کۆمپانیا تورکەکان دەرکەن لە باشووری کوردستان
Thursday, 09/10/2014, 12:00
1455 بینراوە
ئایا یەکێتی و گۆڕان کۆمپانیای تورکەکان دەردەکەن ؟
وێرای ئەوەی ناکۆکی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردی رۆژئاڤا مێژێنەی هەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا پاش رووداوەکانی سووریا تونتر لە جاران کەوتنە گێڕانی پیلاندان بۆ دژایەتی کردنیان ، بەتایبەت لە ١٩ تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ەوە کاتێک کۆبانێ کەوتە دەست کورد ، ئیدی حکومەتی تورک ئۆقرەی لێبرا .
یەکێک لەو ئامرازانەی حکومەتی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەریلاکانی ئەو دەڤەرە بەکاریبرد ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵگەش بۆ ئەمە داخستنى دهروازهو سنوورهکانی رۆژئاوای کوردستانە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە به تهلى دڕکهزى تهلبهند کراو به تهواوى داخرا .
رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، ئەرشیفی تیڤی و رادیوکان جاری زەرد نەبوونەتەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داواکاربوون حکومەتی هەرێم دەست-هەڵگرێ لە دژایەتی کردنی کوردانی رۆژئاڤا . ئەو دەم وێرای ئەوەی یەکیەتی شەریکە بەش و تومەتبار بوو ، بەڵام زۆرێنەیەک لە چاودێران پارتیان بە تاوانباری سەرەکی دەبینی! .
ئەوەی جێگای داخە لەمرۆدا دەرکەوت نەک هەر پارتی بەڵکو سەرجەم پارتە بەشداربوەکانی ناو حکومەت هەر یەکەیان بەشێوازی جوراوجور هەمان کردەی نەرێنیان بەرانبەر بە رۆژئاڤا هەیە.
چۆن ؟ لە هەر کوردێکی باشووری کوردستان بپرسی بێ یەک و دوو دەڵێت کردار شەرتە !
هەمووان دەزانین لەو دەمەوەی کوردانی رۆژئاڤا لە خۆسازدان بوون بۆ راگەیاندنی کانتۆنەکان ، پارتی ترسی لێنیشت ، دیارە هۆکار زۆرە کە بەو شێوەیە پارتی بێتە پێش چاو ، دوو لەوانە یەکەم لەگەل سەرهەڵدانی شۆرشی چەکداری لە باکوری کوردستان پارتی هەڵوێستی نەرێنی بووە بەرانبەر بە پەکەپە ، لەم ساڵانەی دویشدا لە بەر بوونی پەیوەندی پارتی بە تورکیاوە ، پەیوەندیان لەگەڵ گەریلاکان زیاتر لە جاران بێمتمانەیی و گومانی پێوە دەبینرێت .
پرسیارە لێرەدا ئەوەیە پارتەکانی دی لە کرداردا بەرانبەر بە رۆژئاڤا چیان باشترە لە پارتی ؟ زیاتر لە دوو ساڵە هەمووان دەزانن کە کوردانی رۆژئاڤا پێویستیان بە کۆمەکە لە چەک و تەقەمەنیەوە بکرە تا دەگاتە پالپشتی نێو دەوڵەتی ، ئایا بەرانبەر بەو ویستانە هەر سێ سەرۆکایەتی ، هەرێم ، پەرلەمان و حکومەت لە ئیستادا جگە لە قسەی زڵ و مزایدەکردن بەسەر یەکدا ، کام کردەیان ئەنجامداوە بەبەژەوەندی رۆژئاڤا بکەوێتەوە ، ئایا جگە لە بەیاننامەو قسەی نیو ژوورە ڤێنکەکان ئەری کەس هێچی تری بینیوە ؟
دیارە سیاسەتی پارتی بەرانبەر بەوان لەوە دەرچووە رەخنەو گلەیی و گازندە لێبکرێت ! بەڵام یەکێتی بە هەموو پێوەرێک شکستی کۆبانی لەبەر چەندین هۆکار لەبەژەوەندیدا نیە ؛ لەوانە پەیوەندیان بە ئیران و بەغداد نەشاراوەیە کە باشترە ، ئەو دوو دەوڵەتەش پەیوەندیان لە گەڵ تورکیادا نەک هەر باش نیە بەڵکو لە دوو سەنگەری لەیەک جودان ، وێرای ئەوەی ئەوانیش بەرژەوەندی کوردیان ناوێت بەڵام ناراستەوخۆ بەغدادو ئیران لە مرۆدا کەوتنی کۆبانی بە بەرژەوەندی تورکیا دەبینن ، بۆیە ئەگەر یەکێتی مەبەستی بێت دەتوانی هاوکارو پشتوان بێ لە کرداردا .
کەواتە خیرە کی دەستی گرتوون تۆ بڵێت رێگایەک نەبێ بۆ هاوکاریان ؟
لێرەدا بەسەرجەم ئەو حزبانە دەڵێم ئەگەر راستدەکەن دەتانەوێت فشاری سەر کۆبانی کەم بێتەوە ، تورک لەوە زیاتر فشاریان نەخاتە سەر ، چەندین رێگا هەنە یەکێک لەوانە فەرموون رێگای رەوانەکردنی نەوت بگرن ، ئەوەتان پێی ناکری هەرچی کۆمپانیای تورک هەیە دەریان کەن ، ئەوەشتان پێی ناکری فەرموو یەکێەتی و گۆران لە سنوری ئەو دەسەڵاتەی هەتانە بەو کارە هەڵسن ، دڵنیابن سەرجەم کوردستانیان پشتیوانتان دەبن ئەو کات دەبینن تورکیا چۆن دەکەوێتە سەر چۆک .