بێ مۆنتاژ ...
Thursday, 28/01/2010, 12:00
* لە 76%ى فەرمانبەرانى ئافرەت لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتداران لە دامودەزگاكان روووبەرووى تحروشى جنسى دەبنەوە،ئەمە راگەیاندراوى دوایین راپرسى رێكخراوى (پۆینت)ە،كەلەنێو كچان و ژنانى فەرمانبەر لەدامودەزگاكانى هەرێم ئەنجامدراوە.
لە مەملەكەتێكى وەكو كوردستاندا كە خەڵكەكەى زۆرترین قوربانى داوە بۆ ئەوەى لەدەست زوڵم و زۆردارى و چەوسانەوە رزگارى بێت،ئەو مامەڵەیەى بەرپرسان جێگاى قبوڵ نیە و خەڵكى مەدەنى كوردستان دەسەڵاتێكى مەدەنى گەرەكە.
هەزارەها دایك و باوك جەرگى خۆیان داخكرد و خوێنى ئازیزترین كەسەكانیان لە كوڕ و براكانیان خستە كاسەوە،بۆ ئەوەى شەخێیات و ئیعتباریان لە كۆمەڵگا پارێزراو بێت،هەزارەها خێزان سەرگەردان و ماڵوێران و ئاوارەییان هەڵبژارد و دەیان ساڵ بە كەساسى گوزەراندیان تەنها لەبەر ئەوەى وویستویانە كچ و خێزان و نەوەكانیان دوور بن لە شەهوەتى گڵاوى پیاوانى بەعس،بەڵام ئیستا كچان و هاوسەرەكانیان دووچارى هێرش و پەلاماردان و ناچاركردن دەبنەوە كە دەیان قوربانى و كارەساتیان رووبەروو بویەوە بۆ دەسەڵاتێكى خۆماڵى و ئیستا ش بەم شێوەیە پاداشتیان دەدرێتەوە.ئەگەر دەسەڵاتدارانى كوردستان بەخۆیاندانەچنەوە جامى خەڵك پڕ بوە.
* تاڵەبانى دەڵێت: نەوشیروان پاساوى دایە بەعس بۆ كیمیابارانكردنى هەڵەبجە،نەوشیروانیش دەڵێت :تاڵەبانى رێكەوتنى لەگەڵ ئیران كرد و رێگاى بۆ رژێم خۆشكرد و خۆزگەى بۆ هەڵەبجەى تر خواستوە ...ئەمانە قسەى ئێمە نین تا تاوانبارمان بكەن بە خائین و نۆكەرى بێگانە و لە پشتەوەبونى دەستێك بماندەنە دادگا ،ئەمانە قسەى خودى خۆیانە و لەسەر زمانى خۆیانەوە لە (كوردستانى نوێ و سایتى سبەى بڵاوكرایەوە كە زمانحاڵى خۆیانە) بەپێى قسەى خۆیان بێت كەسانێكیش هەبون بێجگە لە بەعس بەشدارە لە ماڵوێرانى و كارەساتەكانى سەر خەڵكى كوردستان،بۆ رۆشنكردنەوەى زیاتر ئەمانە دوو لە دێرینترین و نزیكترین هاوڕێى شاخ و شارى دەسەڵاتى سیاسین و زۆر لە نزیكەوە ئاگادارى یەكتر بونە دوایى نەمانى بەرژەوەندى لەگەڵ یەكتر ئەو نهێنیانەیان بۆ دركاندین .
فێڵ و خیانەت دوو لە قێزەوەنترین ووشەن،بەتایبەت ئەگەر بەرامبەر میلەتێك ئەنجام بدرێت و چارەنوسى هەزاران كەس بخەیتە مەترسیەوە و هەزارانیش ببنە قوربانى،هەڵەبجە زامێكە لەگەڵ بیرهێنانەوەى دیمەنەكانى ویژدانى مرۆڤایەتى دەهەژێنێت،سەرەڕایى ئەوەى رژێمى گۆڕبەگۆڕى بەعس تاوانبارى راستەقینەیە و ئەنجامدەرى تاوانەكەیە،بەڵام رێگا خۆشكردن و پاساودانە دەست بەعس و رێكەوتن لەگەڵ دوژمنەكانى ،كە لاى هەموو كەسێك رۆشنە هەموو وەحشیگەرییەكى لێدەوەشێتەوە جێگاى گومانە.بۆ میلەتێكیش كە هەمیشە قوربانى دەستى خیانەت و فێڵ لێكردنى ناوخۆ و دەرەوە بوە ،پێویستە ئەو دانپیانانە جێگاى هەڵوێستە لەسەر كردن بێت،بۆ ئەوەى لایەنى كەم بەر بە دووبارەبونەوەى كارەساتەكان بگرین كە لە سایەى میزاج و عەقڵیەتى بەرێوەبردنى ئەو وڵاتە،گەورەترین كارەسات لە برژانگەكانمانەوە زۆر نزیكترە لێمانەوە.
* لە هەموو دونیا،بەتایبەت ئەو وڵاتانەى دەسەڵاتى سیاسى چارەنوس و دوا رۆژى كۆمەڵگاى لا گەرەكە، قوتابخانە و دەزگا پەروەردەییەكان شوێنى دورستكردنى كەسایەتى و گۆشكردنیانە بەزانست و زانیارى،بێجگە لەوەى لە كوردستان مناڵان ئۆزقاڵێك مەعریفە لەم دەزگایانە فێر نابن و بەهۆى ئیفلیجى سیستەمى خوێندن و مامەڵەى نا پەروەردەیى كاراكتەرەكانى مناڵان و تازە لاوان لەنێو جەهل و تاریكى رادەگرن و رووبەرووى دەیان نەخۆشى دەروونیشیان دەكەنەوە،لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانەكان شوێنێكى لەباریشە بۆ تێكشكاندنى كەسایەتى تاكەكان،ئەوەتا هەفتەى رابردوو لە قوتابخانەى (یەزدان دۆختى بنەڕەتى)لە عەنكاوە ،جگە لەوەى قوتابیەك داركارى دەكرێت و دواتریش باوكى قوتابیەكە بانگ دەكرێت و هەر لەنێو قوتابخانەى ناوبراو قوتابى و باوكەكەى تەسلیمى پۆلیسى دەكەن و دواتریش بەهەزار و یەك تكا بە كەفالەت ئازادییان دەكەن و مەرجى بەرێوبەرەش ئەوەیە دەبێت ئەو قوتابیە لە قوتابخانەكەى نەخوێنێت وەكو بڵێى مولكى باوكى بێت.ئەم وڵاتە هێندە كارى لەسەر كراوە بۆ وێرانى و داروخانى بونیادەكانى تواناى خۆنوێكردنەوە و وەرگرتنى شتى تازە ناكات، بۆیە پێویستى بە ئاڵوگۆڕێكى ریشەى هەیە لە كۆى سیستەم و عەقڵیەتەكاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست