کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


نەوتى هەرێم لەتاریكیەوە كۆمپانیاى نێوخۆیى بۆبنیات دەنرێت

Sunday, 16/12/2012, 12:00


لەبەروارى 3ى ئەم مانگە لەهەولێرى پایتەخت بەئامادەبونى سەرۆكى حكومەت و جێگرى وەزیرى وزەى توركیا و28 كۆمپانیاى تایبەتمەند دووەمین كۆنفرانسى نەوت و غاز بەڕێوەچوو،ئەوەى جێگاى سەرنج بوو بۆیەكەمینجار ڕێگە بەڕاگەیاندنەكانى ناوخۆ درا ڕووماڵى كۆنفرانسەكە بكەن، دەكرێت ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە كە ئەمجارەیان جیاواز لەكۆنفرانسەكەى ڕابردوو چەند كۆمپانیایەكى ناوخۆش لەكۆنفرانسەكە دیاركەوتن و ڕەنگە لەبەرخاترى ناساندن و دیارخستنى ئەوان بوبێت ڕێگە بەڕاگەیاندنەكانى ناوخۆ درابێت ڕووماڵى پرۆژە نەوتیەكان بكەن، یەكەمینجاریشە ئاشكرادەكرێت كە كۆمپانیاى ناوخۆییش لەهەرێمدا هەیە كە لەبوارى نەوت و غاز وەبەرهێنان دەكەن،ئاخۆ دەبێت ژمارەى كۆمپانیا نێوخۆییەكانى بوارى نەوت چەند بێت و خاوەنەكانیان كێ بێت و كێیان لەپشت بێت؟بەرهەمیان چەندبێت و لەسەرووى ئەمانەشەوە داهاتیان چەندبێت و داهاتەكەش بۆ كێ بێت و بچێتە گیرفانى كێ؟
ئەمانە پرسیارگەلێكن و وەڵامەكانیان لەودیو ژوورە تاریكەكانەوەیە،هەروەك چۆن سیاسەتى نەوت لەهەرێمدا لەتاریكیدا كارى لەسەردەكرێت و وەزارەتى سامانە سروشتیەكان تائێستاش باڵەخانەى نیە و وەزارەتەكەى بەوەزارەتى وەزیر و جانتاكەى ناسراون و كەسیش نازانێت چ نهێنیەك لەناو جانتاكەى وەزیردایە،
لەبەرامبەر ناڕوونى و كاركردن لەتاریكى سیاسەتى نەوتى هەرێم هەر لەتاریكیشدا كۆمپانیاى ناوخۆیى بۆ بنیات دەنرێت و پاڵپشتى و ئاسانكارى جددى و فەرمى بۆدەكرێت،
ئەو كۆمپانیایانەى لەبوارى نەوت لەهەرێمدا وەبەرهێنان دەكەن نێوخۆیى بن یان دەرەكى بەلاى هاوڵاتیانەوە گرنگ نیە،ئەوەى گرنگە لاى هاوڵاتیان ئەوەیە كە دەپرسن رۆژانە سەدان تانكەر لەنەوتى هەرێم ئاودیو داهاتەكەیان چەندە و؟لەكوێیە؟
بە پێی ئامارەكان ژمارەى ئەو كۆمپانیانەى لەبوارى نەوتى هەرێم وەبەرهێنان دەكەن ژمارەیان لەسەرووى50كۆمپانیایەو ئەمەش زیاترە لە ژمارەى ئەو كۆمپانیانەى كە لە ناوەراست و باشوورى عێراق لەبوارى نەوت وەبەرهێنان دەكەن،شارەزایانیش ئەو بەلێشاو ڕووكردنە لەنەوتى هەرێم لەلایەن كۆمپانیا بیانیەكان بە تاڵانكردن و هەرزانفرۆشكردنى نەوتى هەرێمى دەزانن، لە دووەمین كۆنفرانسى نەوت و غاز لەهەولێر پێنج كۆمپانیا خەڵاتكران كە دوو كۆمپانیایان نێوخۆیى بوون ، كە وەك دەڵێن جێگا پەنجەیان دیارە لەخزمەتكردن و بەرەوپێشبردنى هەرێم لەبوارى نەوتدا ، بەڵام ئەگەر تائێستا ئەو پێنج كۆمپانیایە نەیانتوانى بێت پێداویستى ناوخۆیى هەرێم لەبوارى سوتەمەنى پڕبكەنەوە ئیتر چ مانا و مەغزایەك بۆ خەڵاتكردنیان دەمێنێتەوە،
لەكۆنفرانسەكەى ئەمجارەى هەولێر جێگرى وەزیرى وزەى توركیا لەوتارێكدا ووتى(لەكەركوكەوە رۆژانەى زیاتر لەیەك ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێگەى بەندەرى جەیهانەوە رەوانەى توركیا دەكرێت،دەشكرێت ئەم رێژەیە بەرزبكەینەوە)
ئەم وتەیەش بەئاماژەیەكى ئاشكرا دەریدەخات كە دەكرێ بەرزكردنەوەى ڕێژەكە بەهۆى نەوتى هەرێمەوەبێت ،لەئێستاشدا سەرەڕاى كاركردنى زیاتر لە 50 كۆمپانیاى نێوخۆیى و بیانى لەبوارى نەوتى هەرێم و هەناردەكردنى سەدان تانكەر نەوتى رۆژانە لە هەرێمەوە بۆ دەرەوە و بوونى سێ پاڵاوگەى فەرمى و زیاتر لە100پاڵاوگەى نافەرمى لەهەرێم بەڵام تائێستا قەیرانى سوتەمەنى نێوخۆیى بەردەوامە و لەبەردەم هەر وێستگەیەكى حكومى سەدان ئۆتۆمبێل بۆ بڕێكى كەمى سوتەمەنى نۆرەیان گرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە