کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیی و یه‌کێتییدا له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌کی راپه‌ڕیو ، کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات..نوێکراوه‌ته‌وه‌..

Wednesday, 30/03/2011, 12:00


پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی خواره‌وه‌، هه‌ڵسواراوێکی گۆڕان په‌یوه‌ندی به‌ کوردستانپۆست کرد و وتی: ئێمه‌  به‌ نهینێ کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاتدار نه‌کردووه‌ ، به‌لکو به‌ ئاشکرا و بێپه‌رده‌ بووه‌ و له‌ راگه‌یاندنه‌کانی خۆمان به‌ ئاشکرا باسمان لێوه‌کردووه‌ ، ده‌رباره‌ی داواکارییه‌کان یا ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ باسکراوه‌ بریتی بوو له‌ به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵییه‌که‌ و داواکاریی  خۆپیشانده‌رانی  کوردستان ، ئێمه‌ خه‌لکی دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سازش له‌سه‌ر ئه‌و  داواکارییانه‌ به‌ تایبه‌تی داواکارییه‌کانی  خۆپیشانده‌ران ، ئێستا ئێمه‌ چاوه‌ڕێی وه‌لامی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدارین ، دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ سازش ناکه‌ین.
چاودێرێکی سیاسیش سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس بۆ کوردستانپۆست دوا و وتی : لێره‌دا وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ش ئاماژه‌تان پێداوه‌ ، کۆبوونه‌وه‌ی ئاوا له‌گه‌ل هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌ته‌واوی ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌ و به‌ گه‌مه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌سه‌لات ده‌زانین ، و واشیداده‌نێین گۆڕان یا هه‌ر لایه‌کی دیکه‌ ئه‌گه‌ر کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بکات و یا ته‌نانه‌ت ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ش که‌ له‌ 29/3 ئه‌نجامیدا، جگه‌ له‌ کرده‌یه‌کی دژه‌خه‌ڵکی و درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌لات هیچی دیکه‌ نییه‌.
گۆڕان ناتوانێت به‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان تووڕه‌یی خه‌ڵک به‌تاڵ بکاته‌وه‌ و بچێت کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل ده‌سه‌لات بکات . ئێستا به‌ هه‌مان سیناریۆ پارتی و یه‌کێتی له‌گه‌ڵ یه‌کگرتووش به‌ته‌مان  کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن ، که‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی دیکه‌یه‌. باشه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ دانیشتن هه‌ر ده‌بێ ب‌کرێت ، بۆ  ئۆپزسیۆن به‌ یه‌کگرتووی له‌گه‌ل نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی کاتی به‌یه‌که‌وه‌ ،له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لات دانانیشن ؟ .. بۆچی له‌ خۆیان ناپرسن ئه‌و تاکتیکه‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار که‌ بریتییه‌ له‌ دانیشتن به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ک  بۆ چ مه‌به‌ستێکه‌ ؟!.

به‌ کورتی و به‌ کوردی دانیشتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی ، کرده‌یه‌کی قێزه‌وه‌نه‌ ،نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ تاوانکردن ، بۆیه‌ گۆڕان ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت ده‌بێ باجێکی قورس بدات ، وه‌ک چۆن ئێستا ئیخوان موسلمین له‌ میسر ده‌یدا، به‌ هۆی به‌شداربوونی له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک که له‌ ژێر وێنه‌ی‌ حوسنی موباره‌ک ‌ به‌ڕیوه‌چوو.

--------------------------------------------------------------

هه‌واڵه‌که‌:

سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ کوردستانپۆستی ئاشکرا کرد،‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ سێ قۆڵییه‌که‌ی دوێنێی 29 / 03 / 2011  که‌ له‌ نێوان پارتی، گۆران و یه‌کێتیی ئه‌نجام درا،  هیچ کێشه‌یه‌ک رووی نه‌دا، به‌ڵکو به‌ شیوه‌یه‌کی ئیجابی دانیشتنه‌که‌ به‌ڕیوه‌ چوو،  ئه‌و خاڵانانه‌ی گفتوگۆشی له‌سه‌ر کرا نه‌بووه‌ مایه‌ی کێشه‌ و ده‌رگای دیالۆگی دانه‌خست،  به‌تایبه‌تیی له‌و خاڵه‌دا، که‌ جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی باسی لیوه‌ کرد سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌که‌ی 17ی شوبات و پیاوکوژه‌کانی لقی چواری پارتی. له‌م باره‌یه‌وه‌ جه‌عفه‌ر ئیبراهیم وتی:

"هه‌ركاتێك داوای‌ هه‌ر گومانلێكراو و تۆمه‌تبارێك له‌ پارتی‌ بكرێت له‌لایه‌ن دادگاوه‌، ئاماده‌ین ته‌سلیمی‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌مه‌رجێك به‌ماده‌ی‌ 406  دادگایی نه‌كرێت و دواتر به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد بكرێت".
شایانی باسه‌ ماده‌ی 406  تایبه‌ته‌ به‌ که‌سێک که‌ وه‌کو بکوژ بۆ دادگا راپێچ و تۆمه‌تبار بکرێت.
سه‌رچاوه‌که‌ وتی: نوێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆران به‌م پێشنیاره‌ و ته‌واویی خاڵه‌کانی تر رازی بوون، کۆمێنتار و قسه‌یه‌کیان له‌ سه‌ری نه‌بوو. جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌م دانیشتنه‌ی‌ که‌ دوێنێ به‌ نهێنی ئه‌نجام درا، پێشینه‌یه‌کی مێژووی هه‌یه‌ بۆ حیزب و رێکخراوه‌ کوردییه‌کان، چونکه‌ له‌م جۆره‌ دانیشتن و گفتوگۆ نهێنییانه‌دا ده‌توانرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ و بۆ راگه‌یاندنه‌کان به‌ شیوه‌یه‌کی تر پێچه‌وانه‌ی رێککه‌وتنه‌که‌یان  قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و لایه‌نی دیکه‌ی پێ چه‌واشه‌ بکرێت. یه‌کێک له‌ داخوازییه‌کانی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی ئه‌وه‌ بوو که‌ داوایان له‌ گۆڕان کرد تا بایکۆتی دانیشتن له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵات بکات، که‌چی گۆران گوێی نه‌گرت و داخوازییه‌کانی به‌جێ نه‌هێنا.

 بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شێکی تری ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=23147&Jor=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە