کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزارەتى ناوخۆ ئەم گاڵتە بازاڕییە چییە؟

Saturday, 28/01/2012, 12:00


بەندە هاوشێوەى ئەو كەسانەى (سەرەڕاى ژمارە كەمییان) تاڕادەیەك باوەڕمان بە لێپرسراوان و كاربەدەستانى ئەم هەرێمە ماوە و كەم تا زۆر گوێ لە لێدوان و بەڵێنەكانیان دەگرم كەلە ڕۆژنامە و تەلەفزیون و وێب سایتەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە ،بەڵام هیچ كات هێندەى بابەتى زیادە مووچەى پاسەوانەكان بێ ئومێدو بێ بتمانە نەبووم بە لێدوانەكانى كاربەدەستان .سەرەتا پێموابوو كە ئەم لێدوانە بێسەروبەرانە و ناڕاست و دژ بە یەكانە گاڵتەیەكى وەزارەتى ناوخۆیە و بە بۆنەى گۆڕینى كابینەى حكومەتەوە وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێگەى بەرپرسەكانیەوە لەگەڵ بەشێك لە هێزەكانى خۆیدا دەیكات ،بەڵام بە داخەوە من هەڵە بووم و وا دەرنەچوو.بەڵكو ئەو لێدوانانە هەمووى بەلایەنى ڕاستیەوە ئاراستەى ئەو پاسەوانانە دەكرا و بەڵام ڕاست نەبوون و كاربەدەستانى هەرێم هەر لە خۆیانەوە و بۆ خۆ دەرخستن ئەو لێدوانانەیان داوە و بووەتە هۆى یاریكردن بە میزاج و هەست و نەستى ئەو هێزانە.ئاخر ئەگەر یارى كردن نەبێت بە میزاجى ئەو چەكدارانە ئەو هەموو لێدوانە دژ بە یەكانە چى یە .فەرموون با بە یەكەوە چاوێك بخشێنینەوە بە بەشێكى كەمى ئەولێدوانانەدا:.

1- زیاد لە جارێك لیوا (بەختیار) كە ڕاوێژكارى وەزارەتى ناوخۆیە ئەوەى ڕاگەیاندووە كە لیژنەكەى وەزارەتى ناوخۆ ژمارەى ئەو هێزانەى ناردووە بۆسەرۆك و چاوەڕوانى ئەوین كەى واژۆى كرد یەكسەر سەرف دەكرێت ئەو زیادەیە.

2- بەڕێزێكى ترى وەزارەتى ناوخۆ لە ڕادیۆى ناوخۆدا لە ڕۆژانى دواى (15)ى مانگدا ئەوەى ڕاگەیاند كە لە ماوەى (10 -15) ڕۆژدا ئەو زیادەیە سەرف دەكرێت ،كە بە داخەوە لەبەر زۆرى لێدوانەكانییان ناویم بیر چۆتەوە

3- لە سایتى سبەى دا (فایەقە ڕەش) لە مانگى (12) دا ئەوەى ڕاگەیاند كە بەشێك لەو هێزانە ئەم زیادەیە نایانگرێتەوە، لە كاتێكدا هەموو ئەو پارەیە هاتووە و ئەگەر نەیدەن بەو هێزانە ئەوا یان هەرێم دەبێت بیخوات یان بیگێڕنەوە بۆ بەغداد.

4-مامۆستا جەلال كە بریكارى وەزیرى ناوخۆیە لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیونى گەلى كوردستان ئەوەى ڕاگەیاند كە هەموو یەكەى پاسەوانى ئەو زیادەیە دەیانگرێتەوە و چاوەڕوانى سەرۆكایەتى هەرێمن،كە ئەم لێدوانەش پێچەوانەى لێدوانەكەى فایەقە ڕەش بوو

5-لە (19)ى ئەم مانگەدا كاك (تاریق گەردى) كە بەڕێوبەرى گشتى وەزارەتى ناوخۆیە بۆ ڕۆژنامەى هەولێر دەڵێت سەرۆكى هەرێم واژۆى كردووە لەسەر ژمارەى پاسەوانەكان و گەرَاوەتەوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ و لە ڕۆژانى داهاتوودا بۆیان سەرف دەكرێت زیادەى موچەكەیان

6-لە بەروارى (25)ى ئەم مانگەدا بەڕێوبەرى گشتى ڕاگەیاندنى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم(سمكۆ ئەنوەر)ڕایگەیاند بۆ ڕادیۆى ناوخۆ كە تاكو ئێستا سەرۆكى هەرێم واژۆى نەكردووە لەسەر ئەو پرسە و ئەو هەواڵانەى بە درۆ خستەوە كە ووترابوو واژۆى كردووە.

7- لیوا (عبداللە محمد) كە ئەندامى لیژنەى ناوخۆیە بۆ ئەو پرسە لە شەوى (28)ى ئەم مانگەدا دوا بەدواى هەمو لێدوانەكانى ترى بەرپرسان بۆ تەلەفزیونى پەیام دەڵێت كە هێشتا ئەو پرسە لەلاى لیژنەكەیە و كارى ترى ماوە

باشە بەڕێزان یەكێك دەڵێت بەشێكیان شمولى ناكات و ئەوى تر دەڵێت نا هەموو شمول دەكەن و یەكێكى تر دەڵێت لاى سەرۆكە و ئیمزاى كردووە وە یەكێكى تر دەڵێت لاى سەرۆك ئیمزا نەكراوە و كەچى ئەندامێكى لیژنەكە لە دواى زیاتر لە دوو مانگ و نیو ،تازە دەڵێت یەشتا هەر خەریكین.

ئاخر توخوا كاك بەرهەم ێاڵح چۆن توانیوتە ئەم چەند ساڵە لەگەڵ ئەم هەموو بگرەو بەردەیەدا هەڵبكەیت ،بەڕێز سەرۆكى هەرێم ئەم هێزانە كە ژمارەیان زۆرە، چەند جارێك بە نوسراو لە سایتەكاندا داوایانكرد ئەو پرسەیان بۆ یەكلایى بكەیتەوە ئاخۆ كەسێكى دڵسۆزت نەبوو هاوار و دادى ئەوانە بگەیەنێتە بەڕێزتان و كارێكیان بۆ بكەیت.ئەگەر ئەم كابینەیە مافى ئەمانى نەگەڕاندەوە ئە وا بەڵكو كابینەكەى دواى ئەم كارێكیان بۆ بكات .كۆتایى بە قسەكانم دێنم بە پاڕانەوە لە خوداى مەزن كە هیچ كاتێك موحتاجى ئەوە نەبم كە ڕوو لەحكومەتى هەرێم بكەم و كاربەدەستانى حكومەت یارى بە هەست و سۆز و دەرونم بكەن و دواى چەندین سەدە پێم بڵێن یەشتا كارى ماوە و چاوەڕوان بە.

تكایە ئێوەش بڵێن ئامین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە