كۆبونەوە ى پێنج سەركردەى حیزبی... لادانى كاتى... یاریكردن بە عەقڵ!!...
Friday, 30/12/2011, 12:00
ڕێكەوتنى ستراتیژى تاڵەبانى و بارزانى لە شەكڵدا كۆمەڵێك ئیجرائاتى ڕۆتین چزو بەند كراوە، وەلێ لە جەوهەردا بەرژەوەندى تایبەتى هەردوو كەسایەتى و بنەماڵەیان ڕەچاوكراوە، گەواهى ئەم قسەیە لە دواى مۆركردنى ئەم ڕێكەوتنە تا بەئەمڕۆ با بفەرمون پێمان بڵێن دەرئەنجامى ڕێكەوتنى ستراتیژى ئەم پرسە نەتەوەیى و نیشتمانیانەمان
هێناوە تە دى وەك بەرهەمى ڕێكەوتنى نێوانمان!..
یەك لە خەسڵەتەكانى ئەم ڕێكەوتنە لە دایكبونى شتێك نەبوو ناوى بەرهەڵستكارو حیزب و بزوتنەوەى سیاسى بێ لەبەرامبەریدا، بۆیە بە كاوەخۆ بارزانى و تاڵەبانى تا 25/7/2009 كاریان ڕوو لەباشى بوو، ئیدى دواى ئەو مێژووە، هاوكێشەى سیاسى لە نێو بازنەى هەرێمى كوردستان، لایەن و باڵى بەرهەڵستكار لەبەرامبەر سیاسەتى جەمكى هەردوو حیزب ، وێناو فۆرمێكى تازەى لەشێوەبەرەدا زیاتر تەنگەتاوكرد!..
7/3/2010 قۆناغێكى تر لە چەسپاندنى بەرنگاربونەوەى كردارو رەفتار لەبەرامبەر ڕێكەوتنەكە هاتە كایەوە!..
17ى شوباتى 2011 ئیدى وەرچەرخانى گەورە لەتەك پاكێجەكانى ناڕەزایى ڕاى گشتى ، كۆمەڵى مەدەنى ، زانكۆ، یاساناسان، ڕۆشنبیران، میدیاى ئازاد بەگشتى، زەنگێكى ترسناك هەست پێكرا لەلایەن هەردوو حیزب و سەركردەكانیان.
ئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغەدا پێیەكى ڕوو لە جەماوەرو پێكەى ترى كەمێك شەرمنانە لاى دەسەڵات بوو، هەر بۆیە تەفسیرو تەئویل بۆ هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن كرا.
لە حوزەیراندا بەزمى كۆبونەوەى پێنج قۆڵى دەستى پێكرد، لەكاتى خۆیدا وتمان (ئامانجى ئەم برادەرانە كوشتنى كاتە نەك چاكسازى ڕیشەیى)!..
وەلێ قەناعەت درەنگ وەخت هاتە دى، پاش پێنج كۆبونەوە ، بڕیارى هەڵپەساردنى كۆبونەوەى پێنج قۆڵى درا، تا بەئەمڕۆ، لەژێر پاساوى جیاجیادا هەنگاوەكان كورت دەهێنن!..
ناوبەناو لێرەو لەوێ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دووچارى كێشمە كێش و ئاخافتنى دژ بەیەك و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى كلیلى چارەسەر بەجۆرێك لە جۆرەكان دەدرێت!...
2/12 ڕووداوەكانى بادینان كۆمەڵێك ڕەهەندى ترى لەبەردەم وەزعى چەقبەستوى نێو ماڵى كورد قوتاركردەوە!!...
17/2 قەیرانى عێراق ڕوو لە ماڵى شێواوى كورد دەكات!.. مالكى لەژێرناوى ئیحكتیام بە مادەكانى دەستور و پێكهێنانى حوكمەتى زۆرینە، هاشمى تاوانبار بە هەوڵى تیرۆریستى ، موتڵگ بە كەنارگیرى، باقى سەركردە سونیەكان لە دەرئەنجامى لەباربردنى هەرێمى سونى تاوانبار دەكات!!...
كورد ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ تەرەفگیرى لەزەرەرى دۆزەكەى دەبێت. ئەوەى كورد بۆى دەگەڕێ ئێستا لەسەر بەڕەكەیەتى ، پێویستى بەئیرادەو لێنەوین هەیە!..
كورد لەبەرامبەر ئەزمونێكى دووڕەهەندى چارەنوسازدا گوزرەردەكات:
یەكەم: بەپرۆتۆكۆلكردنى تەواوى هێڵەسورەكان (سنورى كوردستان، بودجەى سەربەخۆ، ئایندەى پێشمەرگە، ژێرخانى ئابورى كوردستان وەك نەوت و غاز، ئەنجامدانى سەرژمێرى، دەركردنى قانونى ئەحزاب)، لەتەك حكومەتى عێراقى، بەدەر لەمە لادانی كاتیە، مەسەلەى كۆنگرەى نیشتمانى ، براگەورەیى سەركردە حیزبیەكان لەبەردەم بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و سیاسیدا خۆ دەبیننەوە.
دووەم:ڕێكخستنەوەى ماڵى كورد، لە ڕێگەى ڕاى گشتى ، كۆمەڵى مەدەنى ، تەواوى چین و توێژەكان، نەك لە ڕێگەى كۆبونەوەى پێنج سەركردەى حیزبى كوردى، كە ئەمە كارەساتە، بچوكردنەوەى كۆمەڵگەو حساب نەكردنە بۆ هیچ بەهایەك.
ئەگەر چى ، بەندە هەردەم لەتەك كۆبونەوە بۆ مەبەستى چاكەى گشتى ، بەرژەوەندى گشتى ، دادى كۆمەڵایەتى بووم. وەلێ ئەوەى ئێستا هەوڵى بۆ دەدرێت لە گردكردنەوەى ماڵى كورد لە لادانى كاتى، یاریكردن بەعەقڵى تاكى كورد نەبێت بەداخەوە لە ئاسۆدا هیچ خوێندنەوەیەكى تر بەدى ناكرێت!!... بۆ؟!!
1/ كۆبونەوەى پێنج سەركردە لە بیرو بۆچون جیاواز.
2/ لە پەیوەندیدا دوو دوو پڕكێشە لە كۆن و نوێ تا بە ئەمڕۆ بەردەوام.
3/ ئەم كۆبونەوەیە هێشتنەوەى (ئاوى ڕووە)، بۆ دوو دووى ئەو سەركردانە، لێكترازان و دابڕان، بەخشینەوەى تۆمەت لە ڕابوردو تا بەئێستا خەسڵەتى مەكینە و ئالیەتى حیزبیانەى لەسەرەوە بۆ خوارەوە، لە نێوان كام لەوانە ئەگرى بەئاسانى پەنجەى بۆ درێژدەكرێت.
4/ بونى دیدگاى جیاواز، لە ئاسۆى هەریەك لەم سەركردە حیزبیانە ، هۆكارێكى گرنگە بۆ كاردانەوە و ڕەنگدانەوەى سیاسەتى دەرەكى ئیقلیمى نێو دەوڵەتى لە كوردستاندا، بەنمونە، تاڵەبانى زیاتر دۆستى ئێرانە...
بارزانى پەیوەندیەكانى بەلاى توركیادا دەشكێتەوە...
ئەمیرى كۆمەڵ، ناڕاستەوخۆ زێدەتر بەلاى ئێران و دژایەتى سەرسەختى ئەمەریكیەكانە... سكرتێرى یەكگرتو، هەڵگرى خیتابى سیاسى ئیسلامى سیاسى میانڕەوى ئیخوان و بیردۆزەى حیزبى دادو گەشەپێدانى توركیا یە بە موبارەكەى ئەمەریكا، ڕوانیینیان بۆ سیاسەت، لە بیردۆزەى وەزیرى دەرەوەى توركیا ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سعودیە، ئیمارات و قەتەر، یوسف قەرەزاوى نزیكە....
هەرچى كاك نەوشیروانە،مۆدێلێكى تازەى گوتارى نەتەوەیى بەگیانى لیبراڵ، هەوڵدان بۆ پیادەكردنى دادى كۆمەڵایەتى ، چاكەى گشتى خەباتى مەدەنى كاركردن لەسەر نوخبە ، دروشمى كۆنگرەى بزوتنەوەى گۆڕان هەنگاو دەنێت.
5/ئەم جۆرە كۆبونەوانە گەڕانەوەیە بۆ بڕیارى ژورەتاریكەكان ، پشت كەوالیسى شانۆى سیاسى، بەتەنگەوە هاتنى سیاسەتى داخران و دووركەوتنەویە لە كرانەوە.
ئەگەرى ئەم كۆبونەوە پێنج قۆڵیە حیزبیە، بە بڕواى بەندە بەردێك ناخاتە سەر دیوارى ماڵى كوردى، لە موجامەلەو پاست كردنى دۆسیە قۆڵ و پڕ لەكێشەكان زیاتر و خەفەكردن و دواخستنى تەقینەوەى بەهارى گۆڕانكارى و چاكسازى ڕیشەیى لە سیستمى سیاسى و دەسەڵاتى حوكى دوو حیزب زیاتر، لەوە بترازێ لادانى كاتیە ... یاریكردنە بەعەقڵى تاكى كورد!!..............
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست