گەڕانەوه له شاخ شۆڕشگێرەكان
Saturday, 28/02/2009, 12:00
3171 بینراوە
بەشی یەكەم لە بیرەوەریوەكان
(1)
گەڕانەوه له شاخ شۆڕشگێرەكان
گەڕانەوه
گەڕانەوه
لە قووڵایی ئەشكەوتە تارەكانەوە
لە ئایدیۆلۆجی براكوژیی و شەڕی پاوانەوە
هاتنهوه ماڵ
پاشڕهوهکانی ئهنفال و
پێشڕهوهکانی ئاشبهتاڵ
هاتنەوە ئەمدیو
دانیشتن لە سەر تەختی رۆحی راپەڕیو
هاتنەوە ئەم ناوە
بوون بە "پاشای عەرشی كەلاوە!"" 1
لە شاخەوە هاتنەوە شار
بۆ كۆمەڵگای شارستانیی
بوونە رێبەر،
بوونە سێبەر،
بوونە دڵدار!!
گەڕانەوه له شاخ شۆڕشگێرەكان
چی مابۆوە: ئەنفالستان
چی مابۆوە: كاولستان
كاروانی گۆڕی بەكۆمەڵ،برینێكی قووڵی ناودڵ،
دواهەناسەی سواری دایكم
خەستەخانەیەك ئەلێرە، قوتابخانەیەك ئا لەوێ
چەند دامودەزگای رووتهڵه،
كارخانەیەكی قیرو جگەرە و چیمەنتۆ
ئۆردوگای ئاواران و
تاكە تاكە سەگی برسی دەربازبووی گوندی ئهنفالکراو
كە بە دزیی خۆیان بە شاردا دەكرد
لەگەل هۆنراوەیەكی پاییزیی رۆحم
كە پازدە ساڵە نەخەوتبوو
لە هەناسەیش نەكەوتبوو
"ههههازادیی، ههازادیی''.
راپەری رۆحم، لەگەڵیا هەستان برینەكان
لەگەڵیا هەستان گۆڕە بێگۆڕەكان
باباگوڕگوڕ لە ناو چاوما سووتا
خاك خۆی خستە ناو باوەشم
بە دڵمەوە نووساند، گوشیم
چەپكە نێرگزێك بوو تەنیا بۆنی سەربەستیی لێدەهات
ئەوسا هاتنەوە، هاتنەوە، شۆڕشگێرەكان
هاتنەوە ئەمدیو
دانیشتن لە سەر تەختی رۆحی راپەریو
(2)
هاتنەوە ئەمدیو
نەدیو،بدیو
ئاودیویان كرد هەرچی مابوو
ئاودیو، ئاودیو
ئاودیویان كرد پەنجەرەی قوتابخانەكەم
قەرەوێڵەی نەخۆشەكان
بۆڕیی ژێر خاك، تەلی ئاسمان
جانتای كتێبی كوڕەكەم
سەیارەی ئیسعافی ناوشار
ماشێنی خۆڵ
شۆڤڵی جاددەی سەرشەقام
بڵدۆزەر و گرێدەر و دەرزی و دەرمان
كاروانی لۆری و قەمەرە و پاس
كارگەی قیر،گشت كەرەسە و دامودەزگای پردی بێخمە،
گۆزەو دیزەو ئێسك و پروسك و كەللەسەری گوتی و میدیی و
لۆلۆیەكان
ئاودیویان كرد ملوانكەی مل،
ئەڵقەی پەنجەی دەزگیرانیی
كازیوەی نامۆی بەیانیی
چرۆی باخ و چاوی كانی
خەونەكانی حاجی و خانی.
'' كوردەكان گەورەترین دوژمنی خۆیانن
كوردەكان نیزامی پێوەندی تەلەفونییان نەماوە
رۆژانێك بە لە یەكتر دابڕاوی بە سەردەبەن
گروپە یاخییەكان
بۆ دامەزراندنی دامودەزگای مونافیسی یەكتر:
هەر لە رێكخراوی سەربازییەوە
تا ئێزگەی رادیۆ،
سەرچاوە كەمەكانی خۆیان تاڵان كردووە"'2
چی مابۆوە
رۆحم و گۆرانییەكەی و
لەشی تەزییوی كۆرپەكەم لە بن هەنگڵم و
دەستێكیشم دەستی هەناسەسوارەكەی
دایكمی رادەكێشا
دەستێكم پاچ
دەستێكم خاچ
گەڕانەوە
شەیداكانی
سەددام و ماچ
(3)
هاوڕێیەكەی گاردیان زەنگی لێدا:
باوەرم نەكرد. وتی سەیری تەلەفزیۆن بكە:
سهیری بکه ههر ئێستا
دڵم وەستا. راست بوو. راست بوو. راست بوو
بۆ لەوەڕی تەڕی ماچەكە ریزیان بەستبوو.
ئەو كچە ئینگلیزە ناسكەی دوێنێ
سەد مرواری فرمێسك و
دوو سەد پاوەندی خستە دەستمەوە
ئەمڕۆ گەرایەوە
تفێكی خەستیی كردە ناوچەوانم و
وتی Fuck off!
زانیم، زانیم، شۆڕشگێرەكان گەڕاونەوە!
چی مابۆوە
گۆرانییە بریندارەكەی کۆرهوی رۆحم،
لەشی تەزییوی كوڕەكەم لە ناو باوەشما.
دڵم بەرایی نەدەدا
بیخەمە ناو چاڵە قوڕەكەی
بە نقوومبوونی پێم تا سەر ئەژنۆم، دروست بوو بوو،
نا چاوم بەرایی نەدا تا پارچەیەكی گەورەی دڵم
بەربۆوە و كەوتە ناو چاڵەكەوە
ئەوسا رۆحم شل بوو
كۆرپەكەم لە بن هەنگڵم بەربۆوە
نەمهێشت دایكم ئەم دیمەنە ببینێ،
چاوی بە پیریی و شەكرەو سێ ساڵ گریانی بەردەوام،
داهێزرابوون،
بەڵام هێشتا دەستێكم خستە سەرچاوی دایكم و
بە دەستەكەی دیكەم،كوڕەكەم بە بەفرو چلوورەفرمێسك داپۆشی،
بێرێكی خێرا بە كەللەم دا هات:
چاك بوو دایكی ئەم دیمەنەی نەبینی!
بیرەكە هێشتا ئەندێشەمی جێنەهێشتبوو
لە بەرامبەرما دەركەوت،
تارمایی بوو،نا خۆی بوو، رووت بوو،
مەمكەكانی قڵیشا بوون،
سەرسنگی تا سەرناوكی شوێن كەڵپە و نێنۆك بوون،
خوێن لە داوێنیەوە دەچۆڕا،
چاوەكانی، وەك چاوی دایكم،
لەوە دەچوو بە گریان كوێراییان داهاتبێ،
ویستم پڕ بە دەم هاواری لێ بكەم و
باوەشی پێدا بكەم. ئەو پێشم كەوت:
هۆگر! هۆگر!
من بۆ ئەو رۆحم لەم ناوە ماوە، چۆن بێ من دەینێژی؟
ئەوەی وت و لە سەر گڵكۆ بەفرینەكەی هۆگر
هەڵتروشكاو توایەوە.
دایكم: وتی: كوڕم هەڵۆ
گوێم لە دەنگی نازەی ژنت بوو
وەڵڵا گوێم لە دەنگی دایكی هۆگر بوو
تۆش گوێت لێ نەبوو؟
بروانە، بۆی بگەڕێ
لێرەیە، وەڵڵا لێرەیە
من نەموت ماوەو دێتەوە
لەبەر هۆگر دێتەوە
بروانە، بۆی بگەڕێ
من چاوم كزن، بۆی بگەڕێ
ئەی ئەوە هۆگر كوا؟
بۆ دەنگی هۆگر نایە؟
- =لێرەیە، دایە، لێرەیە
هیلاكە، سەرمایەتی
بە دڵم دامپۆشیوە
خەمی ئەوت نەبێ
بەخوا بە دڵم دامپۆشیوە!
(4)
جێفری ئارچەر پێی وتم:
ئاهەنگی لەدایكبوونی ویلیامی كوڕم بوو
شایی بوو، شامپانیامان دەخواردەوە
تەلەفزیۆنێك لەو ناوە بوو
لە پڕ تۆمان له کۆچرهوهکهدا بینی
پارچەیەكی دڵت كەوتە خوارەوە
ئەوسا كۆرپەكەت لە باوەشت بەربۆوە
لە چالە بەفریینەكەدا ناشتت
تنۆك تنۆك فرمێسک رژایە شامپانیەكەمانەوە
مەست بووین
یەكەمجار بوو تامی خوێنی كورد بكەین
مزر بوو، ترش بوو، تاڵ بوو
تامی نەوت و بەڕووی سووتاو-و روبەهەناری لێدەهات
كوڕەكەم گریا
هەستا
ونبوو
هاتەوە
بە نەخشەی كۆنسێرتێكەوە و
تەلەفونی جۆن مەیجەرەوە
- جۆن وتی: منیش پارچە دڵەكەتم بینی
ئەوە پێنج پاوەنەكەم بۆ كۆنسێرتەكە
ئەوە هەواری ئارام بۆ دایكت
(5)
برینەكەم گەورە بوو بە بارتەقای جیهان
هاوارەكەم ئاخری گەیشت بە ئاسمان
لە سەر لەپی دەستی UN
پەیمانی سوپەردەوڵەتان
دایان بە رۆحی پڕ لە زام
هەوارێكی ئاشتیی و ئارام
بنە رەگم دەڕوێمەوە
نیوە ڕۆحم نابڕێمەوە
بە ئازادیی و بۆ ئازادیی دەژێمەوە
دایانا وتی: تۆم دی و گریام.
ئەوە بۆ كە گەیشتی بۆ زەماوەندەكەم نەهاتی؟
منیش دێم و پارچەیەكی دڵمتان دەدەمێ!
وتم: جۆن! ئەی گۆرانییەكەی دڵم
ئەی بەهای مەرگی كوڕەكەم
'' ئازادییم دەوێ نەك نان
"ئازادی نەتەوەیی خەونی ئێمەیە
هیچ شتێكی تر تیشكی هیوا
بۆ چاوی غەمگینی مناڵەكانمان ناگێرێتەوە.'' (3)
وتی: پەرلەمانم دەیە، ئازادیت دەدەمێ.
دایكم گوێی لێبوو
زیندوو بۆوە
بۆوە بە كچی چواردە ساڵ
وتم: چیتە دایە؟
وتی: چۆن دەچمە زەماوەندی دەنگدان!
لە بەری بەیانییەوە
تا ئێوارە لەگەڵ سەدان هەزار ژن و
رۆحی سەد هەزار ئەنفالیدا وەك داربەروویەك وەستا
دایكم بۆوە بە كچی تازە
نەنكم دەتگوت كارمامزە
لەشكری ئاوارەی ئەنفال
پاشماوەی دێ، خڕبۆوەی شار
کچ و کوڕ، پیر و پەككەوتە،
گەمژەو هوشیار
ریزیان بەست بۆ هەڵبژاردن
بۆ پەرلەمان، بۆ سەلماندن
بۆ ئازادیی راگەیاندن
نوێبوونەوەیە، گۆڕانە
یەكەم هەنگاو، دوا هەنگاو،
پەرلەمانە.!
زەماوەندی كوردستانە!
جۆن وتی: ئێوە وێستمینستەرتان هەڵبژارد
ئارچەری نارد پیرۆزبایی لە دایكم كرد و
نەخشەیەكی نوێی كوردستان و مستێ خۆڵی نەوتاوی كۆیەی بە دیاری بردەوە!
ئارچەر وتی:
'' پەرلەمان و دیمۆكراسی كورد دەبێ كار بكەن
ئەگینا كورد دەكەوێ و خەتای خۆیەتی
من بۆ بەكارخستنەوەی كارگەكانی چیمەنتۆ و جگەرە و
نەوتی كۆیە كار دەكەم!'' 4
(6)
وتم: جۆن كاتییەتی،
نان نا. ئامان نا،
بەڵێنی بێ پەیمان نا،
ئازادیی! ئازادیی! ئازادیی!
جۆن وتی: بڕۆ ئۆبزێرڤەر بخوێنەوە!
بنكردەیەك له رۆژنامهی (ئۆبزێرڤهر) ی لهندهنیدا (12 /1 /1992) نووسیبووی:
(نیسانی رابردوو سهرکردایهتی کورد دهستی به وتووێژ کردن لهگهڵ بهغدا.. ههموو رێکهوتنیك دهبێ راستهوخۆ لهگهڵ حکوومهتی مهرکهزیدا وتووێژی لهسهر بکرێ. ئهمه مانای ئهوه نییه گرنگی کهم به کۆمهڵگای جیهانی بدهین، بهڵام ئۆتۆنۆمی خواستێکی کوردییهو دهبێ له لایهن کورد خۆیهوه چارهسهر بکرێ.)!5
هاوارم كرد:
''هاوار... هاوار!! چ رووی داوە!
کورد خۆی چۆن چارهسهری مهسهلهکهی لهگهڵ سهددام و کیمیاویدا دهکا؟!
ئۆتۆنۆمی یانی چی و بهرههمهکهی تا ئێستا چی بووه؟!
ئایا کورد قهت لهلایهن حکوومهتی مهرکهزییهوه دڵی هێشێنراوه؟!]6
وتیان:
چمان داوە لە دنیا
ئێمە شەیداین شەیدای بەغدا
كلیل وا لە دەست سەددامدا!
[لهو کاتهدا که دنیا بۆ کورد دهگریا.
که جیهان وشهی کوردو نهخشهی کوردستانی ناسی..
سهرۆك دهوڵهتانی ناسراوی وهك لێخ ڤالیسا هاواریان دهکرد: (کاتی ئهوه هاتووه کورد ئازادبێ)...........
لهو کاتهدا که بۆ یهکهم جار له مێژووی بوونی کوردا، بڕیارێکی تایبهتی نهتهوهیهکگرتۆکان بۆ پاراستنی درا
لهو کاتهدا:
ئهو گهلهی هێشتا برینه نهتهوهیی یه زلهکهی خوێنی گهشی000 ،200 شههیدی ئهنفالی لێدههات...
ئهو گهلهی که هێشتا باغ و دارو درهخت و کانیاوهکانی له گیانهڵای خهزانی گازی کیمیاوی دابوون...
که ههڵهبجهکهی له گهرووی هیرۆشیمادا بوو،
که کوردستانهکهی نه دێی تێدا مابوو، نه شار.
که کۆمهڵگایهکهی نه کەلتووری مابوو نه کهرامهت...
لهجیاتی ئهوهی ئامێزی گیان و هۆش و ئۆقرهو ئۆخهی بهو دهرفهته مێژوویی یهدا بکا:
- سهرکردهکانی باوهشیان به جهللادهکانیدا کردهوه
رۆژ تێپهری.
حهفتهو مانگ تێپهری.
ساڵ تێپهری.
وتووێژی برایانه کۆتایی نههات.
به خێرایی (پقه)) درووست کرایهوه.
((پقه)) بووه ههموو سیاسهتێك، ههموو ههلومهرجێك، ههموو نهخشهیهك.
((پقه)) ی سهددام و عهلی کیمیاوی.. بووه بهدیلی ئهو ههموو هاوارهی دنیا، ئهو ههموو دهرفهته مهزنهی بهرێکهوتی رۆژگار بۆ کورد ههڵکهوت.]7
ئەوسا زانیم، زانیم، شۆڕشگێرەكان گەڕاونەوە!
(7)
چی مابۆوە: نەتەوەكەم. هیوا. خەون. كۆڵنەدان و نەبەزین.
لە سەردانی ئەمجارەمدا، مامۆستا فەرهادم بینییەوە. برسییە. مناڵەكانی رووتن. هەفتەیەكە ریشی نەتاشیوە. شەرمی كرد كە ناتوانێ لە ماڵە ئێسقانییەكەیدا تەنانەت ئیستیكانێك چاشم پێشكەش بكات.
بەڵام مامۆستا فەرهاد وەك هەمووان، سەری بچێ دەرسی ناچێ.
وتی: دوێنێ خوێندكارەكان خواردنیان بۆ مامۆستاكان هێنابوو.
چش! ئازادیی بە برسێتی تێر دەكەین.
ژیان بە قوربانیی دروست دەكەین.
وڵاتێكی ئازاد بە ئاشتیی و یەكێتیی و زانست دەنەخشێنین.
نەوەی نوێ بۆ دەوڵەتی سبەینێ دەسازێنین.
(8)
هاتنەوە، هاتنەوە لە شاخ شۆڕشگێرەكان.
هەڵمان بژاردن بە سەرۆك، بە رێبەر، بە پەرلەمان.
نوێنەرانی دێمۆكراسیی، زمان و زامنی یەكێتیی گەل،وێنەی پاك و روخساری جوانی نیشتمان.
لە شاخەوە هاتنەوە شار
بۆ كۆمەڵگای شارستانیی
بوونە رێبەر،
بوونە سێبەر،
بوونە دڵدار!!
چی مابۆوە
برسێتیی. هیوا. خەون. رەنج. كۆڵنەدان.
گوندی وێران
گۆڕی بە كۆمەڵ
گڕ و قینی بابا گوڕ گوڕ.
چارەنووسی نازەی ژنم.
بەفرەیادیی هۆگری كوڕم.
چی مابۆوە
ئەلف و بێی نوێ بۆ نەوەیەك ئەنفال كردی بە سەد داستان.
ئایدیۆلۆجییەك گەل دروست كا: یەك نەتەوە، یەك كوردستان.
خاكێك لە نوێ بژێتەوە
سەرچاوەی هەڵقوڵێتەوە
رێوبانی دابنێتەوە
دێهاتی ببوژێنێتەوە
ئابووریی داڕێژێتەوە
یەك دڵ، یەك بازوو، یەك باوەڕ،
مێژووی نوێی بنووسێتەوە
كەركوك دیاربەكر لە باوەش كاو
مەهابادیش لە هەولێرا
ئاڵاكەی بشەكێتەوە
هاتنەوە
هاتنەوە لە شاخ شۆڕشگێڕەكان
هاتنەوە لە شاخ شۆڕشگێڕەكان
هاتنەوە لە شاخ شۆڕشگێڕەكان
سەری رەش و سەری سپی و سەری سوورو سەری سەوز و سەری زەرد و سەری شین و سەری مۆر و سەری بۆر و سەری بۆز و سەری قاوەیی و سەری پەمەیی و سەری رووت و سەری پووت و سەری كوڵكن و سەری چڵكن و سەری كەچەڵ و سەری گەندەڵ و سەری بەكەڵ و سەری بە كوڵک و سەری بێكەڵك و سەری حەشەری و سەری سەرسەری و هتد...
هەر هەموویان كرد بە مڵكی شەخسیی خۆیان...
بە بێ پەیام، بە بێ دهستوور،به بێ یاسا، بە بێ فەرمان
بوون بە خاوەنی هەموو شتێ،
بوون بە خودا، بوون بە سوڵتان
پەرلەمانیان كردە پێیان
باوەشی گەرمیان كردەوە
بۆ بەعسی و ئەنفالچییەكان
بۆ هۆگر و نازەكوژان
چی مابۆوە
هەناسەی برسێتیی و هیوا
هیوا، هیوا، هیوا
نان و كتێب و ئەلف و بێی ئازادیی و دیمۆكراسی بۆ مناڵەكانمان
حەبی هەناسەسواریی و شەكرە بۆ دایكم
پاچ ۆ بیڵ و ماشێنیك و بڕێ پارە بۆ مام هۆمەر و
مناڵەكانی تا رەزی ترێ و باخی هەنارو هەنجیر و
بێستانی كاڵەك و شووتی بژێنێتەوە و
بە بار
بیانهێنێتەوە بۆ شار
هاتنەوە
هاتنەوە ناو شار شۆڕشگێرەكان
قوتابخانەی سەرەتایی شارۆچكەكەم
بوو بە بارەگای سەوز
خەستەخانەكە بوو بە بارەگای زەرد
كانی ژنان بوو بە بارەگای شین
كتێبخانەكە بوو بە بارەگای سوور
رەوزەكە بوو بە یەكێتی قوتابیان
دایەنگەكە بوو بە كۆمەڵەی خوێندكاران
مونەززەمەی بەعس بوو بە مەڵبەندی سەوز
ئەمنخانەی بەعس بوو بە بارەگای زەرد
دادگا بوو بە ماڵی شۆرشگێڕی یەكەم
حەمامی گشتی بوو بە مالی ژنی دووەمی شۆڕشگێری سێیەم
خانووی دادوەریی بوو بە دیوەخانی تایبەتی ئامۆزای شۆڕشگێری شەشەم
لە سەر داگیركردنی دایەنگەی ساوایان و باخی بێنەوایان
بوو بە شەڕە چەقە و شهڕه چهڵهمه و شەڕە چەقۆ
(9)
چی مابۆوە هۆنراوە زامدارەكەی رۆحم
لە ژێرەوە هەر دەیچریكان
چی مابۆوە دوا تروسكەی چاوی دایكم
چاوەڕوان بوو بۆ نازە، بۆ هۆگر، بۆ هەمووان.
هاتنەوە لە شاخ شۆڕشگێڕەكان
بوون بە خاوەنی هەموو شتێ،
بوون بە خودا، بوون بە سوڵتان
دەستی پێكرد
شەڕە پەڕۆ
شەڕە دەنگ و شەڕە رەنگ و شەڕە چەنگ و شەڕە سەنگ و شەڕە سەگ و شەڕە كوتەك و شەڕە گەڕەك و شەڕە كۆڵان
وەزیر وەزیری دەترسان
جێگر وەزیری دەخەسان
وەزیر جێگری دەتسان
حیزب بوو بە باسی باسان
پەرلەمان بوو بە هەتیوێك
بێ دەسەڵات، بێ ناونیشان
بە چاوی خۆم مناڵی ناو پاسی زەردم بینی
مناڵی ناو پاسی سەوزی دەدایە بەر جنێو باران
لاوی سەوز لاوی زەردی دەدایە بەر تف و گۆچان
هاتنەوە، هاتنەوە ''یەكێتیی" و
"دیمۆكراتیی" کوردستان!
چی مابۆوە، خەونەكەم، هۆنراوە زامدارەكەی دڵـم
كە نەیتوانی بیانكۆژێ: نە بەعس،نە ئەنفال،
نە دەربەدەریی، نە زیندان
چی مابۆوە برسێتییەكەی مامۆستا فەرهاد
جحێڵ بوونەوەی دایكم لە خۆشی پەرلەمان!
(10)
هاتنەوە، هاتنەوە ''یەكێتیی" و
"دیمۆكراتیی" كۆردستان!
دەستی پێكرد شەڕە گومرك، شەڕە پارە،
شەڕە تاڵان
كۆنەقین و خێل و پاوان
هاتن لەو دیو سنوورەوە
چرپەو فەرمان
هاتن لەو دیو سنوورەوە
تارمایی رەش
حیزبوڵلاكان
تینوو بوون بۆ
غەزایەكی نوێی كوردستان
تینوو بوون بۆ
خوێنی كچان
هاتن لەو دیو سنوورەوە
تارمایی رەش
تارمایی رەش
تارمایی رەش
نەخشەو پیلان!
دایكم وتی: كوێر بم بۆیان
كوێر بم بۆ مامە و بۆ كاكە
دەبێ ئێستا حاڵیان چ بێ
چەند ساڵە برسین، سەرگەردان
چەند ساڵە شاخ نشینن ئەشكەوت-نشین
- قوربانیان بم بۆ پاراستنی ئێمەو ئازادی كوردستان
كوێر بم دەبێ ماڵ و منداڵیان چۆن بژین؟
دەبێ ئێستا حاڵیان چ بێ
چ بخۆن چ لە بەر كەن
كوێر بم ملوانكە زێڕەكەی نازە
لە کۆچرەوەكەدا فەوتا
دەنا ئێستا
بۆم دەفرۆشتن، دەمنارد بۆیان
وتم: دایە بۆ ملوانكەكەی نازەت دەدا بە ئەوان
وتی: ئەی چۆن كوڕم؟ ئەی كێ تۆڵەی نازەو هۆگر و شەهید و شارو گوندەكانمان دەكاتەوە؟
كێ دەبێ بە باوكی حەڵاڵ
بۆ هەموو منداڵانی ئەنفال؟
بە خودای، كوڕم، كوێر بم ماڵ و منداڵی خۆیان برسی و
رووت دەكەن
دێن وەك ئەنفالكراوەكان لە خێوەتدا دەژین
تا دوا مندالی ئەنفال تێر و پۆشتە نەبن
تا ونبۆكان نهیهنهوه یان تۆڵەیان نەكهنهوە
پاروویەك ناخەنە ناو زاری خۆیان!
لە گەڵ ئەم قسانەدا دایكم هەناسەی سواربوو
فێی لێ هات
چاوی ئەبڵەق بوو
هێشتا دەمی دەجووڵا
هێشتا چاوی بریقەی هیوای تێدا بوو
لە پڕێكا وەستا
هەموو شتێ وەستا
دایە، دایە، دایە
نازە، نازە، نازە
هەڵۆ، هەڵۆ، هەڵۆ
لە مردنی دایكمدا هەموو هاتنەوە
لە مردنی دایكمدا هەموو ئێستا دەمردن
دنیا بە سەرمدا رووخا
باوەشم بە دایكمدا كرد
نا نابێ نابێ نابێ نابێ
دایە هەر ئێستا هەر ئێستا هەر ئێستا
دەتگەیەنمە دكتۆر دكتۆر دكتۆر دكتۆر
هەڵمژەی تەنگەنەفەسی و حەبی شەكرەت بۆ دێنم
هەڵمژەی تەنگەنەفەسی و حەبی شەكرە
حەبی شەكرە حەبی شەكرە حەبی شەكرە
دایە، چاو بكەوە ئەوە نازە و هەڵۆ هاتوونە لات
نازە و هەڵۆ نازە و هەڵۆ نازە و هەڵۆ
دایكمم خستە باوەشمەوەو وەك شێت رام كرد
خەستەخانەكە نەمابوو، دەمێك بوو تاڵان و ئاودیو كرابوو
عیادەكەش ببوو بە ماڵی شۆڕشگیری حەوتەم
رام كرد تا لە جاددەكە بپەڕمەوە و بیگەیەنمە مالی دكتۆر فەرمان
دكتۆر فەرمان دۆستە دڵسۆزە قایمكارە
دەبێ حەبی شەكرەی هەبێ
دەبێ دەرزییەك لە دایكم بداو چاكی بكاتەوە
دەرزییەك لە دایكم دەداو چاكی دەكاتەوە
دایە دكتۆر فەرمان دەرزییەكت لێدەداو چاكت دەكاتەوە
ئەوسا دنیاش خەرا بێ ناهێڵم حەبی شەكرەت لێ ببڕێ
لە گەل نازەو هەڵۆ دەچینەوە گەرمیان
گوندەكەمان دەكەینەوە گوند
گوندەكەمان دەكەینەوە گوند
بێستانهکهمان پڕ دهکهین له کوولهکه و کاڵهک و شووتی
دایە دەچینەوە گەرمیان
گوندەكەمان دەكەینەوە گوند
دایكم بە سەر شانمەوە بوو
كاكلەفەندی دراوسێمان ئێمەی بینی
سەیری دایكمی كردو گوتی: شوكر باشە
سەیری دایكمی كردو گوتی: ئەوە خۆ شوكر شەكری خەندەی لە سەر زارە!
وتی بوەستە بوەستە سەیارەكەی خۆم دێنم
وتی بۆ خۆم دەتانبەم بۆ لای دكتۆر فەرمان
بۆ خۆم دەتانبەم بۆ لای دكتۆر فەرمان
بۆ خۆم دەتانبەم بۆ لای دكتۆر فەرمان
لـەم بەری جاددەكە وەستا بووین
كاكلەفەندی هێشتا سەیری خەندەیەكی سەیری لە سەر لێوی دایكم دەكرد
لە ناكاو تەپ و تۆز بەرز بۆوە
دنیا شڵەقا، شڵەژا
دنیا شڵەقا، شڵەژا
دنیا شڵەقا، شڵەژا
خەڵك به ههڵهداوان رایان دەكردە ئەم بەر و ئەو بەر
دەم و چاوی دایكم و خەندەكەی لە ناو تەپ و تۆزدا نقوم بوون
دەنگی كاكلەفەندی لە ناو راكەو غەڵبەغەڵبا نقوم بوو
چ بوو، چ قەوما:
شۆڕشگێڕی نۆیەم بەو ناوەدا دەهات
پازدە سەیارە لە پێشیەوە بەتیژی دەڕۆیشتن و پازدەش لە دواوە.
(11)
كاكلەفەندی وتی: ببوورە...ئەوسا سەیری دایكمی كرد لە باوەشما
تێكچوو.. گوتی: با جارێ بیبەینەوە ماڵەوە
من بۆ خۆم سەیارەكە دێنم
با جارێ بیبەینەوە ماڵەوە
من بۆ خۆم سەیارەكە دێنم
جارێ بیبەینەوە ماڵەوە
وتم: ئەی نازە و هەڵۆ چییان لێهات؟
وتی با جارێ بچینە ماڵەوە
ئەی نازە و هەڵۆ
بچینەوە ماڵەوە
ئەی نازە و هەڵۆ
ماڵەوە
ماڵەوە.
لهندهن - هاوینی 2004
=======================
1. ناونیشانی وتارێكی حەمەسەعید حەسەن ە.
2.كریس هێدگس، كوردەكان خراپترین دۆژمنی خۆیانن، رۆژنامەی هێرالد تریبیون،
7/2/ 1992
3. رستەیەكە لە نامەیەكی نووسەر بۆ جۆن مەیجەر، لە پەیڤی نوێ ژمارە دوو ، بەهاری 1992 دا بڵاوكراوەتەوە.
4. دەقی قسەی جێفری ئارچەرن، چاوپێكەوتنی هەنگاو ، ژمارە 6/7 ، 1994، ل 1
5. تەرجەمەكەی لە پەیڤی نوێ، ژمارە دوو، بڵاوكراوەتەوە. ل 24
6- 7. رستەكان لە دەقی وتارێكی نووسەرن لە پەیڤی نوێ، ژمارە دوو، 1992 بڵاوكراوەتەوە.
.