نەگریان و نە نەڕە، نەبوو بە فریاد ڕەسی ئەم دوو کەسە
Wednesday, 25/09/2013, 12:00
2284 بینراوە
فروغ فەڕوخزاد: "کەسانێک دەناسم، کە ڕەفتاری ژیانی ڕۆژانەیان هیچ پەیوەندی بەشیعرەکانیانەوە نییە، واتە بەتەنها کاتێک شیعر دەنووسن شاعیرن دوای ئەوە شاعیرێتیان تەواو دەبێت".
ئێوارەیەکی پایز بوو لە یەکێک لە ووڵاتە ساردەکانی ڕۆژئاوادا لای هاوڕێیەکی کۆنی خۆم میوان بووم ووتی ئەمڕۆ "جەمال غەمبار" کۆڕی شیعری هەیە و بەغەمباری خۆی کۆمەڵێک هۆنراوەی غوربەتمان بۆ دەخوێنێتەوە و تۆش وەرە.
منیش خۆشحالی خۆم دەربڕی، چونکە دەنگی جەمالم لە یوتبوب بیستبوو، ووتم چی لەوە باشترە لەم سەرمایەدا کە مانەوەم بۆ ووڵات هۆنراوەکانی جەمال غەمبار تۆزێ گەرمی بدات بەدڵم و لەنزیکیشەوە ئەو بەڕێزە ببینم . وامان کرد چوینە کۆڕەکە و دانیشتین، جەمال هات و ژەنیارێکی سەنتوریش کاک ئەردەشیری زەبردەست کە کوردێکی خەڵکی شارە داگیر کراوەکەی سنەیە سەنتوری بۆ لێدا، بۆنی مۆم و گەڵای وەریوی شەقامەکان و یەکەمین هۆنراوەی حەزرەتی مەحوی کە جەمال خوێندێوە حاڵی لێم هێنا، بەڕاستی هونەری خوێندنەوەی هۆنراوەی ئەو جەمالە منی تەواو گەرم کردەوە ئەو ئێوارەیە، کاتێکیش هۆنراوەی کلارای خوێندەوە جەمالم دی فرمێسکەکانی هەڵوەران ووتم ئامان ئیتر بۆ خاتری شیعر نامەوێت وێنای تری تۆ ببینم، ئەوان دەسڕیان دانەنابوو تا شاعیرە غوربەتەکەی گەرمەسێر فرمێسکەکانی بسڕێت من لەتاودا ملپێچێکی نەرمم لەملدابوو دامە دەست بەڕێوبەری کۆڕەکە، بەڵام پاش کەمێک، دەسڕی کاغەزیان هێناو جەمال چاوەکانی سڕی، ئەو لەهەڵبەز و دابەزینی خوێندنەوەی هۆنراوەکاندا گومانی لای من دروست کرد و پرسیارم کرد لەهاوڕێکەم، هەست ناکەی ئەم شاعیرە نمایش دەکات؟ هاوڕێکەم ووتی منیش گومانم هەیە چونکە زۆر لەخۆی دەکات.
کە کۆڕەکە تەواو بوو چوم و دەستیم گوشی و سوپاسم کرد، ووتم ئەمڕۆ بۆنی سلێمانیم کرد میوانم و لەم ڕۆژانەدا دەگەڕێمەوە ئەم بۆنە خۆشە و ئە و یادەوەریانە کە باسی گەڕەکەکانی سلێمانیت تیاکرد لەگەڵ خۆمدا، هەڵدەگرم بۆ شاری دەبەمەوە. دوایی ئەوە جەمال ئیتر لە ئوستوڕالیاوە گەیشتەوە سلێمانی و لەتێڤێکانەوە دەر دەکەوت هەمان شێوەی نمایشیم دەدەی و هاوڕێیەکیشم هەیە لە دەربەندیخان ئەویش هەر سەری لەئەدەب و کتێب دەخورێت، ووتی لای تونێلەکەی دەربەندیخان کاک جەمال غەمبار ووتی دەسڕی کلێنستان بیر نەچێت، لەسەر مێزەکە داینێن، چونکە من دەبێ لەکاتی پێویستدا بگریم، لە کۆڕە شیعرێکانمدا . منیش باسی ملپێچەکەی خۆم بۆ کرد لە ووڵاتە ساردەکەی ڕۆژئاوادا، باش بوو فرمێسکە ساحیرانەکەی جەمال بەر ملپێچەکەم نەکەوت دەنا گڵاو دەبوو . کەچی ئەو لوشکە لوشکە نەی توانی وا لەخەڵک بکات دەنگ بە کابرایەکی شانۆکار و ڕیا کار بدەن، بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەریان لەپەرلەمان، من دەزانم کاتێک جەمال وازی لەم یارییە هێنا، کە تێیدا سەرکەووتوو نەبوو، وەک کوردی لەهەردوو جەژنی لێدێ نە ئەتوانێ لەگەڵ شیعردا ئاشت بێتەوە، نە لە ئاست خەڵکییدا رووی دێت سەر بەرز بکاتەوە، ئەوەی دەیکات ئەوەیە لە پەرلەماندا و لە حزوری وێنە گەورەکەی مەلامستەفادا دەست هەڵبڕێت و قسەی هیچ و پوچی ڕۆژانە بۆ مێدیاکان بکات.
نازانم ئێستا جەمال غەمبار بەڕاستی غەمبارە بۆ ئەوەی خۆی لە شیعر و مرۆڤ بوونیش دورخستەوە بەم خۆ هەڵبژاردنەی لەگەڵ ئەو گروپە مافیایەی کە هەر خەریکی هەراج و ئەتک کردنی نیشتمانن، گەر چی من زۆر درەنگ جەمالم ناسی کەچی زۆر بەزووی لەبەردەما خۆی ڕووت کردەوە، هەست دەکەم باش بوو، وای کرد لەکاتی خۆیدا بوو، سوپاس بۆ جەمال ئەی ئێستا چۆن ئەم بارە ڕاست دەکەیتەوە؟ بەشیعر؟ شاعیرەکانی دنیا هەموویان لەبەرەی خەڵکدان، ئەوانەی کوردیش بەهەوای دەسەڵات دەژین خەڵک لایان هیچە .
فەرهاد سەنگاوی:
ساڵی ١٩٨٥ لەیەکێک لەپێکادانەکاندا پەردەی گوێم تەقی بوو لەگەڵ هاوڕێکەمدا چوینە خەستەخانەی شۆڕس بۆ وەرگرتنی چارەسەر چونکە ئەو جێگری پزیشکەی لەگەڵماندا بوو لەکەرتەکەمان داو و دەرمانی وای نەبوو کە بەکەڵکی من بێت، کە گەیشتینە سەرگەڵو لای ئەشکەوتی تەشوێ تاش بەهاوڕێکەمم ووت ئەوە بۆ دوای چونمان بۆ خەستە خانە نەچینە ئیستگەو لەوێ بڵاو کراوەش یان کتێب دەهێنین و دەیبەینەوە لەگەڵ خۆمان هاوڕێکەشم ووتی وەڵا منیش زۆر حەز دەکەم کاک فەرهاد سەنگاوی ببینم، ووتم باشە منیش قەت نەم دیوە منیش دەمەوێ بیبینم داخۆ ئەو دەنگە وەک ڕەنگێتی؟ کە لە خەستەخانە تەواو بووین چوینە ئیستگە و نیوەڕۆ نۆکاوێکمان خوارد، هاوڕێکەم کە هەواڵی فەرهادی پرسیبوو، پێیان ووتبوو لەسەر گەڵوە دوا نیوەڕۆ بەرەو سەرگەڵو چووین لە ڕێگە لەپشتی بارەگاکەی د. فواد مەعسوم فەرهاد سەنگاویمان دی دەستێک شاڵی لەبەردابوو جوتێ کڵاش و دەمانچەیەکی چواردەخۆر و چەند یەدەکێک زیاتر لە پێنج شەش یەدەکی بەستبوو، من یەکسەر پێکەنینێک لەسەر لێوم نیشت و زانیم فەرهات کابرایەکە خۆدەرخەر و هیچ لەبارنەبوو، ڕەنگە بیری بکەوێتەوە چونکە ئەو کاتە لە شاخیش دەستیشم نەدایە تەوقەی لەگەڵدا بکەم، بەڵام هاوڕێکەم زۆر شادمان بوو بەبینینی، دوایی بەمنی ووت بۆ سارد بووی؟ ووتم من ئارەزووی خەڵکانێک ناکەم فشەکەر بن! ووتی بۆ وای پێدەڵێیت؟ ووتم پاکو تەمیزێکەی و دەمانچەکەی لاقەدی بۆ خۆیان قسەدەکەن، من نایڵێم ئەوانە وام پێدەڵێن. کاتێک فەرهاد سێدێیەکی بڵاوکردەوە و چوومە ماڵێک لێیان دەدا، بەخانەخوێکەم ووتم: گەر دەتانەوێت ئاسودانە چاکەتان بخۆمەوە ئەو نەڕە نەڕە بکوژێنەوە، ووتیان تۆ لەمنداڵیشتەوە هەر وابووی هەمیشە لە هیچ شتێک رازی نەبووی، ووتم من ئەم کابرایەم لەشۆڕشدا دیوە دەزانم چۆنە، قسە هیچ نییە گرنگ کردارە، کە گۆڕان دروست بوو، ئەوە جگە لە بەزمی دوکانەکانی لای دادگای سلێمانی، بۆ هەڵبژاردنی پێشوو نەڕە نەڕی دەست پێکردەوە، هاوڕیەکم، کە لەدانیمارک دەژی ووتی من و فەرهاد ڕێکەوت لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕاینەوە، ووتی دەمی ووشک ببوو بەڕێکەوت بانگیان کرد ئەویش جانتا دەستێکەی لای برادەکەم جێ هێشتبوو ووتبووی ڕەنگە بمگرن دانیمارک ئاگار بکەرەوە، هاوڕێکەم ووتی فەرهاد گەڕایەوە ووتم چی بوو، ووتی خەریک بوو دڵم بوەستێت داوایان لێ کردووم وێنەم لەگەڵدا بگرن، کاتێکیش دەچێتە لای نەوشیروان مستەفاو دەڵێ من لەخۆم دەترسم، ئەڵێ دەمەوێ حیمایەم هەبێت، نەوشیروانیش پێی دەڵی بۆ دەترسی بۆ تۆ جیاوایت؟ ئەی ئەوانی تر چییە دەڵی ئاخر من دەنگم خۆشە، نەوشیروانیش پێی دەڵێ ئوم کەلسومیش دەنگی خۆشە.
وەکو بیستمەوە، لە جەند نووسینێکدا لە کوردستانپۆست، کە رەخنەیان لە فەرهاد گرتبوو، چونکە لە ترسی لێسەندەنەوەی دوکانەکانی لە سلێمانی یەکێتیی هەڕەشەی لێکردبوو، ئیتر هەڵگەڕایەوە و بووەوە بە یەکێتیی، بۆیە تەلەفوون لەگەڵ کاک کەمال جەمال موختاردا دەکات و لێی دەپاڕێتەوە کە ئەو نووسینانە لابەرێت، هەروەها وتبووی کاک کەمال تۆ خۆت لە دەرەوە منت ناسیوە، من سیاسیی نییم و لە سیاسەت نازانم! کەچی ئەم ناسیاسییە چۆن لە پڕێکدا دیمان لەگەڵ کۆسرەتدا دەرکەوت، وەک ئەوەی هەردوکیان بەر لەیەک کاژمێر لای دەلاک بووبێتن بۆ بۆیاخی قژیان بەدوو دەستی شاڵەوە لەباخچەیەکدا وێنەیەکی مێژوویان گرتبوو، لەوێدا باسی ڕەقەمی بۆ یاخەکەیان بۆ یەک کردبوو، لای خەڵکی ووتبووی باسی تەعریبمان کردوە کە چۆن لەکوردستان بنبڕی کەین، کەچی کچەکەی فەرهاد سەنگاوی لەدانمارک شوی بەعەرەبێک کردووە و کچەکەی بەباوکی ووتوە ئیتر بۆت نییە لەگەڵ بەرپرسەکاندا باسی عەرەب بکەیت، لەبەر ئەوەی زاواکەت عەرەبە تۆزێ ڕێزی تیا بهێڵەرەوە.
فەرهاد وای دەزانی نەڕەنەڕەکەی مێژووی بۆ دروست دەکات، کەچی لەسەنگاودا خوشک و براکانی خۆشی دەنگیان پێنەداوە، فەرهاد و جەمال بەر لە مردنی ڕاستی خۆیان کوشت، خۆکوژی مرۆڤ بەدەستی خۆیەتی، مرۆڤە دەمامککراوەکان دەبێت ڕۆژێک لەسەر ڕووی خۆیانی لابدەن و بگەڕێنەوە سەر ئەسڵ و فەسڵیان. فەرهادەکان دەبێ لەوە بگەن دنیا هەمووی گۆڕاوە ئەو دنیایەی، کە فەرهاد لە ڕێگەی ڕادیۆیەکی خشە خشکەرەوە وێنای کردبوو جودایە لەگەڵ ئەم دنیایەی، کە خێراییەکەی لە تیشک دەچێت، من دڵنیابووم ئەم باز بازێنەی فەرهاد بۆ ناو چاڵی دەبات، کە ئیتر دەبێت پاشماوەی ژیانی لەگەڵ ئەو شکستەدا بەسەر بەرێت، ئەودەم کە لە ڕادوێ بووین لە بەرگەڵو کتێبێکی خنجیلانەی فەرهادیان داینێ بەهەڵەدا نەچووبم بەرگەکەی سەوز بوو چەند چیرۆکێکی نوسیبوو، کە لەناو چیرۆکەکاندا باسی چینایەتی و داگیر کەرانی عەرەبی تێدا بوو، ئەو دەم فەرهاد لە خەمی هەژاراندا بوو، نازانم ئێستا دەیەوێت ئەو کتێبە خنجیلانەیە چاپکاتەوە یان وەک نەعامە سەری ئەویش بەزەویدا دەکات؟
کۆی قسەکانمان: فەرهادو جەمال یان چاکتر بڵێم غەمبار و سەنگاوی خۆیان کوشت کاتێک لە سدنی و کۆپنهاگنەوە گەڕانەوە بۆ لامان و خۆیان بۆ پەرلەمانێک کاندید کرد لە حیزبێکدا کە خۆیان جێیان هێشتبوو جەمال غەمبار دەبوو لە خۆی بپرسیایە ئەرێ من بۆچی کوردساتم جێهێشت؟ هێشتا خەڵک چیرۆکی جێهێشتنەکەی لە بیر نەچۆتەوە، کەچی گەڕایتەوە ئەم جارە بەدیاریەکی ترەوە، تۆ ڕۆیشتی بۆ ئەوەی لەکەدار نەکرێیت کەچی گەڕایتەوە خۆت لەکەدار کرد.
فەرهادیش هەمان شێوە چاکتر بوو ناوی خۆی لە قەدی درەختێکدا هەڵکۆڵیایە و ئەو خۆکوژییەی نەکردایە.
فەرهاد و جەمال دەبوو لەوە بگەیشتنایە، کە تەرزی تێگەیشتنی مرۆڤی ئەم کاتە، لە نیشتمان جودایە لە تەرزی تێگەیشتنی مرۆڤی بیست ساڵ پێش ئێستا، خەڵکی تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە بۆ ئاین، ئەخلاق و ئابڕو ئازایەتی، خەڵکی ئیتر نە بەلوشکە لوشکی جەمال و نە بە نەڕەنەڕی فەرهاد باوەڕیان دێت.