ئەمجارەش (دەست)ەكە ئاشكرا بوو گەمەی دەستەكان لە لەتكردنی زەحمەتكێشان
Sunday, 19/04/2009, 12:00
لەوەتەی من لەبیرمە پارتی و یەكێتی هەمیشە نەیارەكانیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە دەستیان لە پشتە و دەستێك لە ناوەوەڕا دەیانجوڵێنێت و بڕیاریان پێ دەدات، ئاخر ئەوان وەكو سەرجەم دیكتاتۆرەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوین فێری تۆمەت هەڵبەستنن بۆ ئەوانەی كە كەیفیان پێیان نایێ و بە نەیاری خۆیانیان دەزانن، هەمیشە دەڵێن دەستگا سەربەخۆكانی ڕاگەیاندن دەستیان لە پشتە، ئەرێ ناكرێ ئەو دەستە تەنیا جارێك ئێمەش بیبینین؟! ئەگەر ئێوە ئەو دەستەتان لێ دیارە بۆ بە ئێمەش ناڵێن چۆن ئێمەش دەكارین تەنیا جارێك ئەو دەستە ببینین؟! بەڵام من بە گومانم ئێوە جگە لە دەستی خۆتان هیچ دەستێكی دیكە ببینن، ئەو دەستەی بە دەیان جوڵەی سەیرەوە لە پشتی هەزارانە.
هەركاتێك دەمەوێت وشەی(دەست) بخەمە تێكستێكەوە، هیندە بە ترسەوە مامەڵەی لەتەكدا دەكەم، وا دەزانم نارنجۆكێكم لەناو دەستە، ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەكەم ڕەنگە لە هەر ساتێك بێت بتەقێتە، چونكێ (دەست) چیدی وەك وشەیێكی سادە سەیری ناكرێت، بەڵكو گەمەیەكی گەلێك ترسناكی سیاسیی دەكات و لە هەمان دەمیشدا فرە واتایە، (دەست) ئەگەر لە پشتی هەر كەسێكەوە بێت، لەوانەیە لە پڕێك بیكاتە كوڕێكی قۆزی چوارشانە، كە هیچ فیلێك نەتوانێت شان لە شانی موبارەكی بدات، خۆ ئەگەر نەیاری دەستەڵاتی ئەم هەرێمە بیت، ئەوا ئەگەر هیچ دەستێكیشت لە پشتەوە نەبێت و پارتی و یەكێتی هیچ دەستێكیشیان لێ دیار نەبێت، ئەوان بەوە تۆمەتیارت دەكەن كە تۆ دەستت لە پشتە و پێویستە متمانەت لێ بسەنرێتەوە، ڕێك وەك ئەوەی هەنووكە لە هەمبەر ئیسلامییەكان پەیڕەوی دەكەن، من بە هیچ جۆرێك نامەوێ ببم بە ئاوقاتی ئیسلامییەكان، بەڵام ئەوەتەی لەبیرمە ئەو تۆمەتەیان دەدرێتە پاڵ، ئەدی ئەگەر كەسێك وەهایە بۆ بەڵگەكانتان ناخەنە ڕوو؟! تا ئێمەش ئەو دەستە ببینین، یان ئەوەش هەر تۆمەتێكی سیاسیی سواوە و هیچی تر!
ئەوەی بەم دواییە لەناو حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستاندا ڕوویدا جگە لە (دەست)ی پارتی و یەكێتی هیچی دیكە نەبوو، ئەدی ئەوە نییە بە ڕۆژی ڕووناك و لەبەردەم هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دوو ئەندامی پایەبڵندی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە كۆنگرەكەی هەولێر پشتگیری لایەك دەكەن و دژی ئەوی دیكەن، ئەدی ئەوە نییە حكومەتیش بودجە بەم لایە دەدات و لایەكەی دیكەش وەلا دەنێت، سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش دەچێتە ناو شەڕەكەوە و مۆڵەتی ڕۆژنامەیەكی دیكەش هەر بەناوی(ئاڵای ئازادی) دەدات، ئەگەر ئەمانە(دەست) نەبن چین؟
نەنگییەكی گەلێك گەورەیە بۆ پارتی و یەكێتی كە خۆیان بە ڕابەر و براگەورە دابنێن و بەو شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ حیزبێك یان سەركردایەتی ئەو حیزبە بكەن كە تا دوێنێ هاوپەیمانیان بوو و لە ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەندام بووە، لێرەدا جگە لەوەی دەستەكەی پارتی و یەكێتی لەناو زەحمەتكێشان ئاشكرا بوو، ئەوان سڵ لەوەش ناكەنەوە لەبری ئاشتكردنەوەیان بێن لە بەرژەوەندی لەتێكی زەحمەتكێشان قسە بكەن بۆ دژایەتی كردنی لەتەكەی دیكە، ئەگەر یەكێتی و پارتی دەستیان لەم لەتركردن نەبوو بۆ بێلایەن نەبوون لەم كێشەیە.
لەهەمووشی سەیرتر ئەوە بوو كە دەستگاكانی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حیزبە لەتەكەی قادر عەزیزیان بە (باڵ) و لەتەكەی هەولێریان بە (حیزبی زەحمەتكێشان) ناو دەبرد، لەوەش سەیرتر پارتی و یەكێتی لە وتەكانیان كە لە كۆنگرەی لەتەكەی هەولێر لە هۆڵی میدیا خوێندیانەوە پاساوی پشتگیریان بۆ ئەم لەتە بۆئەوە دەگێڕایەوە كە ئەمانە زۆرینە و ئەوانی دیكە كەمینەن! ئاخر ئەوە كەی لۆژیكە، حیزبێك ئینشیقاقی تێ بكەوێت و تۆ بچیت پشتگیری لایەكیان بكەیت بە پاساوی ئەوەی زۆرینەن؟ ڕەنگە ئەوە یەكێك بێت لە سەیر و سەمەرەكانی مێژووی ئەو دوو زلحیزیە لە سەدەی بیست و یەك.
ئەمە سەرەتایەكی مەترسیداری كاركدنی هاوبەش دەستەكانی پارتی و یەكێتییە بەیەكەوە بۆ پارچە پارچە كردنی هەموو ئەو هێز و لایەنانە كە پێیانوایە هەبوونی ئەوان بەو شێوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، شاراوە نییە كە لایەنێكی دیكەی ئەم دەستتێوەردانە تۆڵە كردنەوەیەكی كەمەر شكێتە لە قادر عەزیز، كە پارتی و یەكێتی پێیانوابوو لەبن دەستی ئەوان دەرچوە و خەریكەی لەگەڵ نەیارە سەرسەختەكانیان-ئیسلامییەكان- ڕێككەوتن دەكات، بۆیە بە خەیاڵی خۆیان باشترین پەند كە بە قادر عەزیزی بدەن ئەو پارچە كردنەبوو كە بینیمان.
پێش سێ مانگ لەو لەتبوونە برادەرێك پێیگوتم كە پارتی و یەكێتی بە شێوەیەكی بەربڵاو لەناو زەحمەتكێشان دەست دەگێڕن و بەتەمان لەت و پەتی بكەن، ئەو برادەرە ئەو دەم باسی كۆبوونەوە نهێنییەكانی بۆ كردم لە ماڵی بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی كە بە ئەندامانی (م.س) و سەركردایەتی زەحمەتكێشانیان دەكران، بەڵام ئەو دەم بۆمن سەخت بوو باوەڕ بەو شێوە لەتبوونە بكەم كە ئێستا دەیبینم، وام دەزانی تەنیا یەك یان دوو ئەندامی (م.س)یان پێ كەمەندكێش دەكرێت و دواجار هەرەس دەهێنن و ئەوانیش دەچنەوە ناو پارتی و یەكێتی، بەڵام ئەوەی ئەمڕ دەیبینین جگە لە گەمەی (دەست)ەكەی پارتی و یەكێتی هیچی دیكە نییە.
تێبینی:
ئەم وتارە لە ژمارە (517)ی رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوكراوەتەوە، لە ڕۆژی 19/4/2009
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست