شەڕی پێشمەرگە دژی داعش بە شەڕێکی رزگاری بۆ کورد پێناسە ناکەم
Wednesday, 25/02/2015, 12:00
لە باشووری وڵات کە لێواولێو لە زۆنگاوە. مانای فەلسەفی ترس ئەویە. مەیلی خۆپاراستن. خۆپاراستن لە دێوجامە، لە نە خۆشی، لە تۆفان و........، مەزنترین ترسم ترسە لە کەسانێک کە قەرارە وڵاتێکی ئارام وپێشکەوتوومان بۆ بڕەخسێنن. ژیانێکی ئازادو فرەچەشنەمان بۆ ئاواکەن. من لە دوژمن ناترسم.چون دەیناسم. ترس لە دوژمن ترسێکی مێژووییە.لەو ترسەدا تەنیا لایەنێک بڕیار نادا. لایەنی ناو خۆییش رۆڵی سەرەکی هەیە. بۆیە لەدەسەڵاتی خۆماڵی زیاتر دەترسم تا بیانی. دوژمن کورد وەک نەتەوە ناناسێ. دەسەڵاتی کورد هەم بە کوردت دەناسێ، هەمیش هیچ حورمەتێکت بۆ دانانێ. دیکتاتۆڕەکان خۆماڵی بۆ بژیوی نانی رۆژانەی منداڵی ئەنفال پارە لە دڕندەترین دوژمنی کورد وەردەگرن! بۆیە لێیان دەترسم! فڕشی سوور بۆ تەک تیرئەندازی بکوژی کورد رادەخەن بۆیە لێیان دەترسم.
لە نووسەر، شاعیر، مێدیا، رۆژنامە ومامۆستازانکۆی کورد، لە پێشمەرگەی کورد دەترسم.چون ناتوانم لە تەختی دڵەوە نەهێنییەکانی دڵمی بۆ نەتەوەکەم بێنمە سەر پەڕاو.لە پێشمەرگە دەترسم. چون سڵاوی لێدەکەم جوابم ناداتەوە! پێی دەڵێم تۆ خوێنی، خوێنی منی، دەڵێـم، قسەم پێتە، قسە. روم لێوەردەگێڕێ.! دەڵێم رێگە مەدە من وتۆو ئەنفال وهەڵەبچەو قەڵای دم دم و...... بە فیڕۆ بچن کەچی پێم پێدەکەنێ. دەڵێم چاوت بکەوە بزانە تۆ وەک قیبلەی. با نەتکەنە قیبلەی بیانی. دەڵێم دوور بڕوانە دوور. هەموو دونیا باست دەکا، ناوت دێنێ، بویە ویردی سەرزاران، بەڵام لە گەورەو چووکی ئەو وڵاتانەدا تەنیا ئەوە دەڵێن، کورد پشکی سەرەکی هەیە لە شەڕی داعشدا! کەس ناڵێ ئەو شەڕەی کە کورد دەیکامافی خۆیەتی شەڕی رزگاری بێ!! کەس ناڵێ ئەو شەڕە دەبێ بۆ سەربەخۆیی بێ. لەسەر حیسێبی خوێنی تۆ چەکی قورس وەردەگرن. کە کار بگاتە جێیەکی ئەستەم ئاشبەتاڵت بە دیاری بۆ دێنن.بۆیە من دەترسم. لەسروودی نەتەوییم دەترسم چون هەڵەی مێژوویی تێدایە. لەو ئاڵایە دەترسم کە بنەماڵەو عەشیرەی بارزانی مامڵەی لەسەر دەکەن. لە دوڵەتی کوردی دەترسم چون دەزانم بۆیان پێک نایە، تەنیا گەمە بە هەستو سۆزی شەهید ودایکی شەهیدی پێدەکرێ.
" شەڕی ئازادی"
رستەی سەرووی ئەو بابەتە بۆ من گرانە. هەرکەس دەتوانێ بە دڵی خۆی لێکی بداتەوە. گوتن لە وڵاتی منداوێنەی چارەنووسی پێنووسێکە کە دەخوازێ بنووسێ، بەلام جەوهەری نووسینی لێبڕاوە. هەرچوار لاقی شکاوە. من مێژوو نانوسمەوە چون کاری من نییە. ئەوەی دەیهێنمە سەر پەڕاووەک رۆژ لە بەر چاوانە بەڵام لێم بۆتە ئەستێرەی کاروانکوژە. هەموورۆژی پێش کازیوە، پێش گزینگ، پێش تیرڕێژی خۆری ژیان لێم وەژوور دەکەوێ ودەڵێ: کوردە ئەوجاریش تاسکڵاویان لەسەر نای ودۆڕای!
لەشەری ئازادیدا چەند هۆی گرینگ هەن کە دەبنە بناغەی مێژوویی بۆ داهاتووی ئەو شەڕە. لە پشت هەر شەڕێکی رزگاریدا، دەسەڵاتێکی دوور ناس و سیاسەت زان هەیە کە لەسەر حیسێبی بەرژەوەندی نەتەوەکەی ئەو شەڕە درێژە پێدەدا. شەڕتێکهەڵچوونێکی رێکوپێکە جار جار کورتە جار جاریش درێژ خایەن. شەڕ جۆرێک لە تووندووتیژی سیاسییە، کە لەسەر ئەرکی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بەڕێوە دەچێ. دەخوازم ئاماژە بە چەند شەڕی سەرکەوتن بکەم بە کورتی:
" شەڕی سەربەخۆیی ئیسڕاییل"
من دەوڵەتی ئیسڕاییلم خۆش ناوێ.قەت قازانجی بۆ کورد نەبووە. خەڵکی ئەو وڵاتەش بابەتێکی دیکەیەو رێزی لێدەگرم. پێمان خۆش بێ پێمان ناخۆش بێ، ئەو شەڕەی سەرەتا ئیسراییلیەکان بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان لە گەڵ عەڕەبەکاندا کردی شەڕێکی رزگاریی نەتەوەیی بووە.شەڕی ئازادی نەتەوەیەک بووە بۆ گەیشتن بە سەر بەخۆیی.شەڕی ئیرادەیەکی مەزن بووە بۆ پاراستنی خاک ونەتەوەی ئیسڕاییل. ئەو شەڕەلە وڵاتی ئیسڕاییل ساڵی ١٩٤٨ روویدا لە گەڵ عەڕيبەکان بە شەڕی سەربەخۆیی لە مێژوودا چەسپاندوویانە.بە پێچەوانەش فەلەستینەکان ئەوشەڕانەیان بە شەڕی،، نێکبەت یا بێبەختی،، پێناسە کردووە.هیچ نەتەوەیەک بێ بەخت نییە، مەگەر بەدەستی خۆی، تووشی بێ بەختی بێ.
" شەڕی ویتنام"
دەزانین کە ئەو شەڕي چۆن ئیرادەی خەڵکی ئەو وڵاتەی بەسەر زلهێزێکی وەک ئامریکادا زاڵ کرد. ویتکۆنگەکان ئازایانە لەوشەڕەدا گووتیان کە نەتەوەیەک کە خاوەن ئیرادەی خۆی بێ دەتوانێ نەبێتە بندەستی هیچ وڵاتیك. رەنگە خەڵکی ویتنام وەک خەڵکی نۆڕوێژ نەژین.رەنگەر هەژاری ونەهامەتیش هەبێ. بەڵام شکستی ئامریکا بووە بە دەرسێکی مێژوویی کە خودی بەشداربوانی ئەمریکی ئەو شەڕە باسی لێدەکەن. لێرە قسەلەسەر باوەڕو ئیرادەیە.چونکی وڵات بە سواڵ وسەدەقە بەڕێوە ناچێ. تێکەڵای زانست وستڕاتیژی وباوەڕوڵات بەرەو ئامانج دەبا.
" شەڕی کۆبانی"
شەڕی کۆبانی بۆ کورد پەخشانی ژیان بوو بۆ هەڵەبچەوئەنفال وقەڵای سارمێ، بۆ قەڵای دم دم شێعری خودای راستان. بۆ هەموو دونیا پەیام بوو، ئەوجار مەموو زینی خانی لە رۆژئاوای وڵات لە کۆبانی بە تەواوی هەنگوین زاراوەکانی خاکی کورد نووسرایەوە. شەڕی ئیرادە، شەڕی سەربەخۆیی، شەڕی ئازادی، شەڕی مان، نەوەک نەمان. کۆبانی وئیستالینگڕاد ناکەمە یەک. فاشیزمی سەر ئیستالینگڕاد زۆر جیاوازە لە گەڵ فاشیزمی سەردەم. ساڵەکانی تەمەنی هێرشی فاشیزمی سەر کۆبانی یەکجار زێدەترە لە تەمەنی هێرشی سەر ئیستالینگڕاد. لەشەڕی کۆبانیدا تاکی دوورناسی کورد سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە. لەشەڕی کۆبانیدا ئیرادەی قورس قسەی کرد. شەڕی دەسەڵاتی باشور سواڵی چەکی قورس دروێمان بۆ دەکا. داهاتووی شەڕی کۆبانی تا ئێرە روون وئاشکرایە. بەڵام داهاتووی،
بنە ماڵەی بارزانی لێڵو نامۆیە. مانگی یەکەمی شەڕی کۆبانی سەلماندی کە دڕەندەیەکی وەک داعش ناتوانێ بە هاوکاری فاشیزمی تورک گەمەی سیاسی بە چارەنوسی کورد بکا. دوای ئەو مانگە دەرکەوت کە شەڕی نیشتمانی وشەڕبۆ دەسەڵات لێک جیاوازن.
ئەگەر دەڵێم شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش شەڕی رزگاری نییە، لۆمەم مەکەن.رۆژانە گوێ بدەنە قسەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە نوێنەری کەرد دەزانن .چٶن بە عالەمی ئاشکرا جنێوو قسەی سووک بە یەکتر دەدەن! ئەو زار پیسانە حەیا نە لە پێشمەرگە دەکەن نە حەیا لە شەهیدان.خاکی پیرۆزیان لێ کردووینە کەکرە. دەباشە خوێنەری هێژا کوا ئەو شەڕە بۆتە شەڕی رزگاری وسەربەخۆیی.؟ تایبەتمەندی شەڕی ئازادی جودایە لە گەڵ شەڕی حیزبی. ئەوەی لە بەشێک لە وڵات قەوماوە شەڕی دەسەڵاتە. نەک شەڕی رزگاری.
گووتنێکی خۆشی کوردی هەیە کە دەڵێ: تەڵاق، گوێز نییە لەدارێ بوەرێ.بڕواننەو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات کە لە چەنگ کوردی دەسەڵاتدار چییان بەسەر هاتووە.ماوەیەکی دوورو درێژە لە کۆی سەنجەق زڕەگوێز قەتیس کراون.چەندە سەیرە ئەوانیش باسی رزگاری و باس لەوەدەکەن کە نوێنەری کوردن لە سیستمی رۆژهەڵات مێحوەریدا!چاپەمەنیو مێدیایان چاو لێدەکەی سەرەی پێشمەرگەو سروودی شۆڕشگێڕی گوێچکەی فەلەکی کەڕ کردووە کە چی سەرگەردان وبێ ستڕاتیژی ناوێرن لە جێگای خۆیان بجووڵن. لەسەردوو وشە شەڕیانە باسی کۆمەڵگایەکی ١٢میلیونی دەکەن لە رۆژهەڵاتی کوردستان! ئەوانیش پاشی بە کوشتدانی هەزاران مرۆڤی کورد باس لە پیشمەرگایەتی دەکەن! کۆمەڵەکان ، دێمۆکڕاتەکان، ئەوانی دیکە رێگای شەڕی داعشیشیان پێنەدرا. کەچی دووراودوور نوێنەری کوردن!؟ تۆ بڵێێ لە داهاتووی لەو بەشە لە وڵات چارەنووس بەرەو کوێمان هەڵدێرێ؟
شە ڕی پێشمەرگەی دەسەڵات لە باشور بە شەڕی رزگاری نازانم. بە شەڕی مامەڵەی سیاسی دەبینم بۆ داهاتووی کورد.ئامریکاو رۆژئاوایی متمانەیان بەو دەسەڵاتە نییە کە لە باشوور هەیە. ئەوان مێژووی ئێمەیان باش خوێندۆتەوە.ماوەیەکی دی وادەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی خەریکە تەواو دەبێ. بڕواننە وردە فەرموودەکانی پیاوانی دەسەڵات. خەریکن هۆڵ هۆڵ بگرین بۆ بارزانی ودەڵێن: کوا لەومان باشتر نییە! دەبێ قسەی لەسەر بکەین.ئەگەر چەند گووتنێکی کەسانی بوێر هەبن ودژی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی عەشیرە دووکنشینی بارزانی بن بایی فلسێکە. ئەوانە دروزنی مێژوون . ئەگەر راست دەکەن کۆمەڵگا تێبگەیەنن کە ئەو شێوە دەسەڵاتە مایەپووچ بووە ودەبێ یان خۆی بگۆڕێ یان وەلاچێ.شەڕی ئازادی بۆ کورد پشت بە نەتەوەکەی دەبەستێ.شەڕی دەسەڵات لە باشوور پشت بە یارمەتی داگیرکەر دەبەستێ.ئەوە جەوهەری کەلامی ئازادی ودێمۆکڕاسییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست