سەركەوتنێكى ترى گەلى باكوورى كوردستان،شەرمەزاریەكى ترى دەسەڵاتى باشوورى كوردستان
Sunday, 12/09/2010, 12:00
رۆژێك پێش هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى 31-3-2009 توركیا،یەك لە كەناڵەكانى راگەیاندنى سەر بە دەسەڵات پێوەندى پێوەكردم و دەربارەى ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى باكوورى كوردستان پرسیارى لێكردم،براى رۆژنامەوان برواى وابوو كە پارتى داد و گەشەپێدان لە پارێزگاكانى باكوورى كوردستاندا سەركەوتن بە دەستدێنێت،پرسیارەكانى والێدەكردم كە هۆى چیە لەو هەڵبژاردنەى سبەینێدا پارتى دادو گەشەپێدان لە شارەكانى باكوورى كوردستاندا سەركەوتن بەدەست دێنێت؟ منیش وەڵامم دایەوە كە بە بۆچوونى من پارتى دادو گەشە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت و پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى(سەر بە كورد) سەركەوتن بە دەستدەهێنێت.ئەوەى لە بیرم دێت لە هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى 2009ى توركیادا،حزبە دەسەڵاتدارەكان و حزبە نیمچە دەسەڵاتدارەكانى باشوورى كوردستان،هەڵمەتى هەڵبژاردنى ناراستەوخۆیان بۆ قازانجى ئەك پارتى(پارتى توركەكان) بە گەرمى بەرێوەدەبرد،ئەو پرسیارەش كە لە منیان كرد بەشێك بوو لە دوایین كارتى هەڵمەتى هەڵبژاردنیان بە سوودى ئەكەپە،بەڵام من هەستم بە هەستیارى پرسیارەكە كرد و هەڵمەتێكى دژە ئەكەپەییم پێدرووستكرد.
رۆژى 1-4-2009 ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانەیكانى توركیا دەرچوو،لە پارێزگاكانى باكورى كوردستاندا پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى(پارتى كوردەكان) سەد سەرۆك شارەوانى بردەوە و پارتى دادو گەشەپێدانى توركیش كە لە لایەن دەسەڵاتداران و نیمچە دەسەڵاتدارانى باشوورەوە پشتگیرى دەكراو پرۆپاگەندەى بۆ دەكرا،دووچارى شكستێكى گران هات و لە شارو شار ۆچكەكانى باكوورى كوردستاندا پۆستى چەندان سەرۆك شارەوانى لە دەستدا.
ئەو كاتە بە تەنها ئەكەپە شكستى نەهێنا،دەسەڵاتدارانى باشوور و دەستووپێوەندەگەشیان شكستى مۆرالى و سیاسى هێنا.شكستى دەسەڵاتداران و نیمچە دەسەڵاتداران لە چەند روویەكەوەبوو،یەكەم لە ململانێى نێوان كورد وو توركدا دەسەڵاتى كوردى پشتگیرى و هاوكارى توركیان كرد،ئەم جۆرە هەڵوێستە شازەى دەسەڵاتدارانى باشوورى كوردستان،كە دژى هاورەگەزەكەى خۆت هەڵوێست نیشان بدەیت و دژى هاورگەزەكەى خۆت كار بۆ حكومەتێكى داگیركەرى كوردستان بكەیت،كورد واتەنى لە قوتوى هیچ عەتارێكدا سیاسەتێكى وا نیە.شكستى دووەم ئەوەبوو كە پێشبینی حزبە دەسەڵاتدارەكانى باشوور بە هەڵە دەرچوو،و ئاشكرا بوو كە حزبە دەسەڵاتدارەكانى باشوورى كوردستان پێشبینى و هەڵسەنگاندنیان بۆ رووداوەكانى باكوورى كوردستان راست نیە.
سەرەراى ئەو شكستەى ساڵى پاریان،لەگەڵ نزیكبوونەوەى وادەى ریفراندۆمەكەى پارتى دادو گەشە لە سەر پرۆژەى چاكسازى دەستوور،حزبە دەسەڵاتدارەكانى باشوورى كوردستان و لایەنێكى ناو ئۆپۆزسیۆن،سوودیان لە هەڵەى رابوردوویان وەرنەگرت،بە پێچەوانەى ئیرادەى گەلى باكوورى كوردستانەوە كە بریارى دابوو ریفراندۆمەكە بایكۆت بكات، جارێكى تر حزبەكانى باشوور بوونەوە مەقاشى دەستى حزبەكەى ئەردۆغان و كەوتنە بلاوكردنەوەى پرۆپاگەندە دژى بریارى بایكۆت و بە شێوازى جیا جیا داوایان لە گەلى باكوورى كوردستان دەكرد كە دژى ئیرادەى ئازادى خۆیان بچنە سەر سندوقى دەنگدان و بە بەڵى دەنگ بۆ پرۆژەكەى ئەردۆغان بدەن،لە كاتێكدا ئەو پرۆژەیە هیچ دەسكەوتێكى بۆ گەلى باكوورى كوردستان تێدا نیە.
لە چوارچێوەى هەڵمەتى هەڵبژاردنى حزبەكانى باشوورى كوردستاندا بۆ ئەردۆغان، كەناڵى تەلەفزیۆنى گەلى كوردستان لە بەروارى 3-9-2010 لە ئامەد،وتارى ئەردۆغانى بە زیندوویى و بە وەرگێراوى گواستەوە،بەرپرسانى حزبەكانى ترى باشوورى كوردستان هەر یەك لە لاى خۆیەوە بانگەوازى دەكرد بۆ ئەوەى خەڵكى كوردستان ریفراندۆمەكە بایكۆت نەكات و دەنگ بە پرۆژەكەى ئەردۆغان بدەن.
گەلى كورد لە باكوورى كوردستان بۆ خۆى لە ناو گەرمەى كێشمەكێشى رووداوەكاندا دەژیت و خۆى دەزانێت پرۆژەى ریفۆرمى ئەكەپە چەندە سوودى بۆ گەلى كورد هەیە،خۆى دەزانێت چۆن بەرامبەر بەو پرۆژەیە هەڵوێست نیشان بدات،كەچى حزبەكانى باشوورى كوردستان بە بێ ئەوەى پێشبینیەكانیان بۆ رووداوەكانى باشووری كوردستانیش راستبێت، خۆیان دەكەن بە كوێخاى خەڵكى باكوورى كوردستان و پێیاندەڵێَن دژى ئیرادەى خۆتان دژى بەرژەوەندى خۆتان دەنگ بە پرۆژەكەى ئەردۆغان بدەن.
ئازادى و دیموكراسیى لە بنەما گرنگەكانى سسیاسەتى باوى سەردەمن،دیموكراسى واتاى ئەوەیە خەڵك بە شێوەیەكى ئازاد بریار لە هەڵوێست و چارەنووسى خۆى بدات و گشت لایەك رێز لە ئیرادەى بگرێت،لە مانگى رابوردوودا كاتێك كۆما جڤاكى دیموكراتى لە سنوورى باكوورى كوردستاندا بریارى خۆسەرى دیموكراتى دا،هەموو جیهان بە توركەكانیشەوە بێجگە لەحزبەكانى باشوورى كوردستان،رێزیان لە ئیرادەى خەڵكى باكوورى كوردستان گرت،ئەمرۆش كە گەلى باكوورى كوردستان بریارى بایكۆتى ریفراندۆمى پرۆژە دەستورى ئەكەپەى داوە،هەموو لایەك رێز لە هەڵوێستى خەڵكى باكوورى كوردستان دەگرێت بێجگە لە حزبەكانى باشوورى كوردستان.
ئەگەر دۆزى نەتەوەیى گەلى كورد لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا یەك دۆز نەبێت،حزبەكانى باشوورى كوردستان هەست بە ئەركى نەتەوەیى خۆیان نەكەن،ئەگەر ئەو پێكهاتە نەتەوەەیەى لە باكوورى كوردستان داواى مافى خۆی دەكات كوردیش نەبێت،ئەگەر ئەم حزبانەى باشوورى كوردستان زەڕەیەك بروایان بە ئازادى گەلان هەبێت،دەبێ لە ململانێى نێوان حكوومەتى توركیاو ئەو پێكاهاتەیەى لە لایەن دەولەتى توركیاوە مافى زەوت كراوە،لایەنگرى پێكهاتە چەوساوەكە بكات، نەك وەك ئێستە لایەنگرى هێزە دەسەڵاتدارە ماف زەوتكەرەكە دەكات.
ئەمرۆ لە هەواڵى كەناڵەكانى راگەیاندنەوە بۆمان ئاشكرا بوو،كوردى باكوور بە گشتى بایكۆتى ریفراندۆمى كردووە و سەركەوتنێكى دیموكراتى بێ وێنەى تۆمار كردووە،مرۆڤ پرسیار دەكات ئەو پێشبینیە هەڵەو سیاسەتە نانەتەوەیى و نادیموكراتەى دەسەڵاتدارانى باشوور،كەپشتیوانی لە سیاسەتى ئەكەپە دەكەن و دژایەتى سیاسەتى گەلى باكوورى كوردستان دەكەن،بە كام لۆژیكە بەرێوەدەبرێت؟ بەڵام چەندە بیردەكەیتەوە هیچ لۆژێكێك دەرەقەتى ئەو سیاسەتەى دەسەڵاتدارانى باشوورى كوردستان نایەت،بێجگە لەو لۆژیكەى كە بە پارەى دزراوى بوودجە و بە پارەى بە قاچاخ فرۆشتنى نەوتى خەڵكى كوردستان تێر ناخۆن و بەرامبەر بەو سیاسەتە نانەتەوەیى و نادیموكراتى و نازانستیەیان،وەكوو جاران، بۆ دژایەتى خەباتى گەلى باكوورى كوردستان،پارە لە حكومەتى ئەكەپە وەردەگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست