کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود بارزانی شان ده‌خاته‌ ژێر روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کان و له‌ژێر باڵیشی دا ئه‌نفالچییه‌کان حه‌شار ده‌دات !!

Friday, 01/06/2012, 12:00




رۆژی سێ شه‌ممه‌ 29 | 5 | 2012 ، ده‌سه‌لاتدارانی باشوری کوردستان یان رونتر بڵێم سه‌رانی پارتی و یه‌کێتی له‌ شانۆگه‌رییه‌کی بێزراودا ، روفاتی 730 ئه‌نفالکراوی گه‌رمیانیان له‌ مۆنۆمێنتی چه‌مچه‌ماڵ ، به‌خاک سپاردو شانۆگه‌رییه‌که‌شیان ناو لێنا بوو مه‌راسیمی به‌خاك سپاردنی روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کان !
له‌راستی دا ده‌سه‌لاتدارانی باشووری کوردستان له‌ سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بو که‌ له‌و شانۆگه‌رییه‌که‌دا په‌رۆشی خۆی بۆ خه‌لکی کوردستان پیشانی نوری مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بدات ، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی رێز لێنان له‌و روفاتانه‌ و که‌س وکاره‌کانیان نه‌بوو . ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشی بوو هه‌ر له‌و شانۆگه‌رییه‌ی ناویان لێنا بوو مه‌راسیم ، نوێنه‌ری که‌س و کاری ئه‌نفالکراوه‌کان ، روگیری دڵسۆزی نیشاندانه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و ئه‌و دوای ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان نه‌ بوو و به‌راشکاوانه‌ پێی وتن به‌سه‌ چی دی قبوڵ ناکه‌ین مسته‌شارو ئه‌نفالچییه‌کان داڵده‌بده‌ن و راده‌ستی دادگایان نه‌که‌ن . هه‌روا زۆربه‌ی ئه‌و که‌س و کاری ئانفالکراوانه‌ی بۆ میدیاکان ده‌دوان ده‌یان وت هیچ قه‌ره‌بوویه‌کی مادیمان ناوێ ته‌نها ده‌مانه‌وێ مسته‌شاره‌ ئه‌نفالچییه‌کان نه‌که‌ن به‌ به‌رپرس و بیانده‌ن به‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سزای خۆیان بگه‌ن . ئه‌مه‌ قسه‌ی ئه‌و دایک و خوشک و ژنه‌ ره‌شپۆشانه‌بوون که‌ له‌وێ ئاماده‌بوون .



ئه‌و رۆژه‌ سه‌رانی هه‌ردو حزبی ده‌سه‌لاتدار وایان ده‌زانی ته‌نها به‌وه‌ی له‌ شانۆگه‌رییه‌که‌دا جه‌مه‌دانییه‌ک بکه‌نه‌ ملیان و بچنه‌ ژیر ته‌رمی ئه‌و روفاتانه‌وه‌ ، ئیتر که‌س و کاری ئه‌نفالکراوان چه‌واشه‌ ده‌بن و باوه‌شیان بۆ ده‌که‌نه‌وه‌و روگیریان ده‌بن و هیچیان پێ ناڵێن ، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و مه‌رامه‌یان نه‌هاته‌ دی و نه‌ جه‌مه‌دانی له‌مل کردن و نه‌ چوونه‌ ژیر ته‌رمی روفاته‌کان دادی نه‌دان و ئه‌وه‌ی نه‌یان ‌ویست بیبیستن ، به‌راشکاوی درا به‌ گوێیاندا . ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌و سه ر‌کردانه‌ ، بێریزی کردن بوو به‌رامبه‌ر ئه‌نفالکراوه‌کان و که‌س و کاره‌کانیان ، چونکه‌ ئه‌وان پێیان وابوو‌ ئه‌و خه‌لکه‌ی له‌وێدا کۆبۆته‌وه‌ ، گێله‌و به‌ جه‌مه‌دانییه‌که‌ی ئه‌وان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ و چه‌واشه‌ ده‌بێت و (بیعه‌) ی خۆیان بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم دوپات ده‌که‌نه‌وه‌ !!
له‌برگه‌یه‌کی شانۆگه‌رییه‌که‌دا ، هه‌ر وه‌ک پێشوه‌خت سیناریۆی بۆ دارێژرابوو ، داوا کرا له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم که‌ به‌ده‌ستی خۆی یه‌کێک لو روفاتانه‌ به‌ خاک بسپێرێ و ئه‌ویش هه‌ستاو شانی خسته‌ ژێر ته‌ رمی یه‌کێک له‌ و روفاتانه‌ وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خاکی بسپێرێت . بارزانی ده‌یویست به‌م کاره‌ی وه‌لامی دیمانه‌که‌ی مالکی له‌گه‌ل که‌ناڵی NRT بداته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵی په‌رسیاری وروژاندبوو . بارزانی ویستی خه‌مخۆری خۆی بۆ رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌ی و روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کانی و یه‌کریزی گه‌لیش له‌ پشت ئه‌وه‌وه‌ ، نیشانی مالکی بدات ! به‌ڵام سه‌رۆک بیری چوو که‌ فه‌رمانی گرتن و به‌سزا گه‌یاندنی مسته‌شارو ئه‌نفالچییه‌کان ، له‌ به‌غداوه‌ ده‌رچووه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌و سه‌رۆکه‌ خه‌مخۆره‌ی روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کانه‌ که‌ له‌ژێ باڵی دا حاشاری داون و ته‌سلیم به‌ دادگای تاوانه‌کانیان ناکات ، تاوه‌کو له‌سه‌ر ئه‌نفالکردنی کورد ، دادگایی بکرێن !! نه‌ک هه‌ر ته‌سلیمیشیان ناکات به‌لکو ئه‌وانه‌ی ماون پله‌و پایه‌یان دراوه‌تێ و ئه‌وانه‌ش که‌ مردوون موچه‌ی " شه‌هیدانه‌که‌یان " له‌موچه‌ی زۆرێک له‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی رێگای رزگاری کوردستان ، زیاتره‌ !
ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ بڵێم به‌ تێرامان له‌ ره‌فتارو کرده‌وه‌کانی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌ باشووری کوردستان ، به‌ درێژایی بیست ساڵی دوای راپه‌رین ، ئه‌و پرسیاره‌مان له‌ لا ده‌وروژێنی که‌ ئاخۆ تۆ بڵێی له‌ دنیادا میلله‌تێکی تر هه‌بێ که‌ سه‌رکرده‌کانی هێنده‌ی ئه‌م سه‌رکردانه‌ی کورد له‌ باشووری کوردستان ، بێ موراڵ بن ؟!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە