کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


" چوارێنەکانم "

Wednesday, 19/03/2014, 12:00



بە خوێنی دڵ لە کامی دڵ بە دوورم
تەریدەو مات وریسواو شارە دوورم
هەتا کەی دەردە داروزامدار بم
لە بەر چی وام بە سەرهات هێندە دورم .

شەوورۆژ خەم رەفیقی دڵ دەمێنێ
لە خەم زیاتر نەبو بۆم خەمڕەوێنێ
هەزاران ئافەرین خەم سایە بەرزی
بە چرکە ناڕەوی تا پشت چەمێنی .

وەرە لام دوور مەبە ئەی گیانی گیانان
لە کوشتنم سور مەبە سوڵتانی جوانان
دەزانی تۆی بە تەنیا هەست و هیوام
مەلێکم دێمەوە جێژوانی جاران .

سەری مانگ ئاسمانم ترشە تارە
خەمی دونیا لە ئەستۆی من هەزارە
کە نیوەی مانگ دادێ رونە چاوم
بە مانگی چاردە رووت خەمڵاوە دیارە .

سەرینم بەردە راخەر چقڵی ژینە
لە ئاوردا دەژیم مەرگم کەمینە
بەتەنیا بەندی زولف وبسکی تاتام
وەکو مە م هەڵوەدا ئاشق بە زینە .

برینی رۆژگار جەستەی بڕیوم
برینی تۆش هەناسەی هەڵچنیوم
لە نێوانی دووبەر داش گیرو وێڕم
وەکو دارێک لقو پۆی هەڵوەریوم.

وەکو دارێک کە دەورەم ئاگری سورە
وەکو تینوو لەئاویش رێگەکم دوورە
وەکو باڵندە یەک تەنیا وبێ لان
لە سەحرای ژین تەنێ مەرگم حوزورە .

هەزاران یار لە دونیادا هەبێ گەر
بە تەنیا هەر ئەتۆ شۆخی ودڵبەر
لە دونیای دیش ئەگەرگیان بێتە جەستەم
لە تۆ زیاتر نییە بۆم بێتە لەمپەر .

وەکو شوانێک بڵاو بێ مێگەلی وی
هەراسان ولە یاوبێ چوارپەلی وی
دەسوتێمو دەتاوێم بێ وچان من
لە کەکرەش تاڵترە خۆدەردی بێ وی

ئەگەر دەردی دڵم بخرێتە بەر چاو
دەچڕژێنێ زەوی هەر وەکو لافاو
وەها دەردێک دەڵێی شێر پەنجەئاسا
بە مەرگم ڕێ دەدا ژین بۆتە تاڵاو .

بەیانان دیدەکانم پڕ لە ئەسرین
لە ئاهم چەرخی گەردون دێتە ناڵین
لە بەر فرمێسکی چاوو ئاوی دیدەم
سەراسەر چێ دەبن رووباری خوێنین .

ئەوینداران بە سۆزی دڵ دەسازێن
ئەوانەی مەی زەدەن جامێک هەڵاوێن
بە تەنیا من نەبێ چاوم لە تۆیە
وەرە لێن زیزمە بە دەستم بە داوێن .

دەزانی بێ تۆ ناژیم چم بەسەر دێ
لە ڕێی ئەشقو ئەوین ناگەمە سەرجێ
وەرە با دەردی دڵ واڵا بێ واڵا
نەکا مەرگم لە رێ بێ گیانم دەرچێ .

وەرە حاڵم ببینە تاوێ دڵبەر
هەزاران زام لە جەستەم بۆتە نەشتەر
شەوورۆژگاری تۆ هەر گوڵ چنینە
منیش سەیوانی خەم بانە لەسەر سەر .


جەعفەر/ کەریمی
تورکو/ فەنلەند
١٩٩٧ ی/زایینی








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە