کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


خانووی من و کۆشکه‌که‌ی نێچیرڤان

Sunday, 02/12/2012, 12:00


ئه‌م وێنه‌یه‌ باشترین نموونه‌ی ناعه‌داله‌تیه‌ له‌م وڵاته‌دا. به‌داخه‌وه‌ ئه‌مرۆ حکومه‌ت به‌ هه‌موو ئیمکانیاته‌که‌وه‌ و به‌ بودجه‌یه‌کی زۆره‌وه‌ له‌ ده‌ست که‌سه‌که‌ که‌ ته‌نیا له‌ فکری به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و که‌سانی ده‌ورووبه‌ریدایه‌.
من که‌سێکی ده‌رچووی زانکۆم، کوڕه‌ شه‌هیدم، خانه‌واده‌مان چه‌ندین ساڵ ئاواره‌ بووه‌، که‌چی ئه‌مرۆ بێکارم و خانووشمان ئه‌م که‌لاوه‌یه‌ و خه‌ریکه‌ ده‌روخێت.





به‌ڵام سه‌رۆکی حکومه‌ت هیچ وه‌فای بۆ خوێنی شه‌هیدان و خه‌باتی ئه‌م هه‌موو خه‌ڵکه‌ دڵسۆزه‌ نه‌بوو. ئه‌و له‌ جیاتی خه‌ڵکی دڵسۆز کۆمه‌ڵێک خه‌لکی گه‌نده‌ڵ و ڕابردوو پیسی له‌ خۆی کۆ کرده‌وه‌ و سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ تاڵان ده‌که‌ن.
نێچیرڤان هه‌ر رۆژێ و کۆشکه‌ک له‌ ناو کوردستان دروست ده‌کات، هه‌ر رۆژه‌ و وێنه‌ی کۆشکه‌کی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاو ده‌بیته‌وه‌، ئه‌وجا دێت له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن به‌بێ شه‌رم باسی خزمه‌تی خانه‌واده‌ی ئه‌نفال و شه‌هیدان ده‌کات. ئه‌و به‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی لای خه‌لک چه‌ند ناشرین بوو، به‌و دووڕوویی و درۆیانه‌شی هه‌نده‌ی دیکه‌ ناشرین بووه‌ و جێگه‌ی بێزاریی خه‌لکه‌.
به‌ پاره‌ی یه‌ک کۆشکی ئه‌و خانوو بۆ سه‌دان خانه‌واده‌ی شه‌هیدان درووست ده‌کرێت، که‌چی به‌س قسه‌ی بۆ خه‌لک هه‌یه‌ و به‌ کرده‌وه‌ ته‌نیا خه‌ریکی زیادکردنی کۆشکه‌کانیه‌تی.
ئێستاش وا خه‌ریکه‌ به‌بێ شه‌رم به‌ به‌رچاوی خه‌لکی تێکۆشه‌ری ده‌ڤه‌ری بارزان و ئه‌و هه‌موو خانه‌واده‌ی شه‌هید و ئه‌نفاله‌ گه‌وره‌ترین کۆشک له‌ نزیک گوندی دۆرێ دروست ده‌کات و به‌ پێشبینی ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر کۆشکه‌که‌ کار ده‌که‌ن زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن دۆلاری تێده‌چیت.
له‌م بارگرژییه‌ی ئێستای کوردستانیشدا که‌ پێشمه‌رگه‌کان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریدان، نێچیرڤان بێده‌نگه‌ و ته‌نیا خه‌ریکی بازرگانییه‌. که‌ بوو به‌ ته‌نگانه‌ ئه‌م سه‌رۆک حکومه‌ته‌ دیار نییه‌ و که‌ دونیا ئارام بوویه‌وه‌ دێت ده‌بێت به‌ قاره‌مانی مه‌یدان و به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی خه‌لکی دیکه‌ لووش ده‌دات.
په‌یامم وه‌ک خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌ک،بۆ نێچیرڤان ئه‌ویه‌ که‌ له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانت به‌رده‌وام به‌ چوونکه‌ زه‌حمه‌ته‌ واز بێنی، به‌ڵام دووڕوو مه‌به‌ و شه‌رم بکه باس له‌ خزمه‌تی خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان بکه‌ی.‌ ئیتر نامانه‌وێت زاتی ناموباره‌کت له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن ببینین و درۆ و ده‌له‌سه‌ و قسه‌ی به‌تاڵ به‌ خه‌لکی هه‌ژارمان بفرۆشی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە