وەفاداریی و شۆڕشی ئاگری دا‌غ
Thursday, 07/11/2013, 12:00
7209 بینراوە
وەفاداری ناونیشانی کتێبێکە، کە خانمی "یەشار ئیحسان نوری" وەک بیرەوەریەک لەژیانی خۆیدا نوسیوییەوەو بەر لەمردنی ئەو یاداشتە دەداتە برای هێژا کاک "ئەیووب بارزانی" و ئەویش لەگەڵ پێشەکییەکی پڕ لە چێژدا بە کاک ڕەحیم محەمەدی دەدات و ئەو هێژایەش وەریدەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. منیش کاتێك کتێبەکەم خوێندەوە، ووتم مادام خێزانی ئیحسان نوری پاشا فەرماندە و ڕابەری شۆڕشی ئاگری داخ نووسیویەتی بەدڵنیایەوە وەک یاداشتی ڕۆژانە تۆمار کراوە، ئێمەش وەک کورد کەمترین بابەتمان لەسەر ئەو شۆڕشە خوێندۆتەوە بۆیە ئەمە کارێکی چاکە، کاتێکیش پێشەکییەکەی کاک ئەیووب بارزانیشم خوێندەوە، هەر بەتەما بووم لەناو پرسیارەکاندا کۆمەڵێ زانیاری لەسەر شۆڕشەکە و تێکشکانی دەست بکەوێت، کەچی من کەوتم بەسەر یاداشت و ڕۆمانێکی عاشقانەدا کە هیچی وای کەمتر نییە لە شیرین و فەرهاد و لەیل و مەجنون و لاس و غەزالەکەی لە مەڕ خۆمان.
چیرۆکەکە وات لێدەکات بێوەستان لەخوێندنەوەی وەرس نەبیت، تا لەناو ڕووداوەکاندا وون دەبیت و بۆت دەر دەکەوێت کە لەسەرەتاوە ئەفسەرە کوردەکان چەندە خزمەتیان بە تورکان کردووە، بۆ خۆی ئیحسان نوری پاشا ماوەیەکی زۆر لە ساڵەکانی ١٩١٠ تاک و نزیکی ١٩٢٠ هەر لەناو سوپای تورکیادا ماوەتەوە و بەشداری دەیان شەڕی کردووە و کەسێکی ئازا‌و جێگە دیار بووە، بەڵام کاتێک کتێبێک دەنووسێت بەناوی "تۆڵە" ئیتر ئەتاتورک بڕیاری گرتنی دەدات، چونکە هەست دەکەن لە ناو نامەکانیدا باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ئەم بیرەوەرییە زیاتر لەبیرەوەری عاشقێک دەچێت بۆ مەعشوقەکەی کە چی لە ناو بیرەوەرییەکاندا، وەفاداری کوردان و میوانداری و جوامێریان وێناکراوە، پاشان تاوانی تورکە فاشییەکان بەرامبەر گەلەکەمان چ بەرخوردێکیان هەبووە و لە شارەکاندا ژنە کوردەکانیان بە دارەکاندا هەڵواسیوە و لەهەموو سەرە کۆڵانێك لاشەیەکیان هەڵواسیوە و سنگی ئافرەتانی کوردیان بەر گوللەداوە. پاشان باسی شاری "ئیغدیر" دەکات کە بەسەرکردایەتی "جاوید بەگ" چۆن لەگەڵ کوردەکاندا شارێکی ئەرمەنی خەڵتانی خوێن دەکەن. پاشان باس لە هامشۆکردن دەکات بەعەرەبانە و گالیسکە بەناو ئەو چیا‌و دۆڵانەدا. کچە تورکێک لەخێزانێکی خانەدان چۆن ئاشقی کوڕە کوردێکی سەرکردە دەبێت و هەموو شتێک لەپێناوی مەعشوقەکەیدا دەکات. نایشارێتەوە کە تورکەکان گاڵتە بەکوردەکان دەکەن و لەجێگەیەکدا پارێزەرێکی تورک بەدایکی یەشار خانم دەڵێ "خانمی ئەفەندی : زاواکەت بۆچی وای کرد؟ ئێمە کە هەموومان خوێندەوارین، بەزەحمەت ئەم کورسیانە بەڕێوە دەبەین. کوردە نەزانەکان کە لەچیا دەژین، چۆن دەتوانن بەڕێوەی بەرن ؟" یان لەجێگەیەکی تردا دەڵێت "هاوسەری ئەم خانمە ناپاکیی بە نیشتمان کردووە، ئەفسەرێکە بەسێدارە سزا دراوە".
یەشار خانم گەرچی لەبیرەوەرییەکەیدا دەڵێ من سیاسی نیم، کەچی نەیتوانیوە ڕووداوەکان فەرامۆش بکات کاتێک لەشاری "ئەرجیش" دەبینێت جەندرمە تورکەکان سەرێکی بڕاویان بەدەستەوەیە و خەریکن بەبزمار بەدیوارێکدا هەڵی دەواسن. پاشان بۆی ئاشنا دەبێت کە سەرکردەیەکی کوردە بەناوی شەریف بووە بە بریناری دەگیرێت و تورکەکان بۆ چاو شکاندنی کوردە کان سەری دەبڕن و هەڵی دەواسن بەدیواردا.
پاشان تورکان بە زۆر لەڕێگەی مەلایەکەوە یەشار خانم تەڵاق دەدەن و دوایش دەڵێن دەبێ وازی لێبێنیت، گەر چی ئەو دەڵێ لە شەریعەتی ئیسلامدا تەڵاق بەدەست پیاوە، بەڵام بەگوێی ناکەن.
پاشان دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی دەرسیم تورکان لە کوردستان لێبوردنی گشتی دەر دەکەن. دەڵێ هەمیشە بۆ کوردان مێژوو دووبارە دەبێتەوە. ئێمە لە دوای ئاش بەتاڵەوە شاهیدی چەندین لێبوردنی گشتی بووین، ئەمەش هەمان شێوەیە ئیتر پێشمەرگەکان بەچەکەکانیانەوە دێنەوە سزا نادرێن، لەهەندێ جێگە پاداشتیان دەکەن. ئەو دەمە ئیحسان نوری پاشا بڕوای بەلێوردی ڕژێمی تورکان نابێت و سەرکردایەتی شۆڕشێک دەکات و دەبێتە فەرماندەی سەربازیی. لەتەمەنی ئەو چاوەڕوانییەدا یەشار خانم دوو نامەی لە ئیحسانەوە پێدەگات، پاشان ئەو نامانە هیوا و ئومێدی دەدەنێ و بڕوای بەخەویش هەیە، گوایە پێغەمبەر دێتە خەوی، گەر چی زیاتر لەچیرۆکێکی خەیاڵی دەچێت بەڵام، چێژی زۆری تێدایە، پاشان بەرەو حەڵەب دەکەوێتە ڕێی، لە ناو کوردان‌دا دایک زیاتر دوای کوڕ دەکەوێت، کەچی دایکی یەشار خانم کچەکەی جێناهێڵێت و لەگەڵیدا دەبێتە هاو سەفەر و لەوێوە لەڕێگەی ڕێکخستنەوە (خوێبوون)، لای ئاغایەکی کورد لەماڵێکدا دەمێنێتەوە، ژنە نەخوێنەوارەکەی ئاغا بەهەڵە لەم خانمە تێدەگات، وا دەزانێت مێردەکەی هێناونی و هەردووکیان لە خۆی مارە دەکات، ئەمە زیاتر چیرۆکە کە خۆشتر دەکات، کە ناهوشیاری لە چ ئاستێک‌دا خۆی مەڵاس داوە، دوا جار بۆ موسڵ و دوای بەغداد و پاشان خانەقین و کرماشان و تەبرێز دەچن، لەوێشەوە یەشار خانم دوای سەفەرێکی دوور و درێژ و پڕ ڕووداو و هەوراز و نشێو‌و دەگاتە لای ئیحسانی هاوسەری ئیتر لێی جودا نابێتەوە تامردن، ئیحسان دوای شکستی و ڕوخانی شۆڕشەکەی ماوەی ٤٦ ساڵ وەک پەناهەندە لە ووڵاتێکی تری دوژمن‌دا ئۆقرە دەگرێت. ڕۆژێک ماتۆڕ سوارێکی نادیار لە تاران لەو سەرکردە کوردە دەدات و دەیکوژێ. پیاو کە چیرۆکی ئازایەتی ئەو خانمە دەخوێنێتەوە، پاشان کە لەگەڵ کاک ئەیووب بارزانیدا قسە لە بێدەنگ بوونی خۆی دەکات لەئاستی مردنی مێردەکەیدا و نایەوێت یان ناوێرێت دوای ئەوە بکەوێت کە داخۆ ئەوە ساواکی ئێران بووە کوشتوییەتی یان نا؟ چونکە لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، کە هەمیشە لەژێر چاو دێریدا بوون. پرسیارێکی تر کە خوێنەر ڕوو بەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە داخۆ ئیحسان نوری پاشا ئەو هەموو ماوە زۆرەی لە ئێران‌دا ماوەتەوە بۆچی رۆڵێکی لە دامەزراندنی کۆماری مهابادا نەبووە؟ یان چۆنە ڕووی نەکردۆتە ئەوروپا؟ یاخود بۆچی بەشدار نەبووە لەگەڵ شۆڕسی باشوردا و کەچی ڕۆژێک لەخەمی ئاشبەتاڵدا شۆک دەکات و بەژنەکەی دەڵێ مەرگی شۆڕشێکی تریشم دی و پێشمەرگەکانم دی لەتاران بەسەر شەقامەکاندا وەربوون بێخودان.
ئەم بیرەوەرییە، شایستەی خوێندنەوەیە، چونکە، مێژووییەکە پڕیەتی لە ڕووداو و وێنەی ئەو سەردەمە و دڕندەیی تورکان و سادەیی کوردان و ڕۆڵی دین و کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت، کە بەڕاستی دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین، وا نزیکی زیاتر لە ٨٠ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا ڕۆیشتوە، کەچی کورد هەمان کوردە و هیچ دەرسمان لەمێژوو وەر نەگرتوە.
وا لەخوارەوە بیبلۆ گرافیایی ئیحسان نوری پاشا دەنووسمەوە کە سەرکردەیەکە کەمترین قسەی لەسەر کراوە، کەچی لە زۆر سەرکردە و ڕابەری ڕاپەڕینەکانی تر مەیدانی تر و بەجەرگ تر بووە.
ئیحسان نوری، كوڕی عه‌لی قولی پاشا، رابه‌ری شۆڕشی ئاگری داخ، له ساڵی 1893 له گه‌ڕه‌كی (ئالی گوڵی- عه‌لی قولی) شاری (به‌دلیس) له‌دایكبووه. پۆله‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی هه‌ر له‌م شاره‌دا ته‌واو كردووه، دواتر بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی به‌رزی سه‌ربازیی روویكردۆته شاره‌كانی (ئه‌رزنجان و ئه‌سته‌نبوڵ)ی ئه‌و كاته و له ساڵی 1910دوای خوێندنی سه‌ربازیی بۆ یه‌كه‌مجار له ریزه‌كانی سوپای عوسمانی دا بوو به ئه‌فسه‌ر. ئیحسان نوری پاشا، به‌شداری زۆربه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كردووه كه سوپای عوسمانی له (ئه‌لبانیا) و وڵاَتانی عهرهبیو وڵاتی گورجستان دژ به سوپای روس به‌رپای كردوون، ته‌نانه‌ت وه‌ك ئه‌فسه‌رێك له سوپای عوسمانلی دا ماوه‌ی (33) مانگ له (یه‌مه‌ن) ماوه‌ته‌وه و گه‌لێک كار و لێپرسراوێتی سه‌ربازیی پێسپێردراوه.
دوای ساڵی 1908 واته ئه‌و كاته‌ی (كۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی) دهسهڵاَتی توركیایان كه‌وته‌وه ده‌ست، ڕێگا خۆش بوو بۆ پێكهێنان و كردنه‌وه‌ی گه‌لێك رێكخراو (ئیحسان نوری پاشا)ش وه‌كو كه‌سێتییه‌كی كورد له‌و ده‌مه‌دا په‌یوه‌ندی كرد به(كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی كوردستان)ه‌وه، كه هه‌ر له‌و كاته به‌دواوه دامه‌زرا.
له‌و ماوه‌یه‌شه‌وه كه وڵاَتانی هاوپه‌یمان له رێكه‌وتننامه‌ی (سیڤه‌ر)ی 10ی ئابی 1920، به‌ڵێنیاندابوو قهڵهمڕهوییەكی كوردی سه‌ربه‌خۆ به‌پێی به‌نده‌كانی (62-63-64) دابمه‌زرێت و دواتر لێی په‌شیمان بوونه‌وه، ئیحسان نوری پاشا هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی بكات به‌و شۆڕش‌و راپه‌ڕینه كوردیانه‌ی كه ساڵانی دوای جه‌نگی یهكهمو دوای به‌جێنه‌هێنانی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر له ناوچه‌كانی كوردستاندا سه‌ریانهه‌ڵدا، ناچار بوو، په‌نابباته شام و له‌وێوه بۆ باشووری كوردستان، لێره‌ش ئه‌و ده‌مه كاروبار به‌ده‌ستی ئینگلیزه‌وه بوو نه‌یده‌ویست هاوكاری سوپای ئینگلیز بكات، بۆیه به ناچارییه‌وه په‌نای بردۆته به‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بهڵاَم كاتێ شۆڕشی شێخ سه‌عید ده‌ستپێده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند كهسییەتییهكی تر ده‌چنه‌وه توركیا به مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردنی. دوای دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه دووباره دێنه‌وه باشووری كوردستان و دواتر ده‌چێته لای سمایل خانی شكاك.
كاتێك (كۆمه‌ڵه‌ی خۆیبوون)ی كورد له لوبنان دامه‌زرا، ئیحسان نوری پاشا جارێكی دی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه باكووری كوردستان و له‌گه‌ڵ چه‌ند سواره‌یه‌كی كورد دا به‌بڕیارێكی هه‌مه لایه‌نه‌ی خۆیبوون رابه‌رایه‌تی شۆڕشی (ئاگری داخ) ده‌كات. پاش شكستهێنانی ئه‌و شۆڕشه ئیحسان نوری پاشا په‌نا ده‌باته‌وه به‌ر ئێران بۆ ماوه‌ی 46 ساڵ تا رۆژی كۆچكردنی له رۆژی 25ی مارتی 1976 دا به ئاواره‌یی له‌و وڵاته ده‌مێنێته‌وه.