پێویستە كۆمپانیای ئاسیاسێل نرخى پەیوەندییەكان دابەزێنێت
Monday, 03/05/2010, 12:00
گومانى تێدا نییە سیستمە جیاوازەكانى (سەرمایەدارى و سۆسیالیستى و هاوبەشى و تاد...) هەموویان ئامانجیان پێشكەشكردنى خزمەتگوزارییە بە كۆمەڵگا، هەر چەندە لە سیستمێك بۆ یەكێكیتر دەگۆڕێت وە لە سیستمى سەرمایەدارى و تا ڕادەیەكیش هاوبەشى ڕێ بە بازاڕى ئازاد دەدات و لێرەشدا لەو وڵاتانەى كە ئەم جۆرە سیستمە پەیڕەو دەكەن گرنگى دەدەن بە كەرتى تایبەت و دامەزراندنى چەندین كۆمپانیاى جۆراو جۆر لەلایەن سەرمایەدارانى لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات، بە مەبەستى پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى بۆ كۆمەڵگە، هەرچەندە خۆشیان قازانج دەكەن بەشێوەیەكى ڕەها بەتایبەت لە وولاتە تازە پێگەیشتوو و دواكەوتوەكان دا كە نەتوانراوە بەشێوەیەكى باش پەیڕەوى ئەو یاسا و سیستمە ئابووریانە بكەن لە وڵاتیان دا.
كۆمپانیا بە پێی یاسای بازرگانى ئەو دەزگایانەن كە بە چالاكیەكى ئابورى دیاریكراو هەڵدەستن و سەرمایەكانیان موڵكى چەند كەسانێكن، یاخود هەندێك پڕۆژە شێوەى كۆمپانیا وەردەگرێت كە لەیەك كەس یان زیاتر خاوەنیەتى و بەڕێوەى دەبەن و بەرگەى زەرەر و زیان دەگرێت و كەسایەتیەكى مەعنەوى جیاوازى هەیە.
ئەمە بە پێ ی ئەو یاسایە راستە كە چەند كەسێك ئەتوانێت كۆمپانیا دابمەزرێنن، بەڵام ئەمە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان، نەوەك لە وڵاتە تازە پێگەیشتوەكان نا!
ئەوەتا لە هەرێمى كوردستان ئەو هەموو كۆمپانیایە هەیە بەشێكى زۆرى موڵكى چەند سەرمایەدارێكە و دەستیان گرتووە بەسەر داهاتى كوردستان دا، بەشێوەیەك لەوانەیە ئەگەر سەرمایەدارێك بیەوێت پڕۆژەیەك یان كۆمپانیایەك دابمەزرێنێت ئەوا دەبێت پشكێكى بۆ ئەو سەرمایەدارانە بێت كە دەستیان بە سەرداهاتى كوردستان دا گرتووە، كە ئەمەش بەڕاى من دیكتاتۆریەتى ئابووریە لەوڵات دا و دەستبەسەرداگرتنى ئابوورى وڵاتە.
هەندێك لە كۆمپانیاكانى هەرێمى كوردستان هەرچەندە خزمەتگوزارى جۆراوجۆر و باش بەدانیشتوانى كوردستان و عێراق دەدەن، بەڵام ئەو خزمەتگوزاریە پێویستە لەئاست ڕەزامەندى بەكارهێنەرانى دا بێت، نەوەك ئەو خزمەتگوزارییە هەرچەندە باش بێت، بەڵام لەبەرامبەر دا بەكاربەر بودجەیەكى زۆر و هەوڵێكى زۆرى بۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی، وا بزانم ئەمە پێچەوانەى ئەو یاسا بازرگانیانەیە كە بۆ خۆشبەختى كۆمەڵگە دابین كراون.
ئەگەر نمونەى ئەو كۆمپانیایانە بهێنێتەوە كە لاى هەموان ئاشكرایە لە چەند هەفتەى ڕابردوو و بە ئێستاشەوە گلەیی و گازندەى زۆرى لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕوبەڕوو دەكرێتەوە، كۆمپانیا ئاسیا سێلە، كە پاش ئەوەى جۆرى تەعامولكردنى بەدراو لە دۆلارەوە گۆڕى بۆ دینار، حسابى هاوڵاتیان بۆ خولەكێك لە قسەكردن زیادیكرد، هەر چەندە بەرپرسانى كۆمپانیاى ناوبراو بیانوو بۆ كارەكەیان دەهێننەوە بەوەى كە بانكى ناوەندى عێراقى داواى لێكردون ئەو كارە بكەن، بەڵام من دەڵێم ڕاستە، بەڵام پرسیارێك كە پێویستە لە بەرپرسانى ئاسیا بكرێت ئەوەیە كە ڕاستە كاركردن بە دینارى عێراقى بۆ جۆرى دراوەكە و بۆ عێراق و بۆ هاوڵاتیانیش قازانجە، بەڵام ئەو كۆمپانیایە بەدڵنیایەوە دەتوانێت ئەو ڕێژەیەى كە دیارى كراوە بۆخولەكێك لە قسەكردن كەم بكاتەوە، بۆ نمونە پێشتر جۆرێك لە سیمكارت خولەكێك بە (4) سەنت بوو، ئێستا بووە بە (50) دینار، ئەتوانرێت بكرێتە (40) دینار و هەروەها ئەوانیتریش، كە ئەمەش جێی دڵخۆشییە و خزمەتگوزارییەكى زۆر باشە بۆ هاوڵاتیان و باوەڕ ناكەم كەس لارى لەوە هەبێت، تەنها ئەوە نەبێت لەوانەیە تۆزێك لە داهاتى كۆمپانیاكە دابەزێت كە ئەمەش هیچ كاریگەریەكى نیە بۆیان.
بۆیە لە كۆتایدا داواكارم لە حكومەتى عێراق و حكومەتى كوردستان و پاشان كۆمپانیاى ئاسیا سێل كە تەنها گیرفانى خۆیان لا مەبەست نەبێت و ئاوڕێك لە گیرفانى ملیۆنان بەشداربووى ئەو تۆڕیان بدەنەوە، ئەگەر نا جەماوەر ئەگەرى زۆرە بڕیارى خۆى بدات و هێرشى جەماوەریش خۆڕاگر نییە و داهاتتان بە زۆر پەیداكراوتان لەناو دەبات.
*ئەندامى یەكێتى ئابووریناسانى كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست