کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"لۆیا جیرگە"ی بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا!

Friday, 18/11/2011, 12:00


وەک لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتووە، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆژی ١٣ ئەم مانگە لە شاری دێڵفتی هۆڵەندا کۆنفڕانسی دووهەمیان گرێداوە. سەرنجڕاکێشترین گۆشەی ئەم کۆنفڕانسە ڕاپۆرتە وێنەییەکەیەتی. چونکە لە کۆبوونەوەی نزیک بە ٤٠چل بۆ ٥٠پەنجا کەسیی ئەنجومەنی گۆڕان لە هۆڵەندا بۆ سازکردنی کۆنفڕانس تەنها یەک ڕوخساری ژنیش بۆ دەرمان بەرچاوناکەوێت. ئەمە نە بوختانەو نە ڕێکەوتێکە. دروست مێنتاڵێتی عەشایەری‌و پیاوسالارانەی بزووتنەوەی گۆڕان بەجوانترین شێوە نیشانئەدات. سەرباری ئەوانەش ئەنجومەنی تازە هەڵبژێردراوی هۆڵەندا لیستی ناوی ٧حەوت پیاوی بۆ سووڕی نوێ تۆمارکردووە. ئەم ئەنجومەنی پیاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا هەتا کۆنفڕانسێکی دیکە نوێنەرو زمانحاڵی گۆڕانخوازان ئەبن لە هۆڵەندا بە ژنانیشیانەوە!

ئەمڕۆ لە گەشتی زیندوی هەواڵەکانی (ئێن ئۆ ئێس)ی هۆڵەندا لە کاناڵی یەکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئەو ووڵاتەوە، یەکێک لە هەواڵەکانی باسی بەرپاکردنی "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان بوو، کە بۆ پشتیوانی‌ حەمید کارزای، سەرۆک وەزیرانی ئەفغانستان کۆبوونەوەی فراوانی زیاتر لە ٢٠٠٠دوو هەزار سەرۆک عەشیرەو تیرەو قەبیلەی ووڵاتی لەخۆگرتبوو. "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان وەکو سیای ئەمریکا نەخشەی بۆ کێشاوە بڕیارە ئوتوریتەی کارزای بە پشتگیری سەرۆکی ئەم ٢هەزار سێکتە بەرامبەر تاڵیبان بەهێزتر بکرێت‌و تاڵیبانیش هەڕەشە لە لۆیا جیرگە ئەکات.

مەبەستی من لە هێنانی باسی "لۆیا جیرگە" بۆ بەراورد کردنێکە لەنێوان ئەنجوومەنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارلەمان یاخود ئەنجومەنی نوێنەرانی قەبیلەکانی ئەفغانستان. لە "لۆیا جیرگە"دا ژمارەیەک ژنی بێچارە وەکو بت دانیشتوون، بەڵام لە کۆنفڕانسی ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕاندا تەنانەت ژنێکیش نابینرێت. هەر کەس بخوازێ ئەتوانێ لە گوگڵ سەیری هەواڵەکانی (ئێن ئۆ ئێس)ی هۆڵەندا بکات وە بە چاوی خۆی ببینێت کە لە کۆبوونەوەی ٢هەزار سەرۆک تیرەی ئەفغانستانیشدا کۆمەڵێک ژنی بێچارەو بێ دەسەڵات لەژێر لەچک‌و پەچەو عاباوە بەشدار بوون تیایدا. بەڵام پرسیارێکیش لەخۆی بکات، بۆچی ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان، کە خۆیان بە ڕکابەری سەرەکی مۆدێرنیتەو پۆست مۆدێرنیزمیش لەقەڵەم ئەدەن تەنها یەک ژنیش بوارو دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە بەشداری کۆنفڕانسەکەیان بکات! کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ بینینی هەواڵەکەی (ئێن ئۆ ئێس):
http://nos.nl/video/313869-loya-jirga-van-start-in-kabul.html


"لۆیا جیرگە" بە زمانی پەشتووی ئەفغانی بەواتای کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنەکان یاخود نوێنەرانی تیرەو قەبیلەو خێڵ‌و عەشیرەتەکان دێت، هەتا سەرۆک یان دەمڕاستی هەزاران جۆر خێڵ‌و عەشیرەو تیرەو تایەفە لەسەر پانتایی دیموکراسیە قێزەونەکەی ئەمریکا دوای شێرپەنجەی بزووتنەوەی تاڵیبان، وەکو پارلەمانی ئەفغانستان لە میدیاکانی ڕۆژئاواوە نیشانبدرێ‌و پانی‌و درێژی هەمواربوونی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکی هەرە سەرەتایی وەکو ئەفغانستاندا، کە دانیشتوانەکەی بە چنگەکڕێ لەسەر زەوی ڕەقەن خواردنی ڕۆژانەیان پەیدائەکەن، لەگەڵ باقی مۆدێلەکانی تری پرۆسێسی دیموکراسی لە جیهاندا بەراورد بکرێت!

دۆگماترین ئاغاو مێشکپوچترین سەرۆک تیرەو قەبیلە لەدەوری نوێنەرانی سیای ئەمریکاو وەزارەتی بەرگری ئەو ووڵاتە وانەی دیموکراسی ئەخوێنن سابەڵکو ئەم هەزاران تیرەو تایەفەیە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا مافی دەنگدانیان پیادەکەن‌و دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتە داغانە بەسەر ئەم گشتە ئیتنیک‌و سێکتانەدا دابەش‌و هەموار بکرێت! ئەمە چی چارەنووسێکە دیموکراسی ڕۆژئاوایی ئەیکاتە نسیبی خەڵکی ئەفغانستان! یاخود ئەمەی ئەیبینین پاداشتێکە بۆ ئەو سەرۆک تیرانەی وا لەپشتی حەمید کارزایەوە ڕاوەستاون‌و ملکەچی بۆ ئەمریکا بە سەربەرزانەتر دائەنێن لە قبوڵکردنی دەسەڵاتی دڕندانەی ئیسلامیانەی بزووتنەوەی تاڵیبان!

بزووتنەوەی گۆڕانیش پێویستە چاوێک بەخۆیدا بخشێنێتەوەو ئەندازەی بانگەشە بریقەدارەکانی خۆی سەبارەت بە دیموکراسی‌و کرانەوەو قبووڵکردنی بەرامبەرو ململانێی دیموکراسیانە لەسەر ئەرزی واقع لەگەڵ "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان بەراورد بکات! ئینجا ئەنجومەنی ٧حەوت کەسیی تازە هەڵبژێردراوی هۆڵەندا بخاتە ژێر پرسیارەوە کە هۆکار چیە وا لە کۆنفڕانسەکەیاندا ژنان نەیانتوانیەوە بەشدار ببن! وەڵامەکانی ئەوانیش لێبڕاوانە لە ماڵپەڕی سبەی وە کۆمپانیای ووشەوە بڵاوبکەنەوە.
من پێموایە مێنتاڵێتی جووڵانەوەی کوردایەتی بە سەرجەمی لق‌و پۆپەکانیەوە دوای بیست ساڵ ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستانداو لە شار نەک لە شاخ، هێشتا تێڕوانین‌و تێگەیشتنیان بۆ ژنان چوارچێوەی دواکەوتوانەی تەماشاکردنیان بۆ ژنان، لە کاراکتەری گۆرەوی‌و پوزەوانە چینین بۆ پێشمەرگەوە تا کابانی ماڵی تێنەپەڕاندوە!

جێگای خۆیەتی لێرەدا بیریبێنینەوە کە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێیوایە کێشەیەک نیە لە کوردستان ناوی کێشەی ژنان بێت! لەکاتێکدا قوربانیەکانی دەستی مێنتاڵێتی جوڵانەوەی کوردایەتی، یانی پیاوسالاری‌و عەقڵیەت‌و سوننەتی ناموسپەرستانە زیاتر لە ١٠هەزار ژن‌و کیژی تێپەڕاندووە. پێئەچێت ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا وەفاداریی خۆیان بۆ ئەم دیدگاو تێڕوانینەی سەرۆکی بزوتنەوەکەیان لە کۆنفڕانسەکەیاندا پراتیک کردبێ‌و هیچ بایەخێکیشیان بۆ ژنان‌و کێشەو مەسەلەکەیان ڕەوانەزانیبێت! ژنانی کوردستان پێویستە ووشیار بن‌و بەکەم سەیری ئەم نائامادەییەی ژنانی کوردی گۆڕانخواز نەکەن لە کۆنفڕانسی ئەنجومەنی هۆڵەندایاندا!

١٦نۆڤەمبەر٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە