کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كوردبووم ویستییان ته‌عدای‌ سێكسیم لێبكه‌ن

Sunday, 13/09/2009, 12:00


■ ئا: ساراقادر
هه‌رله‌دوای‌ ته‌واوبونی‌ ته‌عزیه‌كه‌، برا گه‌وره‌كه‌م داوای‌ یاسایی‌ به‌رزكرده‌وه‌، كه‌ من‌و دایكم ده‌ستمان هه‌بووه‌، له‌كوشتنی‌ براكه‌مدا‌و ده‌ستگیر كراین. ئه‌فسه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌ نۆره‌ ته‌حه‌روشیان پێده‌كردم، ده‌یانویست ته‌عدای‌ سێكسیم لێبكه‌ن، كه‌ رازی‌ نه‌بووم ئنجا كاره‌بایاندا له‌سه‌رم‌و به‌كێبڵ لێیان ئه‌دام.
له‌زیندانی‌ خانه‌قین ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا(ش.م)، به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ له‌كوشتنی‌ براكه‌یدا، له‌گه‌ڵ دایكیدا ده‌ستگیر كراوه‌، له‌ دوای‌ به‌سه‌ر بردنی‌11 مانگ له‌و زیندانه‌، ئێستا له‌زیندانی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌سلێمانی‌و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌یه‌، داخۆ ئازاد ده‌كرێن یان حوكمیان به‌سه‌ردا ده‌درێت. (ش.م)، له‌گه‌ڵ قسه‌كردندا هه‌میشه‌ زۆر به‌ ترسه‌وه‌ ئه‌دواو ته‌ماشای‌ ده‌وروپشتی‌ خۆی‌ ئه‌كرد، ده‌یوت ده‌ توخوا بۆ قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ده‌تانه‌وێت بمبه‌نه‌وه‌ جه‌هه‌نه‌مه‌كه‌ی‌ خانه‌قین؟ تكایه‌ مه‌مبه‌ن له‌وێ‌ سه‌ریان تاشیم‌و هه‌مووقژیان لێكردمه‌وه‌، به‌ته‌عزیب تووشی‌ نه‌زیفیانكردم. ئه‌فسه‌رێكیان به‌ناوی‌ (عه‌قید م). شه‌قی‌ له‌ناو له‌شمداو توشی‌ نه‌زیفیكردم، ئیتر بۆ ئه‌مبه‌نه‌وه‌؟.
ئه‌و هێشتا ترسی‌ ئه‌و شه‌وانه‌ی‌ له‌لا بوو‌، كه‌ شه‌وانه‌ دایكه‌ پیره‌كه‌یان له‌ژووره‌وه‌ سجنكردووه‌و (ش.م)ی‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵیشیان به‌بیانووی‌ لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ بردۆته‌ ژووری‌ ئه‌فسه‌ره‌كان‌و ته‌حه‌روشیان پێكردووه‌.
(ش.م) كوژرانی‌ براكه‌ی‌، كه‌ ساڵێك به‌رله‌ئێستا بووه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیاندا، به‌كاره‌ساتێكی‌ دڵته‌زێن ناو ده‌بات‌و ده‌ڵێت رۆژێك براكه‌م هاته‌وه‌و خواردنمان بۆ ئاماده‌ كرد، سێ‌ براده‌ری‌ ده‌عوه‌تكردبوو، ئیتر من‌و دایكم‌و باوكم چووینه‌ قاتی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ خانووه‌كه‌و خه‌وتین. له‌ناكاو ده‌نگی‌ فیشه‌ك هات، كه‌ رامانكرده‌خواره‌وه‌ سێ‌ جووت شه‌حاته‌ی‌ پیاوانه‌و سێ‌ په‌رداخ كه‌وتبوو، براكه‌شم له‌خوێناوی‌ خۆیدا گه‌وزابوو. هه‌ر دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌عزیه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، نزیكه‌ی‌ 21كه‌سی‌ كه‌سوكاری‌ خۆیان له‌سه‌ر كوشتنی‌ ئه‌و كوڕه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تا ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ (ش.م)و دایكی‌‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ ترن له‌به‌شی‌ پیاوانی‌ زیندانی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌ن‌و له‌چاوه‌ڕوانی‌ دوابڕیاری‌ دادگادان.
(ش.م) به‌ده‌م گریانه‌وه‌ باسی‌ ئه‌و كاتانه‌ی‌ ده‌كرد، كه‌ له‌خانه‌قین له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌فسه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وانه‌وه‌ ده‌ستدرێژی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر‌و ئازار دراوه‌، له‌خانه‌قین هه‌موو لێكۆڵیاره‌كان پیاون، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كورد بووین، زۆرتر ئازاریان ئه‌داین. شه‌وێكیان عه‌قید م. هاته‌ به‌رده‌مم‌و ده‌ستی‌ ئه‌هێنا به‌ڕوومه‌تمدا داوای‌ كاری‌ سێكسی‌ لێكردم، منیش زۆر توڕه‌بووم، وتم بێویژدانانه‌ كچم كچ. پاڵم پێوه‌نا ئه‌ویش تا هێزی‌ تێدا بوو نینۆكه‌كانی‌ له‌ڕوومه‌تم گیر كردو پێسته‌كه‌ی‌ داماڵی‌. ئنجا به‌خۆی‌‌و چوار ئه‌فسه‌ری‌ تر كه‌وتنه‌گیانم‌و هه‌ردوو ده‌ست‌و قاچیان به‌ستمه‌وه‌. یه‌كێكیان یه‌ك شه‌قی‌ له‌ناوله‌شمدا، یه‌كسه‌ر كه‌وتمه‌ سه‌رخوێن. ئنجا كاره‌بایان له‌سه‌رم داو سه‌ریان تاشیم، كه‌ هاوارم ئه‌كردو ئه‌پاڕامه‌وه‌، ئه‌یاندا به‌ده‌مماو ته‌ئكیدیان ئه‌كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بتانكوژین‌و ئێسقانه‌كه‌شتان بشكێنین هێشتا هه‌قی‌ خۆمان نه‌كردۆته‌وه‌ هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كوردن‌و خه‌ریكه‌ ژماره‌تان زیاد ده‌بێت. هه‌وڵی‌ تواندنه‌وه‌تان ده‌ده‌ین.
(ش.م) ئاواته‌خوازه‌ رۆژێك رزگاری‌ ببێت‌و حه‌قی‌ خۆی‌ له‌وعه‌ره‌بانه‌بكاته‌وه‌، داواكاره‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، كه‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت به‌تایبه‌ت سلكی‌ ئاسایش‌و پۆلیس له‌عه‌ره‌ب پاك بكه‌نه‌وه‌و نه‌هێڵن له‌و شوێنه‌ هه‌ستیارانه‌دا كاربكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: ئه‌و ته‌عزیب‌و ئیهانه‌یه‌ی‌ له‌زیندانی‌ خانه‌قین بینینم، مه‌گه‌ر هه‌ر مه‌رگ بیرمبباته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە