کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی گەیشت بە لێدوانە ئاگرینەكەی نێچیرڤان بارزانی

Saturday, 27/09/2014, 12:00





پاش روداوەكەی شەنگال هەموو هاوكێشەكان گۆڕان . وەك لە یەكەم رۆژدا باسمان لێوەكرد، هەر لەو رۆژەوە گڵۆڵەی دەسەڵاتی هەرێم بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی كەوتە لێژی و، بە تایبەتیتریش لەو كاتەوە كە داعش هەندەكێكی مابوو بگاتە هەولێر و توركیا نقەی لەخۆی بریبوو و هیچ هەڵوێستێكی نەنواند، تەنانەت بارودۆخەكە وا سەروژێربوو، ئەو شاگەشكەیەی تێیدا بوین لە خۆشی دامەزراندنی دەوڵەت خەریكبوو لەناویشمان بەرێت و، ئێستا، تەنانەت باسی سەربەخۆیی كوردستان لە كولەكەی تەریشدا نابیستین .
پێشتر هەستمان بەو جیاوازیە دەكرد لە پەیوەندیەكانی هەر یەك لە پارتی و یەكێتی لەگەڵ توركیا و عێراق و ئیران و پەكەكە و یەپەگە دا، واتە بە كردار هەردو حزب دابەشبون بەسەر هەردوو بەرەكەدا . لە شەری دژە داعشیش زۆر لەو بۆچونانە زەقبونەوە، بەتایبەتی كاتێك باس لە رۆڵی یەپەگە و شەركردن و هەڵوێستی دەكرا دژ بە داعش لە شەنگال و مەخمور . دیارە پەیوەندیەكانی پارتی و توركیا كە نێچیرڤان عەرڕابی بوو، گەیتشبوە حاڵەتێك، وایان بە خەڵك پیشاندابوو كە لە هەر نەهامەتیەكدا توركیا دەبێتە فریادرەسمان، كە وادەرنەچو، تەنانەت كە ئێرانی سەرپەرشتیكاری بەرەكەی تر و هاوسۆزی یەكێتی بەشداری لێدانی داعشی كرد و، بەرژەوەندیەكانی توركیا هەموو وەعد و پەیمانێكی پشتگوێ خست، ئیتر ئەستێرەی درەوشاوەی پارتی و بەتایبەتی سەرۆكی حكومەت بەرەو كزبون چوو .
لە ئاست سیاسەت و پەیوەندیە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، پاش ئەو جێگۆركێیەی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان لە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ پارتیدا، كە لەپاش رێككەوتنی پارتی و گۆران روویدا، روداوەكان بە جۆرێكی تر كەوتنەوە و، ئێستاش كە ترسی داعش تارادەیەك رەویوەتەوە، ناكۆكیەكان زەقتردەردەكەون و لێدوانی وا دەبیستین، ئەگینا پرسیارەكان لەویدایە، بۆ؛
1- لەم ماوە دورودرێژەدا كەس باسی لەوەنەكرد كە دوو سەركردەی یەكێتی هۆكاری نەناردنی بودجەی هەرێمن لە لایەن بەغداوە .
2- بۆ لە كاتی رۆیشتنی هەر شاندنێكی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم و شكستهێنانیان لە بەغدا باسیان لە هۆكارەكان نەكرد و بە شەفافیەت دانوستانەكان بەرێوەنەچون، تەنها دەیانوت ناكۆكیەكان لەسەر ناردنی نەوت و میكانیزمەكەیەتی .
3- ئەگەر بەرژەوەندی مالكی و حزبەكەی و دەسەڵاتی بەغدا رێگەی بدایە بودجە رەوانە بكات، مالكی بە قسەی دوو سەركردەی یەكێتی دەكرد .
4- بۆچی ئەم هەڵوێستانە كتومت پاش یەك رۆژ لە سەردانەكەی عەبادی دێت بۆ سلێمانی و كۆبونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا .
5- بۆچی وەزیرەكانی كورد لە بەغدا تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردوە كە هەڵوێستی نوێی بەغدا لەمەر ناردنی موچە بزانرێت و پێویست بەم لێدوانانە نەكات .
6- بۆچی ناوی ئەو دوو سەركردەیەی یەكێتی دەرناخەن تاوەكو لەلایەن خەڵكەوە سەرزەنشت بكرێن وسزا بدرێن .
تا ئێستاش هەر حزبێك خۆی لە قەیراندا ببینێتەوە هۆكارێكی خەیاڵی بۆ خۆ قوتاركردن دەدۆزیتەوە و، ئەم لێدوان و هەڵوێستانەش زۆر شتمان بۆ رون دەكاتەوە .
ئەگەر كار وابروات ململانێكان توندتر دەبنەوە و ، ئەمەش لە زەرەری خودی كورد دەكەوێتەوە و، بواری زۆریش بۆ بەغدا دەرەخسێت كە لەو نێوەندەدا یاری سیاسی و مانۆری خۆی بە ئاسانی بكات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە