لە کۆبونەوەکەی پەرلەماندا داوای لێبوردن لە هەلەبجە نەکرا
Friday, 06/02/2015, 12:00
2540 بینراوە
لە پەنجاکانی سەدەی پێشودا، رێکخستنی حزبی ئیخوانی موسلمانی عەرەبی لە رێگەی مەلاکانەوە لە هەلەبجە بڵاوبوەوە.لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشودا، تۆپە دورهاوێژەکانی پێشمەرگەکانی شۆرشی ئەیلول لە ژێر سیبەری بوردومانی بارەگای جەلالیەکاندا،ئێوارانی هەلەبجەیان دەکردە دۆزەخ و رۆژانە چەندان کەسی بێگوناحیان شەهید دەکرد.
لە ئازاری سالی ١٩٨٨ دا،بەرپرسی دوەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و رێکخەری گشتی ئەمرۆی بزوتنەوەی گۆڕان،فەرمانی بە هێزی پیشمەرگەی بەرەی کوردستانی دا،پێش سوپای پاسدارانی ئێران بکەون و هەلەبجە بخەنە ژێر کۆنترۆلی هێزی هاوبەشەوە،دواتر کارەساتی کیمیابارانی هەلەبجە و ٥٠٠٠پێنج هەزار شەهید و دەیان هەزار ئاوارە و تالانکردنی خەڵک و وێرانکردنی هەلەبجە و ئەنفالی لێکەوتەوە.
لە شەری ناوخۆی دوای راپەرینی باشوری کوردستاندا، شەری ناوخۆ لە هەڵەبجە و دەوروبەری،درێژترین و سەختترین شەر بو(١٩٩٣-٢٠٠٣)، هێزە تیرۆریستیەکانی سەر بە قاعدە و هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن بەرپرسانی باشورە وە بانگ کران بۆ ئەوەی لە هەلەبجە شەر بکەن باش.
لە ١٦ ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ دا،لە بەرامبەر نارەزایی گەنجانی هەلەبجە،هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم بە فیشەک وەلامی نارەزایی خەلکیان دایەوە،گەنجێک بە ناوی (کوردە) شەهید بو و دەیان کەس بریندار بون و سەدان کەس دەستگیرکران و سەدانی تر لە ترسی دەستگیرکردن هەلەبجەیان بەجێهیشت.
ئەمرۆ هەمو لایەنە بەرپرسەکانی کارەساتەکانی هەلەبجە،لە ریگەی پەرلەمان و حکومەتەوە،دەربارەی بە پاریزگاکردنی هەلەبجە کۆبونەوەی پەرلەمان و حکومەتیان بردە هەلەبجە و پەرلەمان یاسای بە پاریزگاکردنی هەلەبجەی قبول کرد.ئەم کۆبونەوەیە ئەمرۆی هەڵەبجە کەمێک دڵی شکاوی هەلەبجەیەکانی هێور کردەوە،بەلام هیچی بەوە نەدەبو ئەگەر لایەن بەرپرسەکانی هەرێم،بە علمانی و ئیسلامیەوە، داوای لێبوردنیان لە خەلکی پارێزگای هەلەبجە بکردایە بەرامبەر بەو کارەساتانەی لە حەفتا سالی رابوردودا بەسەر هەلەبجەیاندا هێناوە.
د.فایق محەمەد گۆلپی ٥-٢-٢٠١٥