه

Sunday, 26/02/2012, 12:00








با ڕۆژنامه‌نوسان و میدیا ئه‌هلیه‌کان گوێ له‌که‌سانێكی وه‌کو مه‌لا به‌ختیار نه‌گرن باسی  دیموکراسیان بۆ بکات له‌کاتێکدا هه‌ر هه‌مان مه‌لا به‌ختیار‌ چه‌ند ساڵێکی که‌م له‌مه‌وبه‌ر و له‌سه‌ردانێکی دا بۆ ئه‌ڵمانیا و له‌حاڵه‌تێکی هێستریایی دا ئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و بۆ‌ترساندنی ئه‌ندامانی یه‌کێتی و به‌ربه‌ستی کردنیان بۆ چونه‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ندین جار له‌کۆبونه‌وه‌فراوانه‌کان دا به‌ بێ په‌رده‌و به‌ئاشکرا ده‌یوت: " با دوژمنانی یه‌کێتی نیشتیمانی باش بزانن ده‌سمان به‌هه‌مو که‌سێکدا ده‌گات و له‌هه‌موو شوێنێکی ئه‌وروپاش پیاوکوژمان هه‌یه‌".

 
له‌وڵاتانی دیموکراسیدا پیاوانی سیاسه‌ت و پارته‌سیاسیه‌کان سه‌رکه‌وتنیان یان لاوازبون و مردنی سیاسیان وابه‌سته‌یه‌به‌گرنگی پێدان و کاریگه‌ری میدیاکان له‌سه‌ریان .میدیاکان نامه‌به‌ری نێوان خه‌ڵک و که‌س و بازنه‌سیاسیه‌کانن. به‌دڵنیاییه‌وه‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا نامه‌به‌رێکی کلاسیکی نین و ته‌نها ووته‌و هه‌واڵه‌کان ناگه‌یه‌نن به‌ڵکو نامه‌و په‌یامه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکارای بۆ ده‌که‌ن و به‌ئاراسته‌ی دیاری کراوی دا ده‌به‌ن و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌که‌نه‌وه‌به‌ئامرازێك بۆ دوباره‌کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕا و بڕیاره‌سیاسیه‌کان.
له‌وڵاتانی دیموکراسی دا پیاوانی سیاسه‌ت به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان هاوسانن. ئه‌میان ڕاسته‌وخۆ و ئه‌ویان ناڕاسته‌وخۆ بڕیارده‌رن. ئه‌وه‌سیاسیه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌له‌ڕۆژنامه‌نوسان ده‌ترسێت و لێیان ده‌سڵه‌منه‌وه‌. شتێکی ڕێکه‌وت نیه‌که‌ئه‌و سیاسیانه‌ی لێدوان ده‌ده‌ن بۆ میدیاکان و چاوپێکه‌تنه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن زۆر به‌کورتی و به‌ووشه‌و ده‌ربڕینی پڕ به‌پێست بدوێن یان له‌کاتی دودڵیان له‌مه‌سه‌له‌یه‌کدا به‌جۆرێك ده‌دوێن که‌ڕێگای پاشه‌کشێ له‌خۆیان به‌ربه‌ست نه‌که‌ن. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌سه‌رجه‌میان له‌ژێر کاریگه‌ری میدیاکانه‌و میدیاکان ئه‌وانی به‌و شێوازه‌دروستکردووه‌و گۆڕیوه‌.
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌له‌بنه‌ماکانی دیموکراسی و ئازادیه‌کان ده‌دوێن ، به‌ڵام له‌کرداردا وه‌کو ئامرازێك بۆ سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان و شێواندنی دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌به‌کاری ده‌هێنن.
ئه‌مان پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی دیموکراسیه‌وه‌بودجه‌و توانایه‌کی بێ سنوریان خستۆته‌به‌رده‌ست میدیا حیزبیه‌کان و میدیاکانی ده‌سه‌ڵات، بۆ پرۆپاگه‌نده‌ی دیموکراسیه‌ت و نیشتیمان په‌روه‌ری خۆیان و له‌کرداردا بۆ ڕوبه‌ڕووه‌ستانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ئازاده‌کان. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌هه‌وڵی ئه‌ودان میدیا ئه‌هلیه‌ناڕازیه‌کان له‌سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ لاڕیدا و به‌ ئاراسته‌ی نه‌رمی و بێده‌نگی دا به‌رن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌هیچ ئامراز و ڕێگایه‌کی به‌ناو یاسایی و نایاسایی و ته‌نانه‌ت ڕه‌شه‌کوژی و زیندان کردن و لێدان و سوکایه‌تی پێکردن نه‌سڵه‌میونه‌ته‌وه‌.
ڕۆژنامه‌نوسان له‌هه‌موان زیاتر ئه‌و زه‌بر و گوشارانه‌له‌سه‌ر خۆیان هه‌ست پێ ده‌که‌ن، هه‌ربۆیه‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێنه‌ده‌کرا له‌سه‌ر مێزێك و له‌ژێر بنمیچی هۆڵی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێك له‌حیزبه‌سه‌رکوتکه‌ره‌کانی کوردستان کۆببنه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌کۆبونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و پێشکه‌شکردنی یاداشت به‌سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌پاڵ یاداشت دان به‌کونسوڵخانه‌کانی هه‌ولێر و رێكخراو ده‌زگا مرۆڤ دۆسته‌كان ناکرێت هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی تری بۆ بکرێت جگه‌له‌پێشاندانی لاوازی و نیشاندانی ئاماده‌یی بۆ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ریان.
هه‌رگیز هیچ گردبونه‌وه‌و دانوستاندنێك جا ئه‌گه‌ر له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا بێت یان تاکه‌کان و له‌هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێکدا بێت ناکرێت ڕوبدات یان به‌ئه‌نجام بگات
ئه‌گه‌ر هه‌ردولایه‌ن ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بێت دابه‌زین و نه‌رمیه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی به‌رامبه‌ردا ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌مه‌ش شتێکی موتڵه‌قه‌و په‌یوه‌ندی به‌چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی و کات و شوێنه‌وه‌نیه‌و ئه‌لف و بای تیۆری و بنه‌مای دانوستاندنه‌کان و ڕێکه‌وتنه‌کانه‌.
ئه‌م ڕاستیه‌به‌و ئاراسته‌یه‌مان دا ده‌بات که‌بپرسین ئایا ڕۆژنامه‌نوسان به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کانیان له‌ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی یاداشت و گردبونه‌وه‌له‌گه‌ڵیان چیان پێبو بۆ به‌خشین به‌ده‌سه‌ڵات ؟.
به‌سه‌ربازی کردن و که‌شی تیرۆر و ترساندن و له‌ڕه‌گه‌وه‌هه‌ڵکێشانی یه‌کێك له‌گرنگترین بنه‌ماکانی دیموکراسی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ که‌بریتیه‌له‌ڕاده‌ربڕینی ئازادانه‌که‌خۆپیشاندانیش ده‌گرێته‌وه‌دوورنیه‌ بێهیواییه‌کی له‌ناو دڵه‌لاوازه‌کان دا دروست کردبێت ، جێگاای داخه‌به‌شێك له‌ڕۆژنامه‌نوسان و میدیا ئه‌هلیه‌کان له‌ڕیزی ئه‌و دڵه‌ لاوازانه‌دا ‌بن.
له‌مڕۆی جیهانی ڕاگه‌یاندنی خێرا و شارستانیه‌ت دا خه‌ڵکی کوردستان هیوای گه‌وره‌یان به‌ده‌نگه‌ئازاده‌کان و ڕۆژنامه‌نوسانی به‌هێز هه‌یه‌که‌ته‌حه‌دای ئازار و تێرۆر و هه‌ڕه‌شه‌کانی پیاوان و به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن.
خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ڕۆژنامه‌نوسان و میدیا ئه‌هلیه‌کان خۆیان له‌سه‌ر و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ببین و کاریگه‌ری له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر بکه‌ن بۆ ڕاپه‌ڕین و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ناڕه‌واییه‌کانیان نه‌ك‌خۆیان زه‌لیل پێشان بده‌ن و تکا و داواکاری بخه‌نه‌به‌رده‌م مه‌کته‌به‌سیاسیه‌کان و له‌به‌رامبه‌ردا داواکاریه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە