یەکێتی وهەوڵێک لە کاتی بەسەرچوودا
Sunday, 13/04/2014, 12:00
1806 بینراوە
یەکێتی نیشتمانی لە دوای ئەو هەڵە وشکست وقەیرانەکانی ناو سەرکردایەتی وباڵباڵێن وتەکەتولات تازەبەتازە دەستی کردووە بە جموجووڵ وسەردانی حزبەکان وباسکردنی بە ئۆپۆزسیۆن بوون.
یەکیتی ئەگەرچی خۆی هۆکارێکی سەرەکی دواخستنی حکوومەتە چونکە خۆی بەشێکە لە دەسەڵات لە ڕاگەیاندنە شکستخواردەکەیدا ئەملاولا تۆمەتباردەکات وهەوڵی خۆ بەماسکەرەوە نواندن دەکات.
یەکێتییەکەی لە کەرکووک شێر ولە هەولێر کەروێشک، لەوێ دکتاتۆر وخۆ سەپێنەر ولێرە مل کەچ وپاشکۆ، یەکێتی گرفتاری سەدان نەخۆشی ودووڕوویی ودوو سیاسەتی ئێستا دەیەوێت وەکوو حزبێک خۆی پیشان بدات لە دوای پشتگوێخستنی هەموو حزبەکانی ناوچەی سلێمانی بۆ ماوەیەکی درێژ، وگرتنەبەری سیاسەتێکی نەرمتر وسەردانی حیزبەکان بەڵام بێ مەلا بەختیار کە هەر رۆژێ بە هۆ وبەبێ هۆ خۆی لە لایەنێک دەدات بێجگە لە پارتی، کە قەت ناوێرێت خۆیی لێ نزیک بکاتەوە.
یەکێتی نیشتمانی بە هۆی هەڵبژاردنەکانەوە خۆی وا پیشاندەدات کە بیر دەکاتەوە.بیر کۆڵان ئاسانە بەڵام بیرکردنەوە لای یەکێتی کارێکی وا ئاسان نییە. بیریش لە چی دەکاتەوە لە بە ئۆپۆزسیۆن بوون. ئەمە یەکێ لە درۆکانی مانگی نیسانە. ئەمە نوکتەیەکی سیاسی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە.
یەکێتی چۆن دەبێتە ئۆپۆزسیۆن وخۆی دەستی بە خوێنی دەیان هاوڵاتی ناوچەی سلێمانی وگەرمیاندا سوورە، خۆی خاوەنی سەدان سیناریۆی نایاسایی وکۆمیدیە. ئەی چۆن باسی نەوتەکەمان بۆ دەکات، نەوتەکەی لای خۆیان ونەوتەکەی ئەولا، دەتوانێت بە ناشەفاف ناوی بەرێت وعیمادئەحمەد وەکوو خۆی دەڵێت ئاگای لە هەمووی هەیە. ئەی چۆن باسی گومرگەکانی بن دەسەڵاتی یەکێتی وکۆمپانیاکانی بەرپرسەکانمان بۆ دەکات؟ چۆن باسی کەرامەتی مرۆڤ ومافی مرۆڤمان بۆ دەکات کە لە لایەن مافیاکانیەوە پێشێل کراون. دیارە یەکێتی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن تەنها لە بەر گۆڕان چونکە هیچ ڕەخنەیەکی لە پارتی نییە ونەبووە.
یەکێتی وبە ئۆپۆزسیۆن بوون با بۆ حەلاوی باس بکەن. نە کەس باوەڕدەکات ونە پێی دەکرێت. دەیان هەزار کەس مانگانە موچە لە یەکێتی وەردەگرن تەنها بۆ ئەوەی لەکاتی هەڵبژاردندا دەنگی پێبدەن، دەبێ لە مانگی یەکەمەوە ئەوانە وبیست هەزار چەکدار بێ موچە بن وبڕۆنەوە ماڵەوە.
یەکێتی ئەو دەورەی لەلایەن پارتییەوە پێدرابوو لە دژایەتیکردنی گۆڕان لە سەر وەزارەتی ناوخۆ باشی بە جێ هێنا وئەگەر تەنها دوو وەزیری بێ وەزارەتیشی بدەنێ شوکری پارتی دەکات وڕازی دەبێت.