بەرهەم ساڵح لە نێوان مەتەڵى ستراتیژى تاڵەبانى و چاڵە گوماناویەكانى پارتى و نێچیرەڤاندا
Sunday, 11/10/2009, 12:00
راپۆرتى شیكارى: خێڵان بەختیار
رێككەوتننامەى ستراتیژى كە لە نێوان هەردوو زل حیزبى (یەكێتیى و پارتی)دا بووەتە هۆى گرێدانى بەرژەوەندیەكانیەكانیان، جیا لەوەى كە زۆربەى زۆرى ئەندامانى مەكتەب سیاسیى و سەركردایەتى هەردوو حیزبەكە ئاگادارى هەندێ خاڵى نهێنى ئەو رێككەوتنە نین، كە لە نێوان هەردوو سەرۆك (تاڵەبانى و بارزانى)دا كراوە، لێ هیچ یەك لە ئەندامە باڵاكانى هەردوولا ئامادەى ئەوە نین دان بەو راستیەدا بنێن! سەیر لەوەدایە هەر دواى ئەو رێككەوتنە رۆژنامەى هاووڵاتى لە دیمانەیكیدا لەگەڵ (كۆسرەت رەسوڵ) پرسیارى چۆنیەتى رێككەوتنى ستراتیژى لێدەكات، لێ ناوبراو بێ ئاگایى خۆى لەو رێككەوتنە دەردەبڕێت!
دوو ساڵ رەوایە بۆ سەرۆكایەتى دكتۆر بەرهەم هەر یەك لە شارەكانى هەولێر و دهۆك لە ژێر دەستى پارتى دایە و سلێمانیش لە ژێر دەستى یەكێتیى، بەو پێیەى كە ئەزموونى ئەم 4 ساڵەى رابردوومان بینى، بۆمان دەركەوت كە حكومەتى هەرێم تەنها حكومەتى هەولێر و دهۆك بووە، لە كارەكانیشدا دەبیندران وەك جێگرى سەرۆكى حكومەت (عومەر فەتاح)، كە بە میوانە شەرمنەكەى ئەنجومەنى وەزیران ناونرابوو! بەدەر لە نەبوونى هەندێ سەڵاحیەتى وەزیرە یەكێتیەكان، گەر بەم پێیە بێت ئەوكات دكتۆر بەرهەمیش تەنها سەرۆكى یەك هەرێم دەبێت، ئەویش هەرێمى سلێمانى.
بەپێى ئەزموونى ئەو چەند ساڵەى پێشوو و نەبوونى سەڵاحیەتى تەواوى بەرپرسە یەكێتیەكان لە سنوورى هەرێمى زەرددا، ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەمان سیناریۆى سەردەمى (نیچیرڤان بارزانى) خۆى نمایش دەكاتەوە، ئەویش بەو پێیەى كە یەكێتیى تازە هەولێرى لە دەستچووە و خۆیان گوتەنى میوانن.
هەرگیز ئەو دوو حیزبە لە ناخ و ئاستى خوارەوە یەكتر قبوڵ ناكەن، ئەوەتا ئێستا لە لایەن پارتیەوە داوا دەكرێت، كە دكتۆر بەرهەم 2 ساڵ سەرۆكایەتى حكومەت بكات، ئەمەش جۆرێكە لەو كارە دیموكراسیانەى كە پارتى بەرهەمى هێناوە و دەیەوێت لەو رێیەوە یەكێتیى بچوك و بچوكتر بكاتەوە. خۆ گەر بگەڕێینەوە سەر دروستبوونى شۆڕشى نوێ، ئەوكات بۆمان دەردەكەوێت دروستبوونەوەى پارتى لە شێوەى قیادە موەقەتە تەنها بۆ نەهێشتنى یەكێتى و تەسفیەكردنیان بوو، ئەوەش بەپێى وتەى (ئیدریس بارزانى) كە وتبووى: "گەر شۆڕشمان پێ نەكرێت، خۆ شۆرشمان پێ تێكدەدرێت"! واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەوكاتەوە پارتى بۆ بچوككردنەوەى یەكێتیى لە هەوڵدابووە، ئەم 2 ساڵ دانانەش خۆى لە خۆیدا جۆرێكیترە لەو سیاسەتەى پارتى بۆ نەهێشتنى سەنگى یەكێتیى.
رێككەوتننامەى ستراتیژى و هەڵوێستى كادیرانى پارتى لە لێكدانەوەیەكمدا بە ناوى (یەكێتیى حیزبە فیرعەون كوژەكە چارەنووسى بەرەوكوێ؟)دا باسم لەوە كردووە كە رێككەوتننامەى ستراتیژى جگە لە بێهێز بوونى یەكێتى چیتر نییە، ئەویش بەو پێیەى كە یەكێتیى خۆى خزاندۆتە باوەشى ئەو كۆنە فكرەى كە دامەزرێنەرانى یەكێتیە شۆڕشگێڕەكەى دوێنێ و داهێنەرەكەى ئەمڕۆ لێى جیابوونەتەوە، بەدەر لەوخۆ بە بچوك زانینەى یەكێتى بەرامبەر بە پارتى سەیرتر ئەوەیە، كە ئەندامانى باڵاى پارتى لە كۆبوونەوە نهێنیەكانیان ئەو رێككەوتنە بە لێبوردنە گشتیەكەى ساڵى 1970 ناو دەبەن، كە ئەمەش جگە لە بە بچوك سەیركردنى یەكێتیى چیتر نییە، چونكە ئەو ساڵە هەریەك لە (ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانى......) لاى بارزانى دەس بەسەر بوون، لێ ئێستا شێوازى دەس بە سەریەكە لەگەڵ تێپەڕینى زەمەن شكڵێكى ترى وەرگرتووە. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت هیچ یەك لە كادیرانى پارتى پابەند نین بەو رێككەوتنە و بگرە ژێر بە ژێریش كار بۆ روخانى یەكێتیى دەكەن. جارێ ئەوان خۆیان بۆ دواى تاڵەبانى مەڵاس داوە و ئەوكات ئەو بوركانەى كە لە ساڵى 1976ەوە لە ناخى پارتیدا بە هێمنى گرمەى دێت، تەقینەوەیەكى دەنگدارى بەهێزى بۆ هەژاندنى یەكێتیى دەبێت و ئەوكاتیش یەكێتیى لەبەر نەخۆشى كوتلە و كوتلەكارى رەنگە نەتوانن بەرگەى ئەو بوركانە بگرن و هەر بە دەنگەكەى تەفروتونا بن! وەك موكرى لە رۆمانى سەگوەڕدا دەڵێ: "بە نا بەدڵى بەشداریتكرد و بوویتە شاهێدى ئاشبەتاڵ، گەڕایتەوە.. هەموو ئەو (جوامێر و عەگید و رۆستەم)انەت بینى كە چۆن بە شەو و رۆژێ پێستى شێریان لەبەر داماڵین و كورتانیان لێ نان...."، رەنگە ئەو دەمیش پارتى وەك ئەوەى بەسەر خۆى و شۆڕشەكەى هێنا و بەسەریدا هات، تۆڵەى ئەوەش لە ئێوە بكاتەوە.
نێچیرڤان دوو بەرداش بۆ بەرهەم ئامادە دەكات پارتى كە بە حیزبێكى خێڵەكى ناسراوە و زۆرینەى بڕیارەكانیشى تا بیناقاقا لە عەقڵێكى خێڵەكى و بەرتەسكدا خۆى دەبینێتەوە، سەیرە دەبینین ئاكامەكانیشى بە سوودى خۆى و زیانى بەرامبەرەكانى دێت بە تایبەت یەكێتیەك كە لەسەر ئەساسى فكر دامەزرێنراوە!!
پێش ئەوەى ئەنجومەنى وەزیران جێبهێڵێت، نێچیرەڤان بارزانى لە ئاخر و ئرخرى ككۆتایى دەسەڵاتدارێتیدا دەستى رەحمەتى بۆ زۆربەى سەنتەر و رێكخراو و یانە وەرزشى و گۆڤار و رۆژنامەكانى سەر بە دەسەڵاتى پارتى درێژكردووە و میزانیەى بۆ زیادكردوون، بۆ نموونە تیپى تۆپی پێ هەیە نەسریەى 700 هەزار بووە و بۆى كراوە بە 15 ملیۆن ئەمەش لە شەنگار، لە ناو هەولێر دەستیان كرد بە دەركردنى هەندێ گۆڤار و دابینكردنى میزانیەیەكى فراوانى مانگانە، خوێنەر خۆى دەزانێت كە لەم فەترە زەمەنیە كورتە چەند گۆڤار زیادى كردووە و ژمارەى گۆڤارەكان چەندن، كە میزانیەى هەندێكیان بۆ هەر مانگێك 40 ملیۆن دینارە، ئەوەى كە من زانیومە ئەمەیە كە میزانیەیەكى یەكجار زۆریان بۆ ئەو ناوانەى سەرەوە دابینكردووە، ئەدى لە (پڕۆژەكان، گرێبەستە نەوتیەكان، كە تەنانەت عومەر فەتاحیش نەیدەزانى چۆن كراوە و یاساكەشى كێ نووسیویەتى! گرێبەست و بەڵێندەرایەتى و وەبەرهێنانەكان........) چۆن و چی كرابێت. نێچیرەڤان چەند رۆژنامەنووسێكى تایبەت بە خۆیشى راسپاردووە لە كەناڵە راگەیاندنەكانەوە بانگەشە بۆ كار و پڕۆژەكانى خۆى بكەن، لە بەرامبەریشدا بەشێوەیەك لێدوان بدەن و بنووسن كە دكتۆر بەرهەم بخەنە بەردەم ترس و گومانەوە، وەك یەكێ لە رۆژنامەنووسە پارتیەكانى سەر بە كوتلەى نێچیرڤان بارزانى لە كەناڵى KNN وتى: "ئەو پڕۆژانەى كە كراون، هەمووى لەسەر سیقەى شەخسى نێچیرڤان بارزانى بووە، نەك دامودەزگا ئیداریەكانى حكومەت، ئایا چۆن ئەو كار و پڕۆژانە بەو ئاسانیە تەسلیم بە دكتۆر بەرهەم دەكرێت؟ ئایا دكتۆر بەرهەم تواناى هەمان ئەداى كاك نێچیرڤانى هەیە؟"، ئەم لێدوانەى رۆژنامەنووسە پارتیەكەى سەر بە كوتلەى نێچیر نازانێت ئەو لێدوانەى كە داویەتى چەندە بۆ بەرزراگرتنى سەرۆكەكەى خۆیەتى، دوو هێندە بێهێز سەیركردنى تەواوى حكومەت و داگرتنە خوارەوەى بوونى حكومەتێكى هەرێمى و ئەزمونەكەیەتى! چونكە ئەو بەو لێدوانە نەزانیەى، حكومەت و تەواوى كەس و لایەنەكانى یەكسان كرد بە سفر و كارامەیی دایە نێچیرڤان! ئایا دكتۆر بەرهەم هەست بەوە دەكات؟! ئایا چۆن چارەسەرێكى پێیە؟! ئەو لە نێوان دوو بەرداشدا دادەنرێت نەك كورسى ئەنجومەنى وەزیران، خۆ گەر بیەوێ میزانیەى هەریەك لەو شوێنانە كەم بكاتەوە ئەوكات لەسەرى دەكەن بە هەرا و بە نان بڕ و دژە وەرزش و دژە رێكخراو و سەنتەر و گۆڤار و میدیا دایدەنێن و ناوى دەبەن، ئەوكات رەبتیشى دەكەنەوە بەو نان بڕینەى ئێستاى یەكێتیى كە لە كادیرەكانى خۆیدا دەستى پێكردووە و بەوە باس دەكرێت، كە یەكێتیى ئەوە پیشەیەتى!
بەرهەم لە نێوان مەتەڵى ستراتیژى تاڵەبانى و چاڵە گوماناویەكانى پارتی و نێچیرەڤاندا من وەك گەنجێك ئەوەندەى دەخوێنمەوە و ئەوەندەى لە هاوتەمەنەكانى تاڵەبانى دەبیستم، زیرەكى و بلیمەتى تاڵەبانى لە رادەبەدەر لە نێو كۆمەڵگاى كوردى بە گشتى و تەواوى بزاڤ و ئەحزابى سیاسیى ناوخۆیى و دەرەكیدا هێندە بەربڵاوە، كە كەس ناتوانێت نكۆڵى لەو زیرەكیە بكات، بەڵام ئەوەى لێرەدا خوێنەر و رۆشنبیرانى تەواوى كورد دەخاتە حاڵەتى پرسیاركردنەوە، ئەوەیە كە لەوەتەى تاڵەبانى هەیە بە تایبەت لە سەردەمى لاوێتیەوە تا ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەك تاڵەبانى لە ئیش و كارى سیاسیى و ئیداریدا قبوڵى هەڵە و گەندەڵى بەم شێوەیەى ئێستاى نەكردووە! بە تایبەتى لە دواى رێككەوتننامەى ستراتیژییەوە كە خۆى باش دەزانێت، كە دەسەڵاتدارانى پارتى هەڵەكانیان بە بێ سنوور لە ئیش و كارى ئیدارى هەرێمدا و لە پێناو بەرژەوەندى خودى پارتیدا بە ئەنجامى دەگەیەنن! كەچى تاڵِەبانى بێدەنگیەكى سەر سوڕهێنەرى لە ئاست خۆیدا دروستكردووە! كە تەنانەت خودى سەركردایەتى پارتیش ئەم مەتەڵى بێدەنگیەى تاڵەبانى بۆ هەڵنەهاتووە، بۆیە هەمیشەش پارتى بە گومانەوە هەنگاوەكانى خۆى بۆ كارى سیاسیى و ئیدارى هەڵدێنێت.
دكتۆر بەرهەمێك كە لە ناو سەركردایەتى یەكێتیدا ناسراوە بە (دبلۆماتكارێك)ى زیرەك و بە توانا، كەچى تاڵەبانى بۆ سەرۆكى حكومەتى هەرێم دەستنیشانى دەكات، كە لە كاتێكدا تاڵەبانى دەزانێت تەواوى ئەو دامودەزگاى حكومەتى هەرێمە تا بیناقاقا پڕە لە گەندەڵى و عەجەبا تاڵەبانى دیبلۆماتكارێكى وەك دكتۆر بەرهەم لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە كوردستان، ئەگەر مەبەستى بلیمەتى ئایندەى تێگەیشتن نەبێت لە رووداوە ستراتیژیەكان و هاوهێزى ئەو مەتەڵەى كە خۆى لە دواى رێككەوتننامەى ستراتیژیەوە خۆى و پارتى و كۆمەڵگاى پێوە خومار كردووە؟! هەر بۆیە پارتى تووشى بەدمەستى بووە و ئازاد بەروارى كە یەكێكە لە بەرپرسە ئەمنیەكانى ناو پارتى كردوویانە بە جێگرى بەرهەم ساڵح، ئەمەش بۆ ئەوەى پارتى خۆى بپارێزێت لە هەڵهێنانى مەتەڵە مێژووییەكەى تاڵەبانى.
[email protected] تێبینى: ئەم راپۆرتە لە ژمارە 5ى گۆڤارى چاوگ بڵاو بوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست