کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمانتاران و بەرەى خێر و شەڕ

Tuesday, 05/11/2013, 12:00






ئەگەر دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان بریتى بێت لە دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێ بۆ بڕینى قۆناغى چەقبەستوى و دەسەڵاتى ڕەهاى حیزب و جۆرێک بێت لە مۆدێلى نوێ ، لە جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و کۆتاى هێنان بە دوو زۆنى ، ئەوا ئەم بزوتنەوەیە توشى کۆمەڵێک ڕوبە ڕوو بونەوە بوەتەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکى کۆنە خواز و بەرژەوەند چی ، لەم چوارچێوەشدا دەرکردن و لێدان و گواستنەوە و موچە بڕین و کوشتن ، هەموو ئەمانە ئەو وێنەیەمان دەدەنێ کە بزوتنەوەکە تا ئێستاش پێویستى بە قوربانى دانە ، بۆ چەندین ساڵى تریش دەبێت بەردەوام بێت ، واتا ئەوەى کە بەعس و دواى ئەو دەسەڵاتى کوردى کردوەیەتى کە 60 ساڵى خایاندوە و دنیایەک نەخۆشى دروست کردوە ، ئەم دیاردە و کێشەو نەخۆشیانە شۆڕ بوەتەوە بۆ یەکەکانى خوارەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ، بۆیە پێویستى بە دەیان ساڵ هەیە تا ڕێک بخرێتەوە ، وەک کوردەوارى دەڵێت (بەردێ نەزان بیخاتە ئاوەوە بە سەدان زانا دەرناهێنرێتەوە) بۆیە ئەگەر پێشتر نەزانەکان حوکمى ئەم هەرێمەیان کردبێت ، گەمژەکان باڵادەست بو بێتن ، ئەوا ئەرکى گۆڕان زۆر لەوە گەورەترە کە بتوانێت هەر وا بە خێرایى کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکات ، کلتورێک کە دەسەڵاتى کوردى زۆربەى جەستەى کۆمەڵگاى نوقمى گەندەڵى کردبێت ئەوا زەحمەتە بتوانێت لە ماوەیەکى کەمدا دەسەڵات لە ئیمتیازات و جۆرێک لە کاسبى داماڵێت ، بەدەر لەمە هەمومان مەحکومین بە هەڵە.... بەڵام لەم هەرێمەدا داننان بەهەڵەدا نەبوەتە کلتور تا داواى لێبوردن بکرێت ، هەمومان دەڵێن گەندەڵى هەیە ، هەمومان دەڵێن چاکسازى پێویستى قۆناغەکەیە ، ئەى کەواتە کێ گەندەڵیەکان دەکات ، کەواتە ئەرکى بزوتنەوەى گۆڕان زۆر لەوە گەورەترە کە هەروا خوێندنەوەیەکى ڕوو کەشیانەى بۆ بکەین ، یان خلیسکێن بەسەر بزوتنەوەى گۆڕاندا بکەین ، ئەم بزوتنەوەیە بە جۆرێک لە جۆرەکانە هیوایەکى گەورەیە بۆ بڕینى قۆناغیکى گرنگ ، لەوە دەرچوە چەند کەسێک بە موڵکى خۆیانى بزانن ، گرنگى ئەم بزوتنەوەیە لەوەدایە بوتە موڵکى گشتى ، واتا هەر تاکێک بە لایەنگر و دژەکانیشەوە بە هیوایەکى گەورەوە سەیرى دەکەن ، وەک جیاکاریەک لە نێوان خراپەکارى و چاکەکارى .... یان بە جۆریکى تر هەڵگرى چەمکى خێرو ڕەحمانە لە بەرامبەر چەمکى شەڕ و شەیتاندا ، کاتێک ئەم وێنەیە دەچێتە لاى تاکێک ئیتر دەبێتە پێوەرێکى گشتى بۆ هیواکان ، بە شێوەیەکى سۆفیانە ، کاتێکیش بە شێوەیەکى بچوک لەم ڕێڕەوە لا دەدات دەبێتە جێگەى هاوارى سۆفیەکان و خزان بەرەو سنورى شەڕ و شەیتان بوون ، بەجۆرێک ئەم هاوارانە پڕن لە زام و ترس ، کە نەبادا ئەم بزوتنەوەیە ببێتە شەیتان ، ئەو کات دنیاى ئێمە خاڵى دەبێتەوە لە ڕەحمان ، ئەم هاوارانە هاوارى دایکێکە بۆ جگەرگۆشەکەى تا بە لاڕێدا نەڕوات ، بە شێوەیەک کە ئەگەر گۆڕان کورپەیەک بێت ئەوا هاوڵاتیان ئەو دایکەیە کە کۆرپەکانى ترى بونە شەیتان و ئەترسێ ئەمیش تحویل بێت بۆ شەیتان ، ئەکرێت بڵێین ئەرکى گۆڕان بریتیە لە ڕاگرتنى ئەم پەیوەنیە و ئەو بەڵێننامەیەى کە لەگەڵ هاوڵاتیان و دایکیدا واژۆى کردوە ، کە نابێتە شەیتان بەردەوام دەبێت لە کارى خێرو چاکەى گشتى ، بۆیە کاتێک ئەندام پەرلەمانەکان خانەنشین دەکرێن بە موچەیەکى زۆر و ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن دەبێتە جێ ى باس و خواستى هاوڵاتیان ، ئەم باس و خواستانە پەیامى ئەو دایکەیە کە ڕۆڵەکەى نەبێتە شەیتان ، هاوارەکانى جۆرێکە لە قبوڵ نەکردن و هەڕشەى دایکى هاوڵاتى بە شێوەیەک کە ئەگەر بەردەوام بێت لەم کارانەى ئەوا ئەم دایکە دەیخاتە خانەى شەیتان بونەوە ... کاتێک هەموو پەرلەمانتارەکان ئەو 49 ملیۆنە وەردەگرن تەنها ئەندام پەرلەمانەکانى بزوتنەوەى گۆڕانە دەکەونە بەردەم لێپرسینەوەى ڕاى گشتیەوە ، بۆ خۆى ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە هاوڵاتى بەرەى شەیتانى دەمێکە بەخشیوەتە جەهەنەم ، دەیەوێت کۆرپەکەى دور بێت لە کردەوەى شەیتانیانە ... جگە لە بزوتنەوەى گۆڕان هیچ یەکێک لە ئەندام پەرلەمانى حیزبەکانى تر نابێتە جێ باسێکى ئاسایى چونکە ئەوان خاسیەت و ماهیەتى خۆیانە کە گەندەڵى بکەن ، بەڵام بزوتنەوەى گۆڕان بەڵێنى داوە کە گەندەڵ نەبێت ، بۆیە قسە و گلەیى و ڕەخنە و توڕەى خەڵکى لە گۆڕان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە نەهێڵن بزوتنەوەى گۆڕان ناشیرین بێت و دور بکەوێتەوە لە دڵسۆزی ، هێندەى قسەکردنە لەسەر نەدۆڕاندنى متمانە و نەڕوخانى هیواى هاوڵاتى هێندە قسە نیە لەسەر 49 ملێونەکە وەک بەهایەکى ماددى ، هێندە هەڵگرى چەمکى مەعنەویە هێندە هەڵگرى چەمکە مادیەکەى نیە ، بۆیە هەموو ئەمانە مایەى دڵخۆشین بۆ بزوتنەوەیەک کە لەسەر ئاستى گشتى لێپرسینەوە و چاودێرى بکرێت ئەگەر بزوتنەوەکە خۆشى دەزگایەکى چاودێرى نەبێت ئەوا هەموو ئەم قسە باس و توڕەبوون و هاوارانە هاوارە بۆ ئەوەى رەحمانیەتى خۆى لەدەست نەدات .

تێبینى:
ئەو هەڵسوڕاوانەى کە موچە بڕاو کران بۆ ماوەى دوو ساڵ 4000 کەس بوون کە مەردانە شانیان دایە بەر دروست بونى قۆناغى نۆى ، ئەوانەشى تا ئێستا موچەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە 300 کەسن , هەموو ئەمانە لە پێناو گەڕانەوەى داهاتى گشتى بووە بۆ هاوڵاتیان ... ناکرێت ئێمە باسى بڕینى موچەى خانەنشینى بکەین و نەتوانین لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە