لە غوربەتی کاوە گەرمیانیدا
Thursday, 12/12/2013, 12:00
1375 بینراوە
کاوە گەرمیانی ئازیز، حەیف لێرەنیت، کە ببینیت جەللادەکانت، لەتاو تارمایی ڕۆحی تۆ و لەتاو بەهێزی پەیامەکەت تەنانەت پەنا بۆ وێنەی مردووش ئەبەن، تا خۆیان لە بریسکەی چاوەکانت بدزنەوە.
لێرەنیت تا ببینیت، کەچۆن جەلادەکانت دەهری بوون و نازانن بە چ قوڕێک ڕێگاکان لە شوێن پێکانیان بیسمیل بکەن و شار لە جێ کەڵبەی گڵاوی خۆیان پاک بکەنەوە و بێنەوە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و بڵێن ئێمە نەبووین.
کاوە گەرمیانی ئازیز، ئەی کۆستی کەوتووی هەموومان، ئەی کۆستی کەوتووی هەموو ئەوانەی کە بۆ ساتێکیش نەتناسیوون و نەیان ناسیوویت، ئەی مۆتەکەی شەوانی ماڵی جەللادەکانی نیشتیمان. لێرەنیت تا وێنەی خۆت لە ئاوێنەی ڕوخساری منداڵانی شاردا ببینیت، کە چۆن بە چاوی پڕگریانەوە لەناو دەفتەر وێنەکانی خوێندنگەدا ئەتشارنەوە. لێرە نیت تا ببینیت وێنەی تۆ کاتێک لەسەر شەقامەکان داکوتراوە و خوێنی پیا دێتە خوارەوە، بۆتە چ شەرمەزارییەک بۆیان.
لێرەنیت کاتێک جەللادەکانت بەخاتری کاڵبوونەوەی وێنەکانت، دەست بە تورەکەی هەموو ئەگەرێکدا دەکەن و بۆ ئاهەنگی سەری ساڵی تازە مژدەی هاتنی مامەنوئێل بە منداڵان دەدەن، تا ڕەنگی خوێنی ڕژاوی تۆ بە پاڵتۆی سوری ئەو کاڵبێتەوە.
لێرە نیت ببینیت، کە جەللادەکانت ڕقیان لە شەو و ڕۆژ و لە پرسەی هەتا هەتایی تۆیە و سەریان سوڕماوە، کەچۆن تۆ بە خۆت و تەنها ١٦ هەزار دینارەوە ڕووبەڕووی بانکی پڕ و داهاتی نەوت ئەبیتەوە و سەرمایەی تۆ ڕوو بە قەتارەی تەنکەری نەوتی دزراو وەستاوە و خۆت و ئەم شان و بازووە لاوازانەت لەبەردەم ئەم چەپۆکە ژەهراویانەی جەهالەتدا ڕاگرتووە!
لێرە نیت ببینیت کە چۆن هەموویان چاویان دەگرن کاتێک دەبینن سۆرانی مامە حەمە لە گەرمیان زیندووبۆتەوە و سەردەشت عوسمان لەم گەرمیانی ئەنفالەدا وەک هەمیشە بە تەنها ئەچێتەوە سەر خاچ و ئەڵێت حەللاجێکم و لەعەشقی ئێوەدا سزا ئەدرێم. لێرە نیت ببینیت کە چۆن چاوی خۆیان ئەگرن و نایانەوێت بەکر عەلی و عەلی بۆسکانی ببینن کە لە گەرمیان زیندووبوونەتەوە و ئەمجارە ناویان کاوەیە. لێرە نیت ببینیت کە جەللادەکانت چۆن سەریان دەکەن بەناو خاکدا و نایەنەوێ هیچ ببینن کاتێک کۆساری شاعیر سەروڕیشی لێ تاشیوە و هاتۆتەوە و لە گەرمیان بووە بە ڕۆژنامەنووس. لێرەنیت و نازانیت بوویت بە چ خەونێکی ترسناک بۆ شەوانی چەندەها جەللادی دەمامکدار.
کاوە گەرمیانی ئازیز، مەرگی تۆ هێندە بەهێز بوو، کە جەللادەکانی ئەم دەڤەرە بە خۆیان و سوپا و دادگا و دادوەر و ئاسایش و ڕاپۆرت نووسەکانیانەوە خەریکن بیرئەکەنەوە و هەموو شتێک دەکەن، تا بارانی تۆ دانەبارێت، تا زریانی تۆ هەڵنەکات و تا ڕۆژی تۆ نەبێتەوە و تا کتێبی تۆ چاپنەکرێت و بەیانی تۆ نەخوێنرێتەوە و ناوی تۆ نەهێنرێت و وێنەی تۆ نەبینرێت و دەنگی تۆ کپ بکرێتەوە.
کاوە گەرمیانی ئازیز، جەخار کە لێرە نیت، بەڵام دڵنیابە لە جەللادەکانت خۆش نابین.