جەژنی ڕەمەزان
Thursday, 08/08/2013, 12:00
2584 بینراوە
جەژنی ڕەمەزان، ڕۆژی کۆتایی هێنانە بە ڕۆژو گرتن و ئەو ڕۆژە خەلک سەردانی یەکتر دەکەن و باوەشی خۆشەویستی و بە یەکەوە ژیان و تەبایی بۆ یەکتر دەکەنەوە و ئەوانەی پێشتر شەڕو ئاژاوەیان بەرامبەر یەکتر هەبووە و دلی یەکتریان شکاندووە، لەو ڕۆژە پیرۆزەدا سەردانی یەکتر دەکەنەوە و لە یەکتر دەبورن و لاپەڕەی تازەی بە خۆشەویستی نەخشراو دەست پێ دەکەنەوە.
لە لایەن کەسانی بڕوادارو لە خواترس و ڕۆژوگرەوە خێرو حەسەنات دابەش دەکرێن و شتی دل خۆشکەر بەسەر مندالاندا دابەش دەکرێن و دەرگای میوانداری بۆ خزم و دۆست و دراوسێکان دەخرێنە سەرپشت و مال بەمال دەگەڕێن و سەردانی یەکتر دەکەن دل پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن و داوا لە خوای گەورە دەخوازن کە کردارە باشەکانیان قبول بکات و لە هەلەو تاوانەکانیان ببوری، هتد.
چەند خۆش دەبو لەو ڕۆژە پیرۆزەدا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەرچی مەلا و خودبە خوێن و ئیمامی ئایینی کورد هەیە ئەوەندە غیرەت و هۆشیاری و هزری خوایی و نەتەوەییان بەهێز بوایە، لە نوێژی جەژندا بانگەوازیان لە خەلکی مسولمانی کورد کردباو بیان گۆتبا، ئادەی خەلکینە ئەمڕۆ ڕۆژی خێرو مەرحەمەت و هیممەت و بەرەکەتی خوای گەورەیە، هزاران مندال و پیرو پەک کەوتەی کوردی ڕۆژ ئاوا لەژێر گەمارۆی دەولەتانی داگیرکەری کوردستان لەبرسان و بێ نان و ئاوو پێداویستی ژیانی ڕۆژانەدا دەنالێنن و حکومەتە کارتۆنیەکەی خۆشمان بە پلانی داگیرکەران سنوری لەسەریان داخستووە، سەرەڕای ئەمانەش، گروپە ژیان کوژو تۆقێنەرەکانی توندڕەو بەناوی ئیسلام خوێن و سەرو مالی هەژاران و لێقەوماوانی گەلەکەمان حەلال دەکەن و قەتل و عامیان دەکەن و هەرچی کاری ناڕەواو دژی ژیان و مرۆڤ بونە بەرامبەر بە خەلکی مەدەنی کوردی ڕۆژ ئاوا ئەنجام دەدرێ، ئادەی هیممەت بکەن هەمومان کۆمەک و یارمەتی کۆ بکەینەوە و بەشداری ئەو خێرە گەورەیە بکەین و بەرەو سنوری ڕۆژ ئاوا بڕۆین و ئەو ئابلۆقە ناڕەوایەی حکومەتی هەرێم بشکێنین و خێرو خێرات بگەێنینە لێقەوماوانی ڕۆژ ئاواو نەهێلین برسی کردنی مندالانی ڕۆژ ئاوا بەردەوام بکات و پلانی داگیرکاری سەر بگرێت...
ئەگەر مەلاو ئیمامەکانی هەرێمی کوردستان بەو کارە هەستابان، ئەوا بۆ هەمو جیهان دەیان سەلماند کە ئەوان لە پەنای ئایینەوە حیلەیان لێ نەکراوە و غیرەتی نەتەوەییان لەدەست نەداوە و نەچوینە ژێر باری هیچ هزرێکی دژی خۆیان و نەتەوەکەیان، دلنیام کە پاداشتی گەورەیان بەدەست دەکەوت هەم لە لایەن خوای گەورەوە و هەم لە لایەن نەتەوەی خۆیانەوە و هەمیش دەبووە سەرکەوتنێکی زۆر مەزن بۆ گەلەکەمان بەتایبەت ئیسلامی کورد.
بەلام زۆر بەداخەوە کە زۆربەی مەلاو ئیمامەکانی کوردو کوردستان ئەو غیرەتەیان لێ بەدی ناکرێ و زۆربەیان بەهۆی مشەخۆری و وابەستەییان بە بەرژەوەندی کەسایەتی و نەفسییەوە ڕێڕەوی ئایین و خواناسی ڕاستەقینەیان لەدەست داوە و وادەزانن خواناسی تەنها نوێژو ڕۆژوو پڕوپاگندەیە. وە خوای گەورە بۆخۆی بڕیاردەرە، بەلام بڕواناکەم، خوا بەهەشت بکاتە پاداشتی خەلکانی غیرەت لەدەستچوو نەفس نزم و دەرچو لە ڕەو ڕەوەی ڕاستەقینەی خواناسی.