فاروقی مەلا موستەفا و قسەیەکى تر.
Thursday, 05/02/2009, 12:00
1644 بینراوە
لەمانگى پێشوودا بەڕێزێک بەناوى "دلێر سەلیم" بەسێ ووتار لەکوردستان پۆستدا، باسى فاروقی مەلا موستەفاى کردبوو. منیش لەدڵنیابونمەوە لەوەى سایتى کوردستان پۆست بوار بەدەنگى جیاواز و ڕاى بەرامبەر دەدات، بەپێویستم زانى بەشداریەکى خۆم تۆماربکەم لەسەر هەمان بابەت.
لەڕاستیدا من ئەوەندەى دەمەوێت چەند راستیەک لەسەر فاروقی مەلا موستەفا بدرکێنم، ئەوەندە نامەوێت موناقەشەى ووتارەکەى کاک دلێر بکەمو وەڵامی دێڕەکانى ناوى بدەمەوە.
پێشەکى راستیەک هەیە دەمەوێت بەراشکاوى بیڵیم، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەرچى خۆم دوور و نزیک پەیوەندیم بە فاروقی مەلا موستەفاوە نیەو وەک ویژدانى فەردی خۆم دەمەوێت لەسەرى هەڵبدەمێ، بەڵام لە خێزانەکەمو برادەرەکانمدا چەند کەسێک هەیە سوودمەندن لەپرۆژەو کارەکانى فاروقی مەلا موستەفا، ئەوەش جەوهەرى مەسەلەکەیە.
فاروقی مەلا موستەفا یەکێکە لەدەوڵەمەندە نیشتمانیەکانى کوردستان کە:
یەکەم: کۆى سەروەتو سامانەکەى "ئەگەر هەرچۆنێکیش پەیدایکردبێت" لەکوردستان بەگشتىو لەسلێمانیدا بەتایبەتى خستۆتەگەڕ. لەکاتێکدا ژینگەو بازاڕى ئابوورىو بانکەکانى ئەوروپا سەلامەترو لەبارترە بۆ وەگەڕخستنى ئەو سامانە.
دووەم: سروشتى پرۆژەکانى ستراتیجینو لەخزمەتى زۆرترین توێژى کۆمەڵگەى سلێمانیدایە "سەرەڕاى ئەوەى خۆى سوودى گەورەى لێوەردەگرێت". بۆ نمونە پرۆژەى کارگەکانى چیمەنتۆ "ئەگەرچى گرانیەکەى شایەنى رەخنەیە" بەڵام دواجار لەخزمەتى پرۆسەى بنیادنانەوەى کوردستانو بەهێزکردنى ژێرخانى ئابوورى وڵاتەکەماندایە، ئەمە سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەستى کار کە ئەم دوو کارگەیە لەسلێمانیدا بەگەڕی خستوون.
سێهەم: فاروقی مەلا موستەفا بەپرۆژەى ئاسیا سێڵ "ئەگەر هەر کەسو لایەک هاوکاریشى کردبێت" بازێکى نەوعیدا بە سەرمایەگوزارى لەهەرێمى کوردستانداو بازرگانیکردنى لەقۆناغێکى تەقلیدیە بردە قۆناغێکى مۆدێرن. پێش ئەو سەرمایەدارەکانى کوردستان بازرگانى پێستەو چا یان دەکرد و سەرمایەکانیان لەوڵاتانى ئاسیاو ئەوروپا خستبۆوە گەڕ.
چوارهەم: فاروقی مەلا موستەفا ئەگەر بەپەیوەندى شەخسى لەتاڵەبانیشەوە نزیک بێت، گرنگ ئەوەیە سیستەمى کارکردنو وەرگرتنى کارمەند لەپرۆژەکانیدا لەسەر بنەماى پێویستىو بەهرەو توانایە و شتێکى بەڵگەنەویستە کەلەپرۆژەکانیدا سەدان هاوڵاتى بێلایەن، پارتى، یەکگرتوو، یەکێتىو تورکمان، عەرەب، مەسیحى، یەزیدى کاردەکەنو سوودمەندن لەپرۆژەکانى.
من وەک هاوڵاتیەکى شارى سلێمانى پێموایە دەبێت ڕێزو حورمەت لەم هاوڵاتیەى شارەکەمان بگرینو زیاتر هانی بدەین بۆ خزمەتکردنو هەوڵبدەین پتر سوودى لێوەربگرین، لەبرى ئەوەى هێرشبکەینە سەرى.
لەووڵاتێکى وەکو ڕوسیا کەلە چەند ساڵى رابردوودا، سیاسەتەکانى ڤلادیمێر پۆتین بوە هۆى تۆراندنو کۆچپێکردنى چەند سەرمایەدارێکى گەورە، ئێستا هەوڵێکى زۆر دەدەن بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەو حورمەتلێنانیان لەبەر ئەوەى "موڵکى نیشتمانین".
من ئەم قسانەم تۆمارکرد بەوپەڕى دڵنیاییەوە، چونکە دڵنیام لەو سوودو خزمەتانەى پرۆژەکانى ئەم پیاوە، دوور و نزیک گەیاندویەتى بەژیانو گوزەرانى هاوڕێو ناسیاوەکانم.
سوپاس بۆ کوردستان پۆست، کەهەموومان پێکەوە کۆدەکاتەوەو خۆشەویستم بۆ کاک دلێر.
گەنجێکى شارى سلێمانى
[email protected]