کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ به‌ڵگه‌وه‌:وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا تاڵه‌بانی و بارزانی ده‌خاته‌ لیستی تیرۆرستانه‌وه‌

Thursday, 17/05/2012, 12:00





كورد،یان باشتره‌ بوترێت پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكانی ئیستای كوردستان،له‌ كۆن و له‌ ئێستادا،كه‌م تا زۆر شانازییان به‌ په‌یوه‌ندی "تایبه‌تی" نێوان هه‌رێمی كوردستان و یه‌كه‌م هێزی جیهانی كه‌ ئه‌مریكایه‌ كردووه‌ و ده‌كه‌ن. گوایه‌ ئه‌و وڵاته‌ پێگه‌ی كورده‌كان،به‌ تایبه‌ت كوردانی عێڕاقی لا گرنگه‌ و خواستی ئه‌مریكا زیاتر به‌ لای كورددا ده‌شكێته‌وه‌ وه‌ك له‌ هه‌ر هێزێكی ناوچه‌یی تر. ئه‌مه‌ش له‌ كاتیكدایه‌ كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، په‌یماننامه‌یه‌كی نوسراو و باوه‌ڕپێكراو له‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌دا بوونێكی كرده‌یی نییه‌و،ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ته‌نها و ته‌نها بریتییه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی كاتی كورتخایه‌ن له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ئه‌ندامه‌ به‌هێزه‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ و ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌وه‌،ئه‌مریكا هاوپه‌یمانییه‌كی درێژخایه‌نی له‌ گه‌ڵ توركیای دراوسێدا هه‌یه‌ و هاوكات ئه‌و وڵاته‌ ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی باكور واته‌ ناتۆیه‌. بۆیه‌،كاره‌كان به‌و شێوه‌ ناچێته‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك بارزانی و تاڵه‌بانی پێشبینییان ئه‌كرد و پێ ناچێت كورد جێی خۆی له‌ باخه‌ڵی سیاسی ئه‌مریكادا كردبیته‌وه‌.


ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا،وه‌ك زۆرێك له‌ وڵاتانی تر،یاسای تایبه‌ت به‌ كۆچ و مانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ له‌ ئێستادا یه‌ك له‌و به‌ندانه‌ی كه‌ له‌و یاسادا هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیدار و تایبه‌ته‌ به‌ گه‌شتی ئه‌ندامی "ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان" بۆ ئه‌و وڵاته‌،ڕێكخروای تیرۆریستیش،به‌ تایبه‌ت له‌ دوای یازده‌ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ به‌ جۆرێك فراوان كراوه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بگرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌شداری بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كردبێت دژ به‌ ولاتی خۆی،كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تاڵه‌بانی و بارزانی هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان ناویان له‌و لیسته‌دایه‌ و له‌كاتی داخوازییان بۆ چوونه‌ ئه‌و وڵاته‌ وه‌ك تیرۆریست پۆڵێن ئه‌كرێن (Hannah, 2012). هه‌ر ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ئیداره‌ی ئه‌مریكا وای له‌ نوسه‌رێكی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئه‌مریكی،جۆن هان،‌ كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی سه‌ردانی بارزانی بۆ ئه‌و وڵاته‌،ئه‌و و تاڵه‌بانی و كه‌سانی تری سه‌ر به‌و دوو پارته‌ له‌و لیسته‌ بسڕێته‌وه‌ و چیتر به‌ تیرۆریست ناوزه‌دیان نه‌كات،چونكه‌ به‌ بۆچونی ئه‌و كورد،به‌ تایبه‌ت له‌ دوای ئازادكردنی عێڕاقه‌وه‌ یه‌كه‌م هاوپه‌یمانی باوه‌ڕپێكراوی ئه‌مریكا بووه‌ و كوردستانیش تاكه‌ شوێنێكی عێڕاقه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كانیش به‌خێر هاتن ئه‌كرێن.


گرنگی ئه‌م به‌ڵگه‌،به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌،ئه‌كرێت به‌ دوو گۆشه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت،یه‌ك ئاخۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد تا ئێستا ئاگاداری ئه‌وه‌ بوون كه‌ به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌درێن و،به‌ قسه‌ی خۆیان و میدیاكانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات خه‌باتی چه‌ند ساڵ تێكۆشان دژ به‌ ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس به‌ تیرۆریزم له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌ و ئه‌درێت! گه‌ر به‌ڵێ،ئاخۆ چۆن هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یان نه‌داوه‌ و هاوكاتیش به‌ گه‌لی كوردیان ڕانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مریكای هاوپه‌یمان،ئێمه‌ و هه‌موو پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و ته‌نانه‌ت شه‌هیده‌كانیشی لێ بووه‌ به‌ تیرۆریست،به‌ڵام وا ئه‌وان لێره‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ماڵ؟! خۆ گه‌ر ئاگادار نه‌بوون و نین،ئه‌وا له‌ بێخه‌به‌ران كه‌شكه‌ش سڵاوات،چونكه‌ به‌و شێوازه‌ كۆیله‌یه‌كی نه‌خوێنه‌وار و شوێنكه‌وته‌یه‌كی هیچ نه‌زانن كه‌ بۆ ڕیش ئه‌ڕۆن و سمیڵیشی له‌سه‌ر دائه‌نێن.
ماوه‌ته‌وه‌ بوار بۆ ڕایه‌كی له‌رزۆك نه‌هێڵدرێته‌وه‌ كه‌ بڵێت ئه‌و یاسا به‌ ته‌نها په‌یوه‌ندیدار به‌ كورد‌ نییه‌ و زۆر لایه‌ن و سه‌ركرده‌ی تر له‌ وڵاتانی تر ئه‌گرێته‌وه‌،كه‌ به‌ دیوێكدا ڕاسته‌،به‌ڵام به‌ دیوه‌كه‌ی تردا ته‌نها ڕاكردنه‌ له‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌. پێشتر كۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریقا له‌ وڵاتی ئه‌فریقای باشور و سه‌ركرده‌كانی،له‌ نێوانیشیاندا،نێڵسۆن ماندێلا به‌ پێی ئه‌و یاسا به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌درا،به‌ڵام كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2008 به‌ یاسا ئه‌و ڕێكخراو و سه‌ركردانه‌ی له‌و لیسته‌ سڕیه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ری سڕینه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ گه‌ر بێت و كاری بۆ بكرێت،به‌ مه‌رجێك ئه‌و سه‌ركردانه‌ به‌ ڕاستی تیرۆریست نه‌بن،چونكه‌ ڕابردووی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ به‌ تایبه‌ت دوور نییه‌ له‌ كاری تیرۆریستی.


كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌،نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماری عێڕاق وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌ بده‌نه‌و و به‌ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نن كه‌ ئێمه‌ دوو تیرۆریستی جیهانین و ئه‌مریكا،كه‌ دۆستی چه‌ند شاڵه‌ی كورده‌،له‌ گه‌ڵ هه‌موو گه‌شت و ڤیزایه‌كدا پێمان ئه‌ڵێت ئێمه‌ تیرۆریستین. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دان به‌و ڕاستییه‌دا بنیین كه‌ عێڕاق پێشمه‌رگه‌ به‌ ئازادیخواز و سه‌ربازی وڵات له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌دات،به‌ڵام ئه‌مریكا به‌ تیرۆریست. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڵێین ئێمه‌ سوكایه‌تی زۆرمان پێكراوه‌ و ئه‌كرێت،به‌ڵام هه‌واڵی چاوپێكه‌وتنی ئێمه‌ و ئۆباما،ئێمه‌ و بۆش و ئه‌وانی تر وا په‌خش ئه‌كه‌ین،وه‌ك بڵێی نه‌ بامان دیوه‌ و نه‌ بۆران.


هاوپێچ: لینكی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ له‌ گۆڤاری فۆرن پۆلسی ئه‌مریكی،كه‌ گۆڤارێكی مانگانه‌ی ئه‌مریكییه‌ و سه‌ر به‌ كۆمپانیای واشینگتۆن پۆسته‌ كه‌ هاوكات ڕۆژنامه‌ی واشینگتۆن پۆستیش سه‌ر به‌ هه‌مان كۆمپانیایه‌، ئه‌م گۆڤاره‌ تایبه‌ته‌ به‌ لێكدانه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ له‌ مه‌ڕ سیاسه‌تی جیهانی،به‌ تایبه‌ت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان.

Hannah, J. (2012, April 3). What Obama should say when Kurdistan's President Masoud Barzani visits Washington. Retrieved May 02, 2012, from Foreign Policy:
http://shadow.foreignpolicy.com/posts/2012/04/02/advancing_us_kurdish_relations_deliverables_for_the_barzani_visit


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە