توركیا لەئاست توركمانەكان بێ دەنگ نابێت
Thursday, 12/06/2014, 12:00
لەڕووى پۆلینكارییەوە توركمانەكان دوای عەرەب و كورد، سێ یەم پێكهاتەى نەتەوە جیاوازەكانی ئێراق پێك دێنن كە هەمیشە بۆتوركیا توركمانەكان جێی بایەخە و وەك بەشێك لەخۆی سەیری دەكات و ئامادەیشە لەپێناویاندا پەنا ببەنە هەر كارێك ئەگەر بەپێویستى بزانن.
لە كەركوك دوای كورد، توركمانەكان دووەم پێكهاتەن و لەڕووى چەندایەتیەوە زۆر جار بەپێدانى ئاماری نادروست خۆیان بەخاوەنى كەركوك دەزانن ئەمەش لەوە ڕەنگڕێژ بووە توركیا بەدەیان جار لەسەرەتاتكێی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەى كەركوك بۆ سەر هەرێم لێدوانى ئەوتۆیان داوە بەجۆرێ قەبووڵی ئەوە ناكەن كەركوك بەشێكبێ لە هەرێمى كوردستان تا ڕادەى ئەوەى هەر هەولێك لەم سۆنگەوە بێتە ئاراوە ئەوە دژی دەوەستن و ئامادەن بۆ پشتیوانى توركمانەكان هێز بجووڵێنن.
تەلەعفەر و هەندێ لە ناوچەكانى تری ناو موسڵ و سنوورەكەى لەلایەك و ناو شاری كەركوكیش لەلایەكى دیكەوە وای كردووە بوونى نەتەوەیەك بەناوى توركمانەوە هەقیقەتێكى بەرجەستەكراوبێت و توركیاش وەك بەشێك لەخۆی هەمیشە ئاڕاستەیان دەكات و لەهەر هەڕەشەیەك ڕوویان تێ بكات، ئەوا دەستەوسان ناوەستن و ئەوەى بۆیان بلوێ ئەنجامى دەدەن.
بەلای توركیا توركمانەكانى پێ باشتر بووە لەچوارچێوەى ئێراق بژێ نەك هەرێمى كوردستان سەرەڕای ئەوە توركیا لەم قۆناغەدا لەڕووى بەرژەوەندییەكانیەوە بەتایبەت هەناردەكردنى نەوت و هاوسنووری لەگەڵ هەرێم ئەو بابەتە بەشێوەیەكى ئاسایی وەربگرێت و كەمتر خۆی لەقەرەى ورووژاندنى بدات، بەڵام نكۆڵی لەوەدا نییە كورد لەهەر شوێنێكبێ بەئامانج و مافە ڕەواكانى بگات دوور و نزیك بەمەترسی بۆ سەر ئەمنى نەتەوەیی و ستراتیژیەتی خۆیان دەزانن چونكە بوونى بیست ملیۆن كورد لە توركیا و پێشێلكردن و بەدینەهێنانى داخوازییەكانیان لەڕووى مافی چارەى خۆنووسینەوە وایكردووە لۆژك ئەوەمان پێ بڵێ: ئاخۆ وڵاتێك پابەندی دیموكراسی و ئازادیەكان نەبێت بۆ ئەوانەى دووەم پێكهاتەى نێو توركیان، چۆن پشتگیری و پاڵپشتى ئەو هەنگاوانە دەكەن بۆ كورد لە پارچەیەك كە سەرتۆپی كوردان خوان یەك خاك و زمان و ئاو و هەوایان هەیە و ئەوەى جیای كردۆتەوە سنوورە دەستكردەكانن و كوردستانى گەورەش خەونى لەمێژینەى هەموو تاكێكى كوردی لەهەر چوار پارچەى كوردستان.
سەركردایەتى سیاسی كورد لە باشووری كوردستان دەبێ حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان بكەن، كێشەى ئێستای داعش و پێشووتر مالیكى لەسەر ماددەى 140 تایبەت بەگەڕانەوەى ناوچە كوردستانیە جێ ناكۆكەكان هەر بەبێدەنگى دەسەڵاتدارانى بەغدا بەكۆتا نایەت، گەر كار بگاتە سەر ئەمری واقیع بەتایبەت مەسەلەى توركمانەكان، ئەوە دەبێ كورد خۆی بۆ ئەگەرێكى دیكە ئامادە بكات ئەویش توركیایە و وابەئاسانى لەهەمبەر ئەو پێكهاتەیە بێدەنگ نابێت و كێشەكان ئەگەر لەلایەك حكومەتى ناوەندیبێ، ئەوە توركیاش لەلایەكى دیكەوە دەبێتە بەشێك لەو كێشەیە و ئەوەى بۆی بكرێ لەڕاگرتنى نەوت و سنوورەكان و پێشڕەوى چەكداری، هەموو ئەمانەئەو ئەگەرانەن دەبێ بۆ هەر هەنگاوێك لایەنە سیاسیەكان بەتێكڕایی خوێندنەوەى وردی بۆ بكەن و تاوتوێی هەموو ئەگەرەكان بكەن كە ڕەنگە ڕوو بدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست