بەها جوانەکان تێک مەدەن
Friday, 08/01/2010, 12:00
هەرچەندە ئێمە وەکو پۆلێ لەو کەسانەی هەرچی بوون و نەبوونمان هەیە هەتا هەستەکانیشمان لەسەرەتای لاوێتیمانەوە بەخشی بە کوردوکوردستان، هیچ هەر هیچ باکمان نەبوو... دایک و باوک و خوشک و براکانمان لەو شارە بێ ناز و بێ خاوەنانەی کووردستان ئەدایە دەست قەدەر و بەعس بهو چەشنەی هەموومان دەزانین گاڵەی پێ دەکردن لەگرتن و ڕاوەدوونان و ئیهانە و سوکایەتی پێکردنیان... زۆرێکیشیان بەرگەیان نە ئەگرت و ئەمردن.
ئێمە بەهەر هەموو ئەمانە و ناخۆشترین ژیان و گوزەران لە سەخترین زەمەن و سەخترین جێدا ئەژیاین و ئەمردین. زۆر کەم بیرمان لەم ڕۆژە ئەکردەوە کە حکومەت و پەرلەمان و دام و دەزگای دەوڵەتی خۆمان هەبێت و زۆربەشمان بە ڕێکەوت ماوین. کەواتە ئێمە پێشمەرگەین.
ئێستاش وەکو ئەو پۆلە تێکۆشەرەی کە زۆربەمان بە لەشی ناساخ ومێشکی جەنجاڵ و بەش مەینەت لە هەموو ئاستەکانی ژیان.. ڕۆژ نییە تەوژمی تەیارێکی نەخوازراوی هەست و دڵ و مێشک هەژێن بەرۆکمان نەگرێت و پێمان نە ڵێت ئێوە چین، ئێوە کێن..... ئەی بۆ وەکو بەشێکی زۆر لە ئەرک و ماندووبوونی شۆڕشی کوردتان لە کۆڵ نابوو ئێستاش بەشێکی هەر لەسەر شان و مل و دڵتانە. کەس هەر هیچ کەس تەنانەت گوێشتان لێ ناگرێت؟! ئەوەش بزانن ئێمە میراتگری شههیدەکانیشمانین.
ئەمجارەیان داوا و تکاتان لێ دەکەین داوای هیچتان لێ ناکەین ئەوە نەبێت باهەر بە گەورەیی بمێننەوە با دوشمنمان پێ خۆشنەبێت... بەسە ئیتر چەقۆکانتان لەیەکتر تیژ مەکەن و ملی جوانترین مێژووی پێمەبڕن... سوێندتان ئەدەین بۆ بەتاڵبوونەوەی مێشک و دڵی خۆتان هەرچی هەیە و نییە هەڵی مەڕێژن تاسەرەنجام باشەکانیش بە خراپە بشکێتەوە.
پەنا بۆ گۆڕی ئەو هەموو جوانە، تکا تو گۆڕی ئەو ژن و پیاوانەی بۆ ئێوە و خەڵک و کوردستان مردن.. لەبەر ئەو هەموو گەنجەی ناسکترین وجوانترین تەمەنیان بەخشی بە خاک و ووڵات و کورد.. تو کفنی ئاڵی ئەو شەهیدانە لەبەر ئەو هەموو مێرد کوژراو.. کوڕ کوژراو.. برا کوژراو..باوک کوژراوانە بەسە ..ئیتر نەک هەر خۆتان ڕێگە مەدەن کەس سوود لەم هەلە وەربگرێت و خۆی پێ گەورە و شیرین بکات لاتان.. بازرگانەکانی جەنگ و ناکۆکی زۆرن هەر زۆر.....
ئەم کوردستانە هەر خوێنی نەویستووە بڕوا بکەن دەریایە فرمێسکی بۆ ڕژاوە، هەزارەها کەم ئەندام بوون، قامچی و کێبڵ و زوڵمەکان بەعسیان هیلاک کرد ئەمەندە گلاو هەڵسایەوە ئیتر بەرگە ناگرێت .. باماندووی بحەسێتەوە... کاکینە لە زۆر گەڕەک و شار و دێمان ژمارەی کوژراو و شەهیدەکانمان زۆرترن لە وانەی ماون.
ڕەنگە هەندێکتان نەکوڕ.. نەبرا.. نەکچ.. نەخوشک.. نە دایک.. نە باوکی نە کوژرابێت، ڕەنگە هەندێکتان نە خاڵ و مام و پورزا و خاڵۆاشتان نە کوژراوبێت.. کاکینە ئازارەکان زۆر زۆرن بانەبێت توخوا بانەبێت.. بڕوا بکەن دوایی سەری ئێوەش دەخوات.
خێرخوازەکانی کوردستان.. پیاوو ژنە باشەکان.. کەسانی بەرەی گەل ونیشتمان پارێزەکان.. پیاوانی ئایینی.. ڕۆشنبیر و ئەهلی قەڵەم ......
ئەگەر شتێ ڕووبدات هەمووتان پێکەوە دەسووتێن ئەوسا دەبێت قەڵەمەکانتان فڕێ بدەن و دەمتان بدوورن...
کەس وکاری شەهیدان خێراکەن خێرا با لێرەدا بیوەستێنین کە ئاگر کەوتەوە ئاسان ناکوژێتەوە.
کاک نەوشیروان و مام جەلال هێشتا برینەکانی تر ساڕێژ نەبوون. بەڕێزەکانم خەریکە جوانترین مێژوو بەتەواوی ناشرین دەبێت، خەڵک ئەمە قبوڵ ناکات.. زۆر کرا بۆ ناشرین کردن.. بیرتان بێت ژیانمان لەسەر ئەم زەمینە تەنیا نییە.. خەڵکانی تریش لەگەڵمان و دەوروبەر و نزیکمان هەن و ئەژین، هەر وەک چۆن لەلێقەومان و نەهامەتیەکان داوای خێر وچاکەمان لێئەکردن ئەبێت لە هەڵسو کەوتیشمان دا ئەوانمان بیر بێت.. ئەوانیش هەروا دانانیشن... تورک داخڵ بێت لە پێشدا هەولێر دەگرێت و قوبرسێکی تر لە عێراق دەخوڵقێ و ئەشی کاتە ئەمری واقیع.
ئێستاش وەک پۆلێ کادیر و پێشمەرگەی دێرین کەئەتوانم بەناوی بەشێکی زۆری تریشیانەوە پێتان بڵێم ئێمەش ئیحراج مەکەن. داواش لە کادیر و نووسەر و ڕۆشنبیرانی هەموو لایەکیش دەکەین ڕق و قینی خۆیان هەڵنەڕێژنە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان تا پێتان بڵێن دڵسۆزی حیزب و سەرکردەکانیانن.. چی قسە و کرداری خێرتان بۆ دەکرێت بیکەن.. پاشان نەخوا و نەمێژوو و نەئێمە و هەڤاڵەکانمان لەو کەسانە خۆش نابین کە ئاگری شەڕ خۆش دەکەن.
پۆلێ کادیر و پێشمەرگە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست