هەرەسی نووسەر لە هەرەسی چیایەك مەترسیدارترە!!
Saturday, 08/01/2011, 12:00
مرۆڤەكان زۆر بە دەگمەن نەبێ نابن بە نووسەر، كە بوونە نووسەریش ئیدی كۆڵێك خەم و ئەندێشەو پرسە چارەنووسسازەكانی نەتەوەو گەل و چینەكەیان دەكەوێتە ئەستۆو لەوە دەردەچن كە خاوەنی خودی خۆیان بن، چونكە دەبنە بەشێك لە جەستەی زیندووی پێشهات و رووداوەكان و هەرگیز لە ئاست كێماسییەكاندا سەركزو بێدەسەڵات نابن، بەڵكو لەهەمبەر هەر چەوتەكردارێكی نا بەرپرسانەی بەرپرسێك و بڕیارو یاسایەكی نابەجێ، دێنەدەنگ و بڵندگۆئاسا، چین و توێژەكانی میللەت لە خەوی بێدەنگی راستدەكەنەوەو دەبنە زایەڵەی دەنگە بوێرەكان و پێشڕەوایەتی گەل دەكەن، هەر كاتێكیش نووسەرێكی راستەقینە كۆڵیداو لەژێر كاریگەریی هەر هۆكارێكدا بێت، هەرەسی هێنا، ئیدی نابێتەوە تاكێكی ئاسایی نێو كۆمەڵگا، لەبەرئەوەی نووسەری راستەقینە لووتكەی چیایەكی سەركەشەو هەمیشە وردە تیشكاوێژەكانی ئاسۆ لەوێوە موژدەی راونانی شەوە تاریكەكان بە مرۆڤە بندەست و بەشمەینەتەكان دەگەیەنن، لێ ئای چ كارەساتێك دەبێ، كاتێ چیا هەرەس دێنێت و لووتكە بە قەدپاڵدا شۆڕدەبێتەوەو تیشكە زێڕینەكانی دەمكەلی ئاسۆ دەتۆرێن و بینایی گەل دەبێتە شەوەزەنگ. كارەساتە كارەسات، كاتێ گوێبیستی نووسەرێك دەبیت زۆر بە داڕووخاوییەوە دەڵێ: برا نووسینی چی، كێ نووسینەكانمان دەخوێنێتەوە؟، مەگەر هەرخۆمان بینووسین و هەرخۆمانیش بیخوێنینەوە!!. لەمڕۆژانەدا یەكێك لەو نووسەرانەی كە دەمێكە لە بواری نووسین و شانۆو كارە هونەرییەكاندا، تا رادەیەك بەچاوە، لە گفتوگۆیەكدا سەبارەت بە رۆڵی رۆژنامەو راگەیاندن لە تەزرەكوتكردنی بەرپرسانی گەندەڵ و كەمتەرخەم و ریسواكردنیان، هەرەس پەی بە ناخی بردبوو و زۆر بە حەماسەتەوە وتی: ئەوە ئێوە باسی چی دەكەن، كێ نووسینەكانمان دەخوێنێتەوە، مردم ئەوەندە بنووسم، چیم بە چی كرد؟!، بەرپرسانی ئەمشارو وڵاتە پەمۆیان لە گوێچكە ئاخنیوەو گوێیان لە هیچ نابێت. برایەكی نووسەری دیكە كە هێشتا هەرەس پەی بە داڕووخاندنی ورەی نەبردبوو و دوای چەك پێنووسەكەی پێ گرتبووە دەست، هەڵیدایەو وتی: ئەوە بەڕاستتە؟!.. خوام دەكرد بەرپرسان قوڕقوشمیان لە گوێچكەكانیان دەئاخنی، نەك پەمۆ!!، بەڵام دڵنیابە وشەی دڵسۆزانەو بوێرانەی هەر نووسەرێك، پێویستە ببێتە (درێل)و قوڕقوشمی نێو گوێچكەی بەرپرسان بسمێت، كە دڵنیاشم هەروایەو چ درەنگ بێ و چ زوو، هەر دەبێ ئەو قوڕقوشمە بسمێت. نووسەرێكی دیكەش زۆر لەسەر خۆو بە سەرسووڕمانەوە، سەرنجێكی وردی دایە ئەو برا نووسەرەی كە دیاربوو هەرەسی هێنابوو و پێیوت: ئەها بڕوانە دەسەڵات ئەمەی دەوێ، دەیەوێ وا خۆی پیشان بدات كە نووسەران با هەر رەخنە بگرن و خەڵكیش با هەر ناڕەزایی دەرببڕن، كەچی ئەوان مێشیشیان مێوان نییە!!، كە راستییەكەی پێچەوانەیە، چونكە ئەگەر وا بوایە ئەو هەموو نووسەرو رۆژنامەنووس و گۆڤارو كەناڵی راگەیاندنانە لەلایەن دادگاكانەوە ئەو بڕە پارە خەیاڵییانە سزا نەدەدران، هەندێ لێرەو هەندێ لەوێ، تا ئەو برا نووسەرە هاتەوە سەرخۆیو كەوتە ئاماژەكردن بە رۆڵی چەند نووسینێكی خۆی كە چۆن چەند بەرپرسێكی هەراسان كردووەو گلەیی و هەتا هەڕەشەشیان لێكردووە، كە واز لە نووسین بهێنێت، تا گەیشتە باڵانسی ورەی بەرزتر ببێتەوەو بڵێ: لەسەر دەستی ئێوە هەر ئەمشەو سەرلەنوێ تێهەڵدەچمەوە، راستە وتوویانە: (هەرەسی نووسەر لە هەرەسی چیایەك مەترسیدارترە، چونكە هەرەسی چیایەك دۆڵێك پڕ دەكاتەوە، لێ هەرەسی نووسەرێك میللەتێك دووچاری گێژاو دەكات.
كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست