کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوكمی له‌سێداره‌دانی حه‌بیبوڵا له‌تیفی راگیرا

Sunday, 26/12/2010, 12:00


به‌دوای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی چه‌ندین حیزب‌و رێكخراوی ناوخۆو نێوده‌وڵه‌تی‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌‌ حه‌بیبوڵا له‌تیفی راگیرا.
پاش ئه‌وه‌ی بڕیاربوو ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ سزای له‌سێداره‌دانی خوێندكاری به‌ندكراوی كورد، حه‌بیبوڵا له‌تیفی له‌ شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت، به‌هۆی گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و ناوخۆییه‌كان‌ ئه‌م حوكمه‌ راگیرا.

له‌ رۆژانی رابردوو چه‌ندین خۆپیشاندان‌و كۆبونه‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌‌و ده‌ره‌وی وڵات‌و شه‌وی رابردووش له‌شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تا سزای سه‌ر ئه‌وه‌ خۆێندكاره‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین رێكخراو‌و حیزبی بیانی‌و نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دژی ئه‌م حوكمه‌ ناره‌زاییان ده‌ربڕی.

نیوه‌شه‌وی شه‌وی رابردووش كاتێك بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌و ژماره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكی شاری سنه‌ ده‌چنه‌ به‌رده‌م زیندان، به‌رپرسی زیندان رایده‌گه‌یه‌نێـت كه‌ حه‌بیب له‌سێداره‌نادرێت.

حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی قوتابیی قۆناغی چواره‌می به‌شی ئه‌ندازیاریی پیشه‌سازیی زانکۆی "ئیلام" بوو و پاییزی ساڵی2007، له‌لایه‌ن 11پۆلیسی هێزه ئه‌منییه‌کان ئێران له شاری سنه ده‌ستگیركراو له ته‌ممووزی ساڵی2008 به‌ له‌سێداره‌دان مه‌حكوم كرا.

ئه‌گه‌رچی حوكمی له‌سێداره‌دانی ئه‌م خوێندكاره‌ كورده‌ راگیراوه‌ به‌ڵام تا ئێستاش 14 به‌ندكراوی كورد به‌ ناوه‌كانی زه‌ینه‌ب جه‌لایان، حه‌بیبوڵا گوڵپه‌ری پور، شێركۆ مه‌عارفی، ره‌شید ئاخكه‌ندی، مسته‌فا سه‌لیمی، روسته‌م ئه‌ركیا، حسێن خزری، ئه‌نوه‌ر رۆسته‌می، جه‌مال محه‌مه‌دی، سامی حسێنی، ئیره‌ج محه‌مه‌دی، محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌رگوشی، ئه‌حمه‌د پۆڵاخانی‌و عه‌زیز محه‌مه‌دزاده‌ حوكمی له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە