کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منیش وه‌کو ژنێکی کورد عاشقی کورسیه‌که‌ی سه‌رۆکم، خۆ مه‌رج نیه‌ ئه‌و کورسیه‌ هه‌ر بۆ پیاو بێت

Tuesday, 15/06/2010, 12:00


ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ میلله‌تی کوردیش وه‌کو زۆربه‌ی میلله‌تانی دنیا متمانه‌ به‌ ژن ببه‌خشن و بیکه‌ن به‌ سه‌رۆکی خۆیان، منیش وه‌کو ژنێك عاشقی کورسیه‌که‌ی سه‌رۆکم و بۆ ئه‌و عه‌شقه‌ش چه‌ند هۆیه‌کم هه‌یه‌
1. هه‌رکاتێك سه‌رۆکه‌ ته‌زویره‌که‌مان له‌سه‌ر شاشه‌کان ئه‌بینم که‌ چۆن چاومان لێ مۆڕ ئه‌کاته‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ئه‌کات ئه‌ڵێم خوا له‌ سوڵتان مه‌حمود گه‌وره‌تره‌، به‌ڵام له‌پاشاندا په‌شیمان ئه‌بمه‌وه‌و ئه‌ڵێم که‌ی وه‌ختی ئه‌و قسانه‌ ماوه‌، ڕاسته‌ هه‌موو کاتێك خوا له‌سوڵتانه‌کان گه‌وره‌تره‌ به‌ڵام خوا ئه‌قڵی پێ به‌خشیوین و ئه‌بێت هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م دیکتاتۆره‌ له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی لابده‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قه‌یچی ئه‌کات گه‌ر ژنێك بچێته‌ جێگه‌ی؟ منیش ئێسته‌ به‌ شان و باڵی خۆمدا هه‌ڵنایه‌م، به‌ڵام ئه‌زانم که‌ زۆر چاکتر له‌ مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ ئه‌که‌م
2. هێشتا پیاوی کورد و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ تێکرا بڕوایان به‌ ژن نیه‌ به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نها هه‌ڵبژاردنی 25/7 لیستی کراوه‌ بوو ئه‌ویش تێیدا هیچ ژنێك نه‌یتوانی ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت که‌ به‌خۆی بچێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌کو خێری پێبکرێت! فێری ژنانیش ئه‌که‌م چیتر نه‌ڵێن من خێزان یان خوشك یان کچی فڵانه‌ شه‌هیدم توخوا ده‌نگم بۆ بده‌ن! به‌ڵکو ده‌بێت پشت ببه‌ستن به‌ توانای خۆیانه‌وه‌
3. هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که‌ گوایه‌ داکۆکی له‌ مافی ژنان ئه‌که‌ن و بونه‌ته‌ مۆڵگای گه‌نده‌ڵی، قفڵیان ئه‌ده‌م و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ دروست ئه‌که‌م که‌ به‌ ڕاستی خه‌م خۆری ژن و پیاو و خێزان بێت
4. گه‌ر بوومه‌ سه‌رۆك پێش هه‌موو شتێك فه‌رمان ئه‌ده‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ پاش ڕاپه‌ڕین خیانه‌تیان له‌ کورد کردو گه‌نده‌ڵن‌ بیان گرن و سجنێکی گه‌وره‌یان بۆ بکه‌ن(سجن مع الاشغال الشاقە الموئبدە) واته‌ ئه‌بێت هه‌موو له‌ سجندا ئیشبکه‌ن و هه‌رچیه‌کیان خواردوه‌ له‌م چه‌ند ساڵانه‌دا له‌ کونی لوتیان بێته‌ ده‌ره‌وه‌
5. فه‌رمان ئه‌ده‌م سه‌رژمێریه‌ك بکرێت بۆ ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا کوژراون و بکوژه‌کانیان بدۆزرێنه‌وه‌و به‌ توندی سزا بدرێن
6. ته‌نها ڕێگه‌ له‌ پیاوسالاری ناگرم! به‌ڵکو ژن‌سالاریش قه‌ده‌غه‌ ئه‌که‌م! ڕه‌نگه‌ بڵێن ژن سالاری چیه‌؟ بۆ تێگه‌یشتنتان نمونه‌ی هێرۆی برایم ئه‌حمه‌د و دایکی وخوشکه‌کانی که‌ نمو‌نه‌یان زۆره‌ له‌ ناو کورددا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کۆمه‌ڵه‌ی مافی پیاوان دائه‌مه‌زرێنم که‌ داکۆکی بکات له‌ مافی ئه‌و پیاوانه‌ی زه‌لاله‌تیانه‌ به‌ده‌ست ژن‌سالاریه‌وه‌ا
7. بۆ هونه‌ریش ڕێگه‌ ناده‌م به‌ ده‌نگ‌ناخۆش و بێ تواناکان بێنه‌ پێشه‌وه‌و به‌شی هونه‌رمه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌کان بخۆن. بۆ ئه‌ده‌بیش ئه‌بێت خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ به‌ تواناو چاونه‌ترسه‌کان به‌ که‌یفی خۆیان بنوسن، هه‌ل په‌رست و زوڕناژه‌نه‌کانیش ڕێگه‌یان پێنه‌درێت به‌ ناوی ئه‌ده‌به‌وه‌ پاره‌ په‌یدا بکه‌ن
8. هه‌وڵ ئه‌ده‌م پاره‌ به‌ده‌ست چاوچنۆك و گه‌نده‌ڵه‌وه‌ نه‌بێت، خه‌لکی شیاویش بۆ جیگه‌ی خۆی دائه‌نێم، ئیتر پێم وابێت گورگ و مه‌ر پێکه‌وه‌ ئاو بخۆنه‌وه‌ چو‌نکه‌ دوو شت‌ هۆی سه‌ره‌کین بۆ گه‌نده‌ڵی (پله‌ و پاره‌‌)
من ئه‌مه‌ خه‌ونه‌کانمه‌ گه‌ر بزانم ده‌نگم بۆ ئه‌ده‌ن خۆم هه‌ڵئه‌بژێرم، هه‌رچه‌نده‌ شانسی ده‌رچونم زۆر که‌مه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا که‌ متمانه‌ی به‌ ژن نه‌بێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە