ڕۆژنامهنووسهکان ، بچوونایەتە بەردەم گردەکە باشتر بوو
Friday, 24/02/2012, 12:00
هەندێ لەڕۆژنامەنووسان هەڵتەك هەڵتەك خۆیان گەیاندە بەردەم (نوسینگەی بارزگانی و تاڵانکردنی کوردستان)مەکتەبی سیاسی جەلالیەکان و لە مەلا بەختیار پاڕانەوە بۆ ئەوەی چی تر پڕشەق نەکرێن و لەوە زیاتر بەدەستی چەتەکانیان ڕیسواو سووك نەکرێن.. دیارە بەم هەڵسوکەوتەیان جگە لەڕسوایی زیاتر و تێهەڵدانی گەرم و گوڕتر بەدەستی ناکەس بەچەکانی جەلال و مەسعودەوە، هیچی تریان دەست ناکەوێ.. ئاخر لەکوێی گەردووندا بوە چینی ڕۆشنبیر بەگشتی و دەم ڕاستەکانیان بەووردی کەبریتین لە نووسەران و شاعیران و ڕۆژنامەنووسان پەنا بۆ دەسەڵاتی حیزبی بەربەری بەرن بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافی زەوتکراویان بکا و بیان پارێزێ؟؟!!
لەساتە وەختەکانی ساڵی پارداو لەو کاتەی سەرای ئازادی جمەی ئەهات، کۆمەڵی لەبەناو نووسەر و ڕۆشنبیرو رۆژنامەنووسان ، نامەیەکیان بۆ فەخامەتی سەرۆکە خەڵەفاوەکەی بەغدا نووسی و داوایان مەرەحەمەتیان لێکرد و وەیان زانی سەمامی ئەمانە، یەکێ لەوانە، ڕێبین هەردی بوو، کە بەم دوایە بەسەرو شانی مەلا مستەفادا هەڵئەداو لێکردین بە سیمبولی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد. کەچی تاڵەبانی لەڕێگای مەلا بەختیارە جرتێکی بۆ هەمویان لێداو ، دواتر لەڕێگای بەکارهێنانی هێزو میلیشیای چەکدار بڵاوەیان بەخەڵکی کرد و لەجیاتی ڕێبین هەردی، هەردی شێخ فاروقیان شەهید کرد.
دیارە کاری ڕۆژنامەنووسی بریتیە لەگەڕان بەدوای ڕاستیەکان و بوێرانە دەست خستنە سەر ئەو زانیاریانەی کە خوێنەر تامەزرۆیانە. لەمەشدا ڕۆژنامەنووس هەندێ جار گەر نەیتوانی زانیاری دەست بکەوێ، ئەشێ بەشێوەیەك لەشێوەکان لەرزو تایەکی زانیاری لەسەر دەسەڵات بهۆنێتەوە کەوای لێ بکات فشاری لەسەر دروست بکاو ناچار دەسەڵات بهێنێتە دەنگ و هیچ نەبێ شتێك لەو بارەیەوە دەربخا کە وەك پێوستە دەربخرێ.. لەهەموو کاتێکدا ئەوەی چاوەڕوان ئەکرێ لەکاری ڕۆژنامەنووسی ، ئەوەیە کە شتێك بەدی ناکرێ کەناوی((ترس))ه. ڕۆژنامەنووسی بوێر و نەترس نەك هەر ئەتوانن کارەکانی خۆیان بەباشی بکەن، لێ ئەتوانن فشاریش لەسەر دەسەڵات دروست بکەن.
چوونی ڕۆژنامەنووسان بۆ بەردەگای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەگشتی و حزبی گۆڕان بەتایبەتی گەلێ باشتر بوو، لەبەرئەوەی کەس ڕەخنەی لێ نەئەگرتن.. لەڕاستیدا چوونیان بۆ گردەکەی زەرگەتە، نەك هەر ئەبوو بە جورێك لە ئیحراج بوون بۆ ئۆپۆزیسیۆن ، لەهەمان کاتدا،ئەبوە نەریتێکی نوێ. ئەبێ ئەوە باش بزانین کە هەر کەسێ لەکوردستان شەقێ بخوا، وەیان کەسێ بەبێ هۆ زیندان بکرێ، وەیان بکوژرێ لەسەر سیاسەت، ئەوە زیاتر خەتای ئۆپۆزیسیۆنە ونەك دەسەڵات.
هەموو ئەزانین بە (گۆڕان)یشەوە ، کە خۆیان بەباڵا دەست ئەزانن و ئەڵێن سلێمانی زۆرینەی گۆڕانە و دەسەڵاتی جەلالی میوانە تیایدا. گەر وایە ، ئەی بۆچی ئەوەندە زەلێل و ملکەچن .. کەواتە پێوستە شەقام و ڕۆژنامەنووسان فشاری زیاتر بخەنە سەر ئۆپۆزیسیۆن،نەوەك دەسەڵات.. ئەوە کاری ئۆپۆزیسێۆنە کە تەنگ بەدەسەڵات هەڵچنێ بۆ ئەوەی پێشێلکاری زیاتر بەکەس نەکەن و نەیەڵن تێڵا بەدەست لەشارەکان بڵاو بکەنەوە. ئەوە کاری ئۆپۆزیسیۆنە ، گەر دوای ٢ ساڵ زانیان کە ڕۆڵیان لە پەرلەمان لاوازە و هیچیان پێناکرێ، بێنە دەرەوەو بایکۆتی هەمیشەیی ڕاگەیەنن. ئەوە ئۆپۆزیسیۆنە پێوستە فشار دروست بکاو هیوا ئەحمەد مستەفاکان و چەتەکانی تر بێنێتە بەردەمی دادگا..مادام ئۆپۆزیسیۆن بەفەرمی بوونی هەیەو بودجەی خەڵکی کوردستان ئەخۆن، ئەوا پێوستە لەسەریان داکۆکی لەخەڵکی بەگشتی و ڕۆژنامەنووسان بکەن. گەر نا، ئەوا شەقام پێوستە چی تر هەلیان نەداتێ و ڕێشی خۆیان بەشانەی عەلی باپیر و سەلاحەدین بەهادین و نەوشیروان مستەفا دانەهێننن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست