شۆڕشەكانمان سەرناكەون ئەگەر شۆڕش لەسەر خۆمان بەرپانەكەین
Wednesday, 23/10/2013, 12:00
1745 بینراوە
وەرگێڕانی: شاهو قەرەداغی
ئەگەر ورد بینەوە لە سروشتی ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی كە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست یان ئەوانەی دژی دەسەڵات دەجەنگن بۆ دەسەڵات گرتنە دەست لە كاتی شۆڕشەكان و دوای شۆڕشەكان دەبینین هەندێكیان لە هەندێك كات دا وێنەیەكی تەواوی دیكتاتۆرە ستەمكارەكانن. هیچ سەیریش نیە، چونكە ئۆپۆزسیۆنە عەرەبەكان توشی هەمان نەخۆشی سیستەمە فەرمانڕەواكان بوون. وە لە ڕابردوودا هەستمان بەوە كردووە كە هەندێ لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەندێك لە دەوڵەتە عەرەبیەكان لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاش قۆرخكراوە لەلایەن هەندێ بنەماڵە و كەسایەتییەوە. بۆ نموونە لە سوریا حیزبی شیوعی سوری لە ڕابردوو و لە ئێستاش دا موڵكی بنەماڵەیەكی دیاریكراوە و تاكەكانی ئەو بنەماڵەیە بە سەرە سەركردایەتی دەكەن. هیچ جیاوازییەك نیە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەكانی. بە دەربڕینێكی تر" كەس لە كەس باشتر نیە" ، وەك چۆن سەرۆكی سوریا دەسەڵاتی وەك میرات بەجێهێشت بۆ كوڕەكەی، كەواتە كێشە نیە خاوەنی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان سەركردایەتی حیزبەكان بەجێبهێڵن بۆ كوڕەكان و خێزانەكانیان. ئەم شتەش تەنیا لە سوریا دا نیە بەڵكو لە میسڕیش بەهەمان شێوە، وە بە شێوەیەكی زەق لە سۆدانیش، بە شێوەیەك هەندێك لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بوونەتە حیزبێكی خێڵەكی تەواو، مادام ئۆپۆزسیۆنەكان لە دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان دەچن كەواتە چۆن شۆڕشەكانمان سەردەكەون؟ گەلەكان شۆڕشیان كرد لەبەر ئەوەی بیبسی بگۆڕن بە كۆكاكۆلا ، یان سبرایت بگۆڕن بە سێڤن ئەپ؟
عبدالله قوێەیمی ساڵی 1963 دەڵێت: "هەموو دیكاتۆرێك ئۆپۆزسیۆنێكی دیكتاتۆری هەیە هەمان سیفەتەكانی دیكتاتۆرەكە هەڵدەگرن ئەگەر بگەنە سەر دەسەڵات". بە شێوەیەكی تر: ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكتاتۆر هەڵگری زۆرێك لە سیفەتەكانی دیكتاتۆرن. لەبەر ئەوە بە ڕێگەیەكی دیكتاتۆری هەڵسوكەوت دەكەن كاتێك دەگەنە سەر دەسەڵات. ئەوەی لەسەر ئۆپۆزسیۆنەكانیش دەچەسپێت لەسەر عەوامی خەڵكیش بەهەمان شێوەیە، ئەوانەی پەروەردە كراون لە سەر هەموو پێكهاتەكانی دیكتاتۆری، بەتایبەتی ئەگەر لەژێر سایەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری دا ژیابن بۆ چەندەها سەدە. زانراوە كە دیكتاتۆر سروشتەكانی خۆی بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا دەگوێزێتەوە ، باوك لە ماڵ دا دەبێتە دیكتاتۆرێكی بچوك، و مامۆستا لە قوتابخانەدا، و واعیز لە مزگەوت دا، و بەڕێوبەر لە سەر كار، و بەو شێوەیە، بە شێوەیەك دیكتاتۆر بەرجەستە دەبێت لەناو تاكەكانی گەل دا. بەوەش خستنی دیكتاتۆر هیچ قیمەتێكی نابێت ئەگەر ئەو ڕۆشنبیرییە گشتییە نەگۆڕدرێت كە بەجێی دەهێڵێت لەدوای خۆی، چونكە ئەو عەقڵیەتەی دیكتاتۆری دروست كردووە لەوانەیە چەندەها دیكتاتۆری تریش دروست بكات.
هەستمان بەوە كرد هەندێ لەو شۆڕشگێڕانەی سەركەوتن بەسەر سیستەمی قەزافی دا لە لیبیا بەقەدەر سەرە پەنجەیەك جیاوازییان نیە لەگەڵ سیستەمەكەی قەزافی ڕووخاو، بەڵكو لەوانەیە لە قەزافی خراپ تر بن لە ڕووی دەست گرتن بەدەسەڵات و لەناوبردنی ڕكابەرەكانیانەوە. هەروەها ئەوەش دووبارە بوویەوە لە عێراق لەدوای خستنی سیستەمی ێەدام حسێن، ئەمەش وای لە هەندێك كەس كرد بڵێن "تەنها جیاوازی لە نێوان سەردەمی كۆن و ئێستادا ئەوەیە، كە ئێمە لە ڕابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ یەك دیكتاتۆردا دەكرد لەگەڵ بنەماڵەكەی، بەڵام ئێستا ژمارەی دیكتاتۆرەكان دەیان و سەدان و هەزارانە" لەبەر ئەوەی زۆرێك لەوانەی جێگەی دیكتاتۆرەكانیان گرتۆتەوە مونافەسەی دیكتاتۆرەكان دەكەن لە دەست گرتن بە كورسی و تیرۆر دا، نەك لە لیبیا و عێراق بە تەنها، بەڵكو لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستەمە كۆنەكانی تێدا ڕووخاوە.
بۆ نموونە لە ێۆماڵ دەیان گروپ دروست بوون كە وەك دیكتاتۆرەكە مامەڵە دەكەن، و ئێستاش لە سووریا هەمان شت دووبارە بۆتەوە.
وە لە دیارترین نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە دیكتاتۆرییەی كە عەرەب تووشی بوون ئەوەیە كە شۆڕش گێڕان لەناو خۆیاندا دەجەنگن لە دوای سەركەوتن، و وڵات دەكەنە كاولە. ئەوەشمان بینی لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ڕزگاریان بوە لە دیكتاتۆرەكان، موجاهیدەكان یەكتریان سەربڕی لە ئەفغانستان ، و بەهەمان شێوە لە ێۆمال و سوریا و عێراق و لیبیاش دووبارە بوویەوە، وەك ئەوەی ئەوان شۆڕشیان دژی دیكتاتۆرەكان نەكردووە بەڵكو شۆڕیان كردووە بۆ داگیركردنی وڵات و هێنانی دیكتاتۆرییەتێكی قورس تر.
بە كورتی لەوانەیە شۆڕش دژی دیكتاتۆر بە خێرایی سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام بێگومان كاتێكی زۆری دەوێت هەتا سەردەكەوێت بەسەر ئەو تۆوەی دیكتاتۆر چاندوویەتی لە ناخی هەموومان دا، لەبەر ئەوە شۆڕشەكانمان دەناڵێنن بەدەست ئەو سیفاتانەی دیكاتاتۆرەكان لەدوای خۆیان جێی دەهێڵن. چونكە ئەوەی گەلەكان لە چەندەها سەدەدا فێری بوون لەسەر دەستی دیكتاتۆر ناكرێت لەماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ دا ڕزگارمان بێت لێی، هەتا جگەرەكێشان بە ئاسانی وازی لێناهێنرێت. دیكتاتۆر وەك لاشە لەناودەچێت ، بەڵام ڕۆحی لە ناخی ملیۆنەها كەس لە گەلەكەی دەمێنێتەوە بۆ چەندەها ساڵ لە دوای لەناوچوونیشی.
چەند ئاسانە دیكتاتۆرێكمان لەكۆڵ بێتەوە، و چەند قورسە نەجاتمان بێت لە دیكتاتۆری ناخی خۆمان. قەزافی مرد، بەڵام هێشتا زیندووە لە ناخ و دەروونی زۆربەی لیبییەكان لە ڕووی بیركردنەوە و كاركردنەوە، وەك ئەوەی لە هەڵسوكەوتنی ئەوانەدا دەیبینین كە هاتوونەتە جێگەی.
ناگەینە سەردەمی تازە لە دوای شۆڕشەكان بە تەنها لەناوبردنی دیكتاتۆرەكان، قەت وا نابێت، بەڵكو پێویستە چاوەڕێی لەدایك بوونی سیستەم و ئۆپۆزسیۆنی نوێ ببین كە پیس نەبووبێت بە نەخۆشی سیستەمە كۆنەكان، بەشێوەیەك بە تەواوی پاك بێت لەو بیركردنەوە دیكتاتۆرییانەی كە چەندەها نەوە لەسەری گەورەبوون.
ڕاستی كرد ئەو كەسەی وتی" كاری قورس گۆڕینی گەلەكانە، بەڵام گۆڕینی حكومەتەكان خۆی ڕوودەدات كاتێك گەلەكان ئەوەیان دەوێت"