تورکیا و شەقی زەمانە
Wednesday, 15/10/2014, 12:00
هەر ملدانەخەتێک لە دەرەوەی ویستی (بنەماڵە ، حیزب، هێز ، ووڵات) ێک لە بەزۆر بڕیارپێدان و واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی و شەڕ یان ناچار بە بەشداریپێکردن لە هاوپەیمانێتیەک لەژێر گوشار و فیشارێکی دەرەکیدا هەمو ئەمانە بە شەقی زەمانە ناوزەددەکرێت
حکومەتی تورکیا لە زۆر کات و سەردەمدا ئەوەندەی بۆی لوابێت و پێیکرابێت سڵی لە دژایەتیکردن و سەرکوتکردنی ئێمەی کورد نەکردۆتەوە، بەڵام زۆر کاتیش با بە پێچەوانەی ویستی گەمێکەیانەوە هەڵیکردوە و زۆرجاریش پاشەڵی تورکیا کەوتۆتە بەر شەقی زەمانە
لێرەدا باس لە چەند مێژویەک دەکەم کە تورکیا ڕۆڵێکی شەڕانگێزانەی تیایاندا گێڕاوە و هەمیشەش ویستویەتی ئەو دەستەبێت کە ڕۆڵی لە سەرکوتکردن و دامرکانەوەی هەر دەنگ و کیانێکی کوردی لە هەر شوێن و سەردەمێکدا کە بۆنی هەبون و دامەزراندنی کردبێت بگێڕێت
١ / ڕاپەڕینی خەڵکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ کە ئازادکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی باشوری لێ هاتە بەرهەم، قۆناخێکی نوێ لە ناوچەکە دەستیپێکرد ، ناوچەی دژەفڕین لە باشوری کوردستان لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە دامەزرا، کورد توانی حکومەتی خۆجێی دابمەزرێنێت. حکومەت و پەڕلەمانی کوردی دروست کران ، تورکیا بەرلە ناچارکردنی بە بون بەبەشێک لەو هاوپەیمانێتیەی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ڕێگەدان بە دروستکردنی بنکەی ئەنجەڕلیک و بەکارهێنانی لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە ، زۆر لە هەوڵەکانی خستە خزمەت هەڵوەشانەوەی کۆدەنگی ووڵاتان لە پشتیوانی گەلی کورد ، هەر وەکو ئەوەی لە لە پەیماننانەی لۆزانی ١٩٢٣ دا بۆی هاتەدی ، بەڵام ئەمجارەیان نەک هەر هیچی پێنەکرا بەڵکو پەلکێشی دانپێنان بە واقیعێکی تاڵیان کرد کە هەرگیز بیریان لێ نەکردبۆوە و نەیاندەزانی ئەو زمانەی لە وتنی کوردستاندا لاڵ بوو، دێتەگۆ ، سەرباری ئەوەش ناچار بەوەشکرا کە دەبێت وەک حکومەتێکیش مامەڵە لە تەک حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات
٢ / لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقیشدا کورد وەک هاوکارێکی هاوپەیمانیەکە بڕیاری بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنەکەدا دا، لە ئازادکردنی شاری کەرکوکی کوردستانی لە لایەن هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانیتر و هاوپەیمانانەوە جارێکیتر تورکیا دوچاری هیستریا و ژان هاتەوە ، چونکە کەرکوک چەند بە لای کوردەوە پیرۆز و گرینگ و ستراتیجیە ، لە خەیاڵدانی تورک و لە حیساباتیدا هێڵی سورە ، بەڵام دیسان لەژێر کاریگەری نەبونی هاوهەڵوێستی و پشتیوانی نێودەوڵەتی ، جارێکیتر پاشەڵی خۆی بە بەر شەقی زەمانەوە بینیەوە
٣ / لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان ، تورکیا کە پێشتر لە لایەن پارتیەوە وەک تاکە دۆست و فریادڕەس حیسابی بۆ دەکرا و متمانەکانی لەسەر هەڵچنیبوو ، پاش نزیکبونەوەی چەتەکانی داعش و هەتیوەکانی سەدام لە هەولێری پایتەخت ، ئەوسا تورکیایەکی بێدەمامکیان بۆ دەرکەوت، کە هاوکار و یارمەتیدەرێکی سەرسەختی داعشەکانە، تورکیا تەمەنای ئەوەی دەکرد کە ئەوەی ئەو دەبوو بەم دەست و بازوانەی خۆی تێکی بشکێنێ کە کەلەپچەی شەقی زەمانە شەتەکی داون داعشەکان بۆی تەفر و تون بکەن ! لەم هەوڵەشدا تورکیا شکستیخوارد و بەپێچەوانەوە بۆ لێدانی ئەم گروپە تیرۆرکارە و گەیاندنی کۆمەکی سەربازی و مرۆیی بۆ کوردستان هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بەرفراوان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا
ئەوەش هەمومان لە سەر ئەرزی واقیع دەیبینین ، بەڵام ئەوەی ناڕونبێت تائێستا پاشەڕۆژ و دوا ئامانج لە دروستکردنی ئەم داعشە ڤایرۆسیەیە کە لە ئێستادا گەلی کورد و کوردستانی داوەتە بەر شاڵاوی هێرش و پەلامارەکانی !! هەروەها لەبەرامبەریشدا دوا پلان و نەخشەی ئەم گەلەکۆمەکیە نێودەوڵەتیە دەبێت چیبێت ؟؟ تۆبڵێی بۆ کورد خێر و بەرەکەتێک بێت و بڕژێتە سەر وڵاتەکەماندا و ئیتر لە دواساتەکانی کۆیلەیی و ژێردەستەیی و چەوسانەوە نزیک بوبینەوە یان ئەوەتا هەرێمەکەمان دەبێتە چەقی یەکلایی کردنەوەی کێشەی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و سەرەنجام خۆمان و نیشتیمانەکەمان ببینە سوتەمەنی ئەو شەڕە !؟؟؟؟؟؟
لە بابەتێکی تایبەت و دوابەدوای ئەم نوسینەم باسی ئەو شەقی زەمانەیە دەکەم کە تورکیا بەریکەوت لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ !!؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست