لێداوانی ڕۆژنامەوانی سهبارهت به ههوڵی دهستگیرکردنم!.
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
كاتژمێر 11ی ئەمشەو 18/4/2011 هێزێكی ئاسایش بەبێ هیچ نوسراوێكی فەرمی دادوەر هەڵیانكوتایە سەر ماڵم بەمەبەستی دەستگیركردنم، بەڵام خۆشبەختانە لەماڵ نەبووم، پاش پشكنینی ماڵەكەو دڵنیا بوون لەوەی كەلەماڵەوە نیم ڕۆشتوون، ئەم هەوڵەی ئاسایش بەبێ هیچ بڕیارێكی دادوەرو بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت بووەو بە پێشێلكاری یاساو جۆرێك لە ڕەشبگیری دەزانم، ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ كەناڵی گەلی كوردستانی یەكێتی وێنەو وتەی منی بڵاوكردۆتەوە گوایە من هاندەری توندوتیژیەكانی ئەم دوو ڕۆژەم، بەبەڵگەی ئەوەی كە لەسەرای ئازادییەوە وتومە خۆپیشاندەران تكایە بەشوێن هیچ كەس و لایەكدا مەچن لەدەرەوەی مەیدانەكە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، ئەنجومەتی كاتی مەیدانی ئازادی لەبیركردنەوەو هەوڵی ڕاپرسیداكە بۆ ئەوەی خۆتان بڕیار بدەن پاش دوو مانگ لەخۆپیشاندان لەسەرای ئازادی چی ڕێگایەكی تری مەدەنیانە بگرینە بەر دوور لەتوندوتیژی، بۆیە ئەم هەوڵەی ئاسایش بۆ دەستگیركردنم بەو هەوڵە نەزۆكانە دەزانم كەبەردەوام دەسەڵات ئەنجامیداوە بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان، ئەوەشی كە پێشتر بەرامبەرم كرا لەسوتاندنی ئۆتۆمبیلەكەم هەر یەكێتی و هێزە ئەمنیەكانی لێی بەرپرسن، هیوادارم بیر لەوە نەكەنەوە كە بارودۆخەكە لەوە ئاڵۆزتر بكەن چونكە دڵنیابن لەوەی خۆپیشاندان بەهێزو گولەو گرتن كۆتایی نایە، با دەست هەڵگرن لەخوێنڕشتن چونكە زیادبوونی خوێن ڕقی خەڵكی خۆپیشاندەر زیاتر دەكات و چارەنوسی دەسەڵاتەكەشتان بەرەو هەڵوەشانەوەو ڕوخان دەبات، فێری وەڵامی ناڕەزایەتی بنن بەگۆڕانكاری نەك بەگولەو گرتن، بەبۆچونی دەسەڵات تەنها تاوانم ئەوەیە لەخۆپیشاندان بەشداریم كردووە بۆیە لەسەر ئەو تاوانە بەردەوامم تاكو تەواوی داخوازییەكانمان دێتەدی.
18/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست