ئاغای تاڵەبانی و خەونی سەرابی!
Thursday, 02/06/2011, 12:00
با لە خۆمان بپرسین ئایا کوردستانی ئەمڕۆ کوردستانی ساڵی حەفتاوشەشە یان کوردستانی ساڵی نەوەدویەک و نەوەدوشەشە؟
ئەم پرسیارە لەبەردەم گووتەکان و هەڵسوکەوتەکانی ئاغای تاڵەبانیدا خۆی دەنوێنێت.
تاڵەبانی لە یەک شتدا باش لە میللەتی ئێمە تێگەیشتووە، ئەویش ئەوەیە کە میللەتی ئێمە داگیرکاری و چەوساندنەوە و دەستدرێژیی لەکەس قبوڵناکات.
دەزانێت کە میللەتی ئێمە دڵپاکە و هەموو کات ئامادەیە قوربانی گەورە بدات بۆ پرسە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکانی. لەم سۆنگەیەشەوەیە کە لەوکاتەوەی بووە بە سیاسەتمەدار، هەمیشە وهەر کاتێک کەوتبێتە تەنگانەوە لەڕێگەی وتارەکانییەوە هەوڵی داوە پەنا بۆ خەڵک بەرێت و، میللەتی ئێمەش لەو باوەڕەوەی کە ئەو لە گەڵ مەسەلەکەدا راستگۆبووە زوو بە هانایەوە چوون و قوربانییان داوە.
ئەمە لە ساڵانێکدا کە لەڕووی کاتەوە کەوتبوونە پێش حەڤدەی شووباتەوە. لە دوای حەڤدەی شوباتەوە میللەتی ئێمە هەمان میللەتی پێش ئەو ڕۆژە نییە.
کوردستان گەر جاران سەرزەمینێکی داپۆشراو بە بێدەنگی و دابڕاو لە دنیا بووبێت، ئەمڕۆ بەو جۆرە نییە.
دنیای ئەمڕۆ هەمان دنیای پێش سەتەلایت و ئینتەرنێت نییە، دنیای ئەمڕۆ دنیای مافەکانی مرۆڤە و دنیای گواستنەوەی هەواڵەکانە بە کرتە!
پێشووتر تاڵەبانی زۆرجار و لە زۆر بۆنەدا بەدوو ئاڕاستە وتاری داوە، یەکەم بەوەی گەر بێهێزیش بووبێت خۆی و لایەنگرانی وەکو بەهێز پیشانداوە، دووەم بەوەی کە سۆزی خەڵکەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە بەوەی خۆی بخاتە حاڵەتێکی زامدارەوە و بەزەیی گەنجان و خەڵکی بەشەرەفی ئێمە ببزوێنێت تا یارمەتی بدەن.
لە وتارەکەی یەکی شەشیدا هەمان شێوازی موخاتەبە کردن و هەمان پەیام دەبینرێت.
پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمجارەش وەکو پێشوو بۆی دەچێتە سەر؟ ئایا ئەمجارەش خەڵکی بە قسەی دەکەن؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەتونین بە دڵنیاییەوە بڵێین نەخێر.
ئەمڕۆ خەڵکی ئێمە باش لەوە تێگەیشتوون کە یەکێتی هەمان یەکێتی جاران نیە. جاران گەر لە تاریکیداو، دوور لە دیدی دنیا و، بێئاگا لە چاوی خەڵکی، گەنجی کوردی بەکوشتدابێت و، ناردبێتی بۆ مۆڵگەکانی یەکتر قەتڵوعامکردن، ئەوا ئەمڕۆ چاوی خەڵک و دنیا زۆر تیژە و هەموو شتەکان دیارن.
یەکێتی لە دوای حەڤدەی شوباتەوە وەکو زەرنەقوتەیەک ڕووت بۆتەوە، لە هەموو پەڕو پێستێک داماڵراوە. ئەو پۆشتەو پەرداخیەی لە سایەی میللەتدا بە خۆیەوە دەبینی لە دەستی چووە.
هەموو کەس تاڵەبانی باش دەناسن و یەکێتی و تواناکانیشی باش دەناسن.
یەکێتی ئەمڕۆ بووە بە چەند کۆمەڵە مافیا و جەماعەتێکی چەکدار کە بە زەبری چەک و کوشتن و بڕین دەیانەوێت خۆیان بەسەر خەڵکدا فەرزبکەن و، لە هەمان کاتیشدا بەدرۆ خۆیان وەکو نوێنەر و دڵسۆزی خەڵک پیشان بدەن.
یەکێتی ئەمڕۆ لەهەموو کات زەعیفترە.
ئەو دەسەڵاتەی، یان ئەو گروپ و لایەنەی، متمانەی میللەتی لەدەستدا گەر ژمارەی چەکدارەکانیشی زۆربێ، بێ پشتوپەنایە.
ئەوەی ئەمڕۆ بێ پشتوپەنایە میللەتی ئێمە نییە بەڵکو یەکێتیە.
ئەو دەسەڵات و گروپانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە بواری مافەکانی مرۆڤدا متمانە لەدەست دەدەن و، مۆری ڕەشی تاوانکاریی تەوێڵیان دەگرێتەوە چارەنوسیان زۆر خراپە.
ئەوە میللەتی ئێمە نییە بەڵکو یەکێتیە و دەسەڵاتی بنەماڵەیە کە لە دنیادا پاکیزەیی دیموکراتی لەدەستداوەو، ماکیاجی خۆجوانکردنی کاڵبۆتەوە و کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.
ئەمڕۆ یەکێتی لەسەر دەستی تاڵەبانی و دارودەستەکەیدا و، بەهۆی پێشێلکاریەکانییەوە بەرانبەر خەڵکی ئازادیخواز، لە هەموو کاتێک وەزعی خراپترە، لە هەموو کات بێهێزترە و، هیچ قسەیەکی بێبناغەی تاڵەبانی و، هیچ چەکێک باری لێژی ڕاستناکاتەوە. زووبێت یان درەنگ دەبێت چۆکدابدات بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بۆ داواکارییە ڕەواکانی.
پارتیش بەهەمان شێوە.
لەبەر بێسەرەوبەرەیی قسەکانی دەتوانم بڵیم کە بەهێزیەکەی یەکێتی و پارتی خەونی تراویلکەییە و، ناگاتە ئاستی خەونی شاعیرانەش چونکە خەونی شاعیرانە لە خەونی تراویلکەیی خۆشترە و دەشبێت بە واقیع. زۆربەی کات خەیاڵی شاعیرانە پێش واقیع کەوتووە!
میللەتی ئێمە جارێکی تر باوەڕ بە قسەکانی تاڵەبانی ناکات و، بەزەییشی پیایدا نایەتەوە!
لە سایتی هاوڵاتیدا نوسراوە:
ههر لهمیانهی وتارهكهیدا تاڵهبانی ئهوهی خستهڕوو كه "پارتیو یهكێتی ئێستا لهههموو ساتهكانی تر بارودۆخیان لهباشیدایهو لایهنه ئۆپۆزسیۆنهكان باسهیری جهماوهری ئهو دوو حیزبهو رێژهی دهنگهكانیان بكهن".
بۆ بینینی هەموو بابەتەکە سەیری ئەم لینکە بکە
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=5078&Besh=Hewal&Cor=1
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست