کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕه‌فیق سابیر(شیعر)ه‌کانی ئاشت ده‌کاته‌وه و مۆڕه‌یه‌ک له‌ (سیاسه‌ت)ی تا ئێستایشی ده‌کات!

Thursday, 23/09/2010, 12:00


له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ یه‌ک دوو سایت، قسه‌کانی د. ڕه‌فیق سابیرم له‌سه‌ر دوایین دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستان خوێنده‌وه‌. سه‌ره‌تا نیگه‌رانی یه‌ک دایگرتم و له‌ ناخی خۆمدا ده‌موت:
چه‌ند سه‌خته‌ به‌ به‌رچاوته‌وه‌ که‌سانێک له‌ زه‌بوونی و خۆ خه‌ڵه‌تاندن و نائومێدی و ترس و بێزاریدا ببینیت و هه‌ر خۆشیان بوبێتنه‌ ئه‌ندامی گروپێکی سه‌مپاشی بۆ زه‌بوون کردن و گێژ کردن و نائومێد کردن و ترساندن و سه‌رکوت کردنی به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵک؟! ئاخر ئه‌وه‌تا ڕه‌فیق سابیر زۆر ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێت:
ـ (شیاو نیه‌ کۆبونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان به‌ شێوازی عه‌سکه‌ریانه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت و ناشکرێت سه‌رۆکی په‌رله‌مان هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ جه‌نه‌راڵێک فرمانێک به‌سه‌ر سه‌ربازه‌کانیدا ده‌سه‌پێنێت به‌هه‌مان شێواز له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌ماندا ڕه‌فتار بکات)!
‌دڵنیا بوون له‌وه‌ی که‌سێک(سه‌رباز)ه‌، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دنیایه‌ک موعانات و خۆخواردنه‌وه‌ و بێ شه‌خسیه‌تی و بێکه‌رامه‌تی و سوکایه‌تی و ترس و به‌کارهێنان و... که‌ له‌ ناو ئه‌و ده‌زگایه‌دا تووشی ئه‌و که‌سه‌ ده‌بێت و به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنریت بیری زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراق بخاته‌وه‌ و نمایشێکی خێرای چۆنێتی ژیان و گوزه‌ران و ئازادی خه‌ڵکی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌شی به‌ به‌رچاودا بگوزه‌رێت، که‌ سه‌ربازخانه‌کان(به‌ ناوی پاراستنی سه‌روه‌ری خاکی نیشتمان و ده‌سکه‌وته‌کانه‌وه‌)‌ ده‌ورێکی سه‌ره‌کی یان له‌ دروستکردن و ڕاگرتنیدا ده‌بینی!

به‌ڵام دواتر که‌ بڕێک زیاتر له‌ قسه‌کانی وردبومه‌وه‌، ڕه‌نگێکی تری ڕه‌فیق سابیرم هاته‌وه‌ به‌رچاو و بینیم به‌ هه‌ستێکی شاعیرانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌کات و هیچ نه‌بێت چاودێری که‌رامه‌تی ئینسانی خۆی ده‌کات! به‌مه‌ نیگه‌رانیه‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ شه‌خسی ڕه‌فیق سابیر که‌متر بووه‌وه‌، چونکه‌ بوژانه‌وه‌ی هه‌سته‌ شاعیرانه‌که‌یم‌ له‌ ژێر مۆڕه‌یه‌کی ئازایانه‌دا بینی و تا ئه‌و جێگایه‌ش دڵی خۆمم خۆش کرد، که‌ هاکا به‌ یه‌کجاری له‌و سه‌ربازخانه‌یه‌ فیرار بکات و هه‌رچی نهێنی ناو ئه‌و سه‌ربازخانه‌یه‌شه‌ ئاشکرای بکات و هه‌رچی زوه‌ گابه‌ردێک بخاته‌ سه‌ر ڕێی ده‌بابه‌ و زرێپۆشه‌کانی‌ ئه‌و عه‌سکه‌رله‌مانه‌‌ی کوردستان و یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌کانی هێزی فریودان و ترساندن و سه‌رکوت و بێمافی و تاڵان لاواز بکات! چونکه‌ کێ هه‌یه‌ به‌ بیستنی وشه‌کانی سه‌رباز و سه‌ربازی و سه‌ربازخانه‌ و جه‌نه‌راڵ، ئه‌و هه‌موو یاخی بوونه‌شی له‌ فه‌زای ناو سه‌ربازخانه‌ و ده‌وره‌ دژی ئینسانی یه‌که‌ی بیر نه‌یه‌ته‌وه‌، که‌ زۆرجار باجه‌که‌ی بریتی بوو له‌‌ ئاواره‌بوون و کوشتنێکی ئاشکرا!؟ تۆ بڵێیت ڕه‌فیق سابیر ئه‌و کاته‌ ئه‌و ئازایه‌تیه‌ی نه‌نواندبێت؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌ینواند چی؟ ئه‌مه‌ لێده‌گه‌ڕێین بۆ داهاتوو.
له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم، له‌و باوه‌ڕه‌دام به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ چاوه‌ڕوانی و متمانه‌ و بڕوایه‌کیان به‌ په‌رله‌مان و ده‌وری ئیجابی ئه‌ندامه‌کانی نیه‌، به‌ڵام ڕێز و بایه‌خ بۆ یاخی بوونی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داده‌نێن که‌ لانی که‌م به‌رگری له‌ که‌رامه‌تی ئینسانی خۆیان ده‌که‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وامی و درێژه‌دان به ‌(سه‌رباز) بوون له‌و ناوه‌نده‌دا، توانای ئه‌وان بۆ به‌رگری له‌ که‌رامه‌تی خۆشیان زیاتر ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و وای لێدێت وه‌ک ئه‌ندامی زه‌بوونی هه‌ر ده‌زگایه‌کی تری سه‌رکوت سه‌یر بکرێن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە