قاوەخانەی کلتووری
Thursday, 08/09/2011, 12:00
چەندم هێناو چەندم برد نەمتوانی تێبگەم مانای چی قاوەخانەی کلتووری، پرسیارم لەخۆم کرد، ئایا هەنووکە لەسلێمانی قاوە بۆتە کلتوورو لێرەو لەوێ قاوەخانەوە جێ بەچایخانەکان لێژ بکەن و لەهەمان کاتیشدا جگە لەوەی کە خەڵکی ڕووی تێبکەن بۆ خواردنەوەی قاوەیەك ، بشبێتە مەنزڵگای کەسانی ڕۆشنبیرو خەمخۆری شارەکەم.!! لەڕاستیدا هیچ کاتێ قاوەخواردن لەسلێمانی باو نەبوەو هیچ کاتێك بازاڕی گەرم نەبوە، ڕەنگە لێرە و لەوێ هەندێ جار خەڵکی کاتی ئێواران لەجیاتی چا نیسکافەی خۆاردبێ، بەڵام قاوە و قاوەخانە، ئەمەیان شتێکی نوێیەو ڕەنگە پێوستی بەهەڵوەستیەك ببێ.
یەکێ لەو کارانەی هەردوو سەرکردەی خۆسەپێنی دژ بەمیلەتەکەمان ئەنجامی ئەدەن، بەنامۆ کردنی کلتوورە ڕەسەنەکەی کوردو گۆڕین و ناشرین کردنی لای هاوڵاتی کورد و هەوڵدان بۆ شێواندن و تێکدان و فەوتاندنیانە . لەهەمان کاتیشدا هاوردەکردنی کلتووری دوژمنانی گەلەکەمان و دواتر کردنیان بەبەشێك لەو کەلتوورەی کە هەنووکە لەئارادایە بۆ کوشتنی گیانی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ماکی کلتووری و هەڵتەکاندنیان بەشێوەیەکی وا کە لەزۆربەری کاتدا ئەوەندە بەشێوەیەکی هێواش و بەبەرنامە بەئەنجام ئەگەیەنرێ کە خەڵکی ئەستەمە بەووردی هزری بۆی بچێ.
لە دێر زەمانەوە دوژمنان لەهەوڵی بێووچاندان بۆ ئاوەژوو کردن و خنکاندنی هەندێ لەو کلتوورەی کە باو باپیرانمان بۆیان جێهێشتوین و پاراستنیان لەئەستۆی یەك بەیەکی گشت هاوڵاتی کوردایەو ئەبێ ڕێگری لەهەر کارێکی وا بکرێ کە ببێتە هۆی کاڵکردنەوەو کەمکردنەوەی کاریگەری کلتوور لەسەرمان ، ڕەنگە یەکێ پرسیار بکاو بڵێ، ئنجا قاوە خواردنەوەو کردنەوەی قاوەخانە چیە تا بیکەن بە کێشەو سەری خۆمانی پێوە بیەشێنین، منیش ئەڵێم ، لەڕاستیدا نە دژی قاوەم و نەئارەزووی ئەوەم قاوەخانە نەکرێتەوە، بەڵکە شتێکی گەلێ ئاساییە چ خواردنەوەی وچ کردنەوەی قاوەخانە و نیسکافی خانەوە ئیسپرۆسۆخانەوەی هەر جۆرە شلەمەنیەکی تر.
دەسەڵاتی ناڕەوای یەکێتی و پارتی بەرپرسیارن لە تێکدان و شێواندنی کەلتووری ڕەسەنی کوردی و هەوڵدان بەرەو هەڵدێر و فەوتاندنیان، یەکێ لەو کارانەیان تێکدانی چەندین شوێنی مێژوویی گرنگ کە بەهۆیەوە مێژوی گەلەکەمان و داهاتوومانی خستۆتە مەترسیەوە.. لێرەدا چەند نمونەیەك دێنینەوە کە پێوستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ و بەو هیوایەی بتوانین ڕێگریەك لەم کارە چەپەڵانەی دەسەڵات بگرین و چی دی نەهێڵین بەرەو هەڵدێرو لێژیمان ببەن.
شەهید (غەریب هەڵەدنی)یەکێك بوو لەو شۆڕشگێڕانەی کە لە ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی و بەری مەرگە چەندین ئاسەواری گرنگ و کلتووری بۆ میلەتەکەمان شاردبۆوە و پاراستبوونی لە نەمان و فەوتاندن. ئەم کەڵە پیاوە دوای ئەنفال و کیمیاباران کردنی کوردستان ، یەکێ لەوانەی ناوچەکەی بەجێ نەهێشت و توانی چەندین شتی کلتووری و مێژوویی بۆ گەلەکەمان بپارێزێ، لێ مەخابن لە ژێر پلانێکی چەپەڵی تاڵەبانی نەیان هێشت ئەو هەموو هەوڵانەی کاکە غەریب دابووی بۆ پاراستنی ئەو شتگەلە بەنرخ و بەهایانەی گەلەکەمان بکەوێتە دەست و ئەوڕۆ کەلتوور و مێژووی خۆمانی زیاتر پێ دەوڵەمەندتر بکەین.
تێکدانی گۆڕستانی گردی جۆگەی بەرانبەر خەستەخانەی زانکۆو و دواناوەندی فریشتەی کچان لە گەڕەکی چوارباخ و هەوڵدان بۆ تێکدانی چەندین گەڕەکی کۆنی شاری هەولێر لەلایەن نەوزاد هادی و چەند شوێنكی دی لای قەڵای دێرینی هەولێر بۆ مەبەستی بازرگانی و پاساوی لەو جۆرە،بەشێکن لەو هەوڵانەی دەسەڵات بۆ تێکدانی مێژوو و کلتووری کوردی. ئەم دەسەڵاتە لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو نەیان توانیوە تەنها ناوێكی تورکی کوێرە دێیەکی کوردی بگۆڕن کەئەمەش ئەوە دەرئەخات ئەمانە چەند دڵسۆزی دوژمنان و پلانەکانیان جێبەجێ ئەکەن. لەو ماوە زۆرەدا هەولێر ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بەتورککردن ئەدرێ و لەتەك هەوڵەکانی فەتوحوڵای گوڵەن و کردنەوەی چەندین زانکۆ و ناوەندی بەناو ڕۆشنبیری تورکی لەکوردستان بەشێکن لەو پلانانەی ئەم دوو گەورە مافیایەی کوردی.
لەمێژە جەلال تاڵەبانی بەنیازە لەتێکدانی چەند شونێکی دێرین و کلتووری شاری سلێمانی، لەوانە بەردەکی سەرا و چایخانەی شەعب و گەڕەکەکانی پیرمەسوور و مەڵکەندی، لێ خۆشبەختانە هەوڵە نەزۆکەکانی نەچۆتە سەر، لێ هەنووکە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایی خەڵکی و ڕاپەڕینەکانی ١٧ شوبات هەوڵیان داوە شوێنكی تر بکەنەوە کە هاوشانی چایخانەی شەعب بێت و ووردە ووردە لە گرنگی ئەم شوێنە کەم بکەنەوەو ئەو هەموو ڕۆشنبیر و خەڵکە دڵسۆزەی ئەوێشە وایان لێبکەن مەنزڵگای ئەوێ جێهێڵن و ڕوبکەنە قاوەخانەی کلتووری.
گەر سەیرێکی ئەو چالاکیانە بکەین لەم شوێنە ساز ئەدرێ ئەوا لێتان سەیر نەبێ کە بۆچی دەسەڵات ڕێگەی پێداون ئەم شوێنە بکەنەوە، ئەوەتا ناوبەناو کەسانی سەر بەدەسەڵاتیش کۆڕو کۆبونەوە ئەبەستن و خەڵکی چاو بەست ئەکەن، ئەز لەو بڕوایەدا نیم ئەم بەناو قاوەخانە کلتووریە کەڵك بەشارەکەم بگەیەنێ و پێوستە بەووردی سەیری کارەکانی بکەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست