دادوەرێكى دادگاى كەلار دەدرێتە دادگا
Sunday, 30/06/2013, 12:00
هاوڵاتییەك: حاكم تارق قۆڵى بڕیم و ماڵوێرانى كردم
هاوڵاتییەكى دانیشتووى كەلار داوایەكى یاسایى لەسەر حاكم تارق داودى تۆمار دەكات، بەتۆمەتى ئەوەى ئەوكاتەى ئەو حاكمە پارێزەر بووە فریوى داوە و ئەو خانووەى لەدەست دەركردووە كەتێیدا ژیاوە.
رێكخراوە مەدەنیەكانى گەرمیانیش هەڕەشەى خۆپیشاندان و خەڵك هێنانە سەر شەقام دەكەن، ئەگەر ماف بۆ ئەو هاوڵاتیە نەگێڕدرێتەوە.
ئەو هاوڵاتییەى لەدادگاى كەلار داواى یاسایى لەسەر حاكم تارق داودى تۆمار كردووە، ناوى سەلیم عەلى قادرە و لەئێستادا چاوەڕوانى دادبینى كردنى دۆسیەكەیەتى لەلایەن دادوەرەوە.
سەلیم عەلى قادر كە لەدادگا سكاڵاى لەسەر حاكم تارق داودى تۆمار كردووە، ئەو دادوەرە تۆمەتبار دەكات بەوەى كاتێك پارێزەر بووە فریوى داوە و ماڵوێرانى كردووە.
سەلیم عەلى قادر، ئاماژەى بەوەكرد لەدواى ڕووخانى رژێمى بەعس زاوایەكى لەگەڵ كەسێكى تردا بووەتە شەریك و كارى بازرگانیان كردووە، ئەوكات (130) گەڵاى شەریكەكەى كەوتووە لاى زاواكەى و زاواكەى قەرزدار بووە.
دواتر زاواكەى لەسەر ئەو قەرزاریە دراوەتە دادگا و سكاڵاكار ئەوكات حاكم تارق وەكو پارێزەر گرتووە، چونكە ئەوكات ناوبراو دادوەر نەبووە و كارى پارێزەرایەتى كردووە.
سەلیم وتى" ئەوەبوو من بوومە كەفیلى زاواكەم بۆ ئەوەى پارەى كابرا بدات".
ناوبراو، ئاماژەى بەوەشكرد بەهۆى ئەوەى خوێندەوارى نەبووە حاكم تارق سودى لە نەخوێندەواریەكەى وەرگرتووە و دوو كەسى كردووەتە شاهید و لەسەر نوسراوێك ئیمزاى پێكردووە.
سەلیم وتیشى"دواتر بۆم دەركەوت حاكم تارق فریوى داوم و ئەو خانووەى كە تێیدابووم لەدەستى دەركردم".
ئێستا هەرچەندە زاواكەى مانگانە قەرزاریەكەى دەداتەوە و بڕێك لە قەرزەكەى داوەتەوە، بەڵام بەهۆى فریودانى سەلیم لەلایەن حاكم تارقەوە خانووەكەى بە بەهاكەى بە پانزە دەفتەر دۆلار دەخەمڵێندرێت كراوەتە ناوى ئەو كەسەوە كە قەرزى لاى زاواكەى سەلیم بووە و ئەم بووەتە كەفیلى.
سەلیم وتى" ئێستا زاواكەم بڕێكى زۆر لەقەرزەكەى داوەتەوە، هەروەها خۆشم ئامادەم تەواوى قەرزەكە بدەمەوە بەمەرجێك خانووەكەم بدرێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەو فرت و فیڵەى حاكم تارقەوە خانووەكەم كراوەتە ناوى سكاڵاكارەكەوە و نامداتەوە و دەیەوێت بیفرۆشێت".
مانگى رابردوو سەلیم بەتۆمەتى فریودانى و لەدەست دەركردنى ئەو خانووەى كە منداڵەكانى تێدا ژیاوە، سكاڵاى یاسایى لەسەر حاكم تارق تۆمار كردووە و داویەتیە دادگا.
عەدنان قوربانى ئەندامى رێكخراوە مەدەنیەكانى گەرمیان، هەڕەشەى هەڵوێست وەرگرتن و خەڵك هێنانە سەر جادە دەكات ئەگەر ماف بۆ ئەو هاوڵاتییە نەگێڕدرێتەوە.
قوربانى وتى" با ئەو هاوڵاتییە شكات بكات ، ئێمەش وەكو رێكخراوەكان پشتگیرى دەكەین".
وتیشى" ئەگەر ئەو دادوەرە كارى واى كردبێت و غەدرى بەو هاوڵاتییە كردبێت بێدەنگ نابین و خەڵك دەهێنینە سەر جادە".
رایەڵ دەربارەى سكاڵاى ئەو هاوڵاتییەوە چەند جارێك پەیوەندى بە حاكم تارقەوە كرد ، بەڵام پەیوەندێكە بەردەست نەبوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست